ئانیشا ئەسەدوڵاهی، مامۆستا، چالاکی کرێکاری و وەرگێڕی فەرمی سەندیکای کرێکارانی ئوتوبوسڕانی و زیندانی سیاسی، بە هۆی وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" مافی چاوپێکەوتنی لێ زەوت کرا.
شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی یەکشەمە ٥ی گوڵان ڕایگەیاند کە خاتوو ئانیشا لە دوو حەوتووی ڕابردووەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی بەندی ژنانی ئێڤین بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسەوە لە بەشی هەواخۆری زیندان کۆ بوونەتەوە وبۆ پشتیوانی کردن لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بەندکراو و ناڕازیانی دەستگیر کراو لە پێوەندی بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ دروشمی "ژن، ژیان، ئازاد"یان وتەوە.
دوای ئەم هەوڵە ناڕەزایەتییە، لەم حەوتووەدا خاتوو ئانیشا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هاوسەرەکەی کەیوان موهتەدی، بەپێچەوانەی ڕێسای زیندان بێبەش کراوە.
بەڕێز موهتەدی بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە ڕێکخراوە سەربەخۆ پیشەییەکان سزای پێنج ساڵەی زیندان تێپەڕ دەکات و هەروەها ئەنیشا ئەسەدوڵاهی لە سەرەتای مانگی گەلاوێژدا بۆ تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگەکەی خۆی چووەتە زیندانی ئێڤین.
دادگای شۆڕشی تاران ئەم وەرگێڕەی بە تۆمەتی "کۆ بوونەوە و هاوکاری" بە دژی کۆماری ئیسلامی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و بۆ تۆمەتی "تەبلیغ بە دژی سیستم" بە هەشت مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە و ئەم بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوەدا، پشتڕاست کرایەوە.
هەروەها ئانیشا ئەسەدوڵاهی پێشینەی دەستگیری و زیندانی هەبووە. ئەو دوایین جار لە ڕۆژی ٩ی گوڵانی ئەم ساڵدا لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی کرێکاری لە ماڵی محەمەد حەبیبی، مامۆستای زیندانی، دەستگیر کرا.
تێبینییەکەت بنووسە