هاوکات لەگەڵ فێستیڤاڵێکی حکوومەتی بە بۆنەی چل و چوارەمین ساڵیادی هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناسراو بە "دەیەی فەجر"، فەرماندەی گشتیی ئەرتەش و فەرماندەی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێوڕەسمێکی تەبلیغاتیدا سەردانی پێگەی ژێرزەمینیی هێزی ئاسمانیان کرد. لەم ڕێوڕەسمەدا سەرلەشکەر باقری بە ئاماژەدان بە ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل، دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران، ئیسڕائیل و هەروەها ئەو وڵاتانەی یارمەتیی دەکەن دەکرێنە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەمە نۆزدەهەمی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ ڕۆژێک کە لە تەقویمی کۆماری ئیسلامیدا بە ڕۆژی هێزی ئاسمانی ناودێر کراوە، محەمەد باقری، فەرماندەی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرلەشکەر مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردانی پێگەی ژێرزەمینیی "عوقاب ٤٤"ی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشیان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران، باقری بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەمەی کە عوقاب ٤٤ یەکێک لەو چەند پێگە ژێرزەمینییەی ئەرتەشە وتی: "ئەم پێگەیە لە ژێر ڕیزێک شاخدا هەڵکەوتووە کە هیچ بۆمب و چەکێک کاری تێ ناکات و توانای پاراستنی چەک و جبەخانە ستراتێژیکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی هەیە و دەبێتە هۆی بەرز کردنەوەی توانای ئۆپێراسیۆنی هێزەکان بۆ سەرکوتی دوژمنان."
"ئیسنا" نوسیویەتی، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەم سەردانەدا وتی: "لێپرسراوانی ئەم ڕژیمە (ئیسڕائیل) دووبارە کۆمەڵێک هەڕەشەیان لە کۆماری ئیسلامی کردووە، هەڵکەوتەی ئیسڕائیل لە وڵاتی ئێمەوە دوورە و لێپرسراوانی ئەم ڕژیمە دڵیان بە وەرگرتنی ئێنێرژیی فڕۆکەکانیان لە ئاسماندا خۆش کردووە کە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ کردنە ئامانجی فڕۆکەکانیان. هەروەها هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێگەکانی دەوروبەری وڵاتەکەی ئێمە کە لە لایەکیترەوە ڕێچکەی ئاسایی کردنەوەی ناپاکیان لە جیهانی ئیسلام گرتۆتە بەر، وڵاتەکەمان بکەنە ئامانج، بەبێ ئاگاداری لەم پرسە لە بواری ستراتێژیک و ڕێنوێنییە ئۆپێراسیۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕەچاو کراوە و هەموو فەرماندەکان ئەمە دەزانن، ڕاهێنانیان کردووە و لە مانۆڤرەکاندا، ئەمە جێگیر بووە کە ئەگەر پێگەیەک لە وڵاتێکەوە لە هەر شوێنێکی جیهانەوە هێرش بکاتەسەر کۆماری ئیسلامی، جگە ڕژیمی سەهیۆنیستی، ئەو پێگەیەی کە دەسپێکی جووڵەی ڕژیمی سەهیۆنیستییە، ئەویش دەکرێتە ئامانجی قورسی هێرش."
ئەم هەوڵە پرۆپاگانداییە حکوومەتییە دوای ئەوە دەدرێت کە حەوتووی ڕابردوو، دامەزراوەکانی وەزارەتی بەرگری لە ئیسفەهان کرایە ئامانجی سێ درۆن و تەقینەوەی گەورە لەم ناوەندەدا ڕووی دا. بەرپرسانی ئێران ئیسڕائیلیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجام دانی ئەم هێرشە و سەفیری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا جگە لە بەرپرس زانینی ئیسڕائیل بۆ ئەم هێرشە، وتی: "ئێران مافی وڵامدانەوەی بەم هێرشەی هەیە."
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران، پێگەی ئاسمانیی عوقاب ٤٤ی ئەرتەش توانای وەرگرتن و تەقاندنی هەموو جۆرە فڕۆکە و هەروەها درۆنی بێسەرنشینی ئاسمانیی ئەرتەشی هەیە.
محەمەد باقری لە حاڵێکدا پەردەی لەسەر ئەم پێگە سەربازییە بۆ هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی هەڵداوەتەوە و باسی بەهێزیی ئەرتەش دەکات کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لە لاوازترین هێزە ئاسمانییەکانی ناوچەکە و لە مێژ ساڵە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی وەک کەمیی تەکنۆلۆژیا، درۆن و هێزی پسپۆڕدا بەرەو ڕووە.
تێبینییەکەت بنووسە