تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر کۆلبەران لە پارێزگای کوردستان قوربانییەکی دیکەی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی مافی مرۆڤی کورد، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی کوژرا.
ماڵپەڕی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە ئەم کۆڵبەرە لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە و لە سەیتەری پشکنینی "خوورییئاوا" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان دراوە لەسەری و کوژراوە.
هەروەها کوردپایش لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی "هۆشیار ئەمینی دۆسینە" لە حاڵێکدا لە لایەن هێزەکانی سەر سنوورەوە تەقەی لێ کراوە کە هیچ بارێکی پێ نەبووە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕۆژی هەینی ١٣ی گەلاوێژ لە نەخۆشخانەی سەلحەدین ئەیوبی ئەم شارە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کۆڵبەران بە "قاچاخچی" ناودێر دەکات ناوە ناوە هەواڵی تەقە لێ کردنیان لە میدیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارێک کە ئاژانسی هەواڵی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ تا کۆتایی ساڵی ١٤٠١، بە گشتی ١٩٥٦ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.
تێبینییەکەت بنووسە