فەرمانداری سەقز ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە حاڵێکدا هەواڵی بەڕێوەچوونی جەژنی سەرکەوتنی خۆڕاگریی لە بۆلڤاری ئەرتەش ڕاگەیاند، کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی کوشتنی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، ئەم بەشەیان بە قەدەغەکراو ڕاگەیەندبوو.
لە تاران و بەشێک لە شارەکان هێرشی هێزەکانی ناسراو بە خۆڕاگریی غەزە بۆ سەر ئیسرائیل، شایی و خۆشیی لایەنگرانیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە و ئەوان ئەم هێرشەیان بە سەرکەوتنی میحوەری خۆڕاگری ناودێر کردووە. بەرپرسانی حکومەتی هەوڵیان دا ئەم چالاکییە لە هەندێک شاری دیکە لەوانە سەقز وەک خۆیان دەڵێن جەژنی سەرکەوتن بگێڕن، هەر بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک پووستەر و تابلۆیان بۆ کۆ بوونەوەی لایەنگرانیان لە ناو شاردا بڵاو کردۆتەوە.
ئەم هەوڵە کاردانەوەی هاوشاریانی لێکەوتۆتەوە، ئەوان دەڵێن هەموو شتێک بۆ حکوومەت و لاتەنگرەکانیان ئازادە و هەموو ڕێگاکان بۆ ئەوان کراوەیە، بەڵام بۆ خەڵکی ئاسایی جەژن و خۆشی ئازاد نییە، بەڵکوو ڕێگاکانی پرسە و بەڕێوەبردنی ساڵوەگەڕیان داخستووە.
بۆلڤاری ئەرتەش کە وەک شوێنی کۆ بوونەوەی ئەم جەژنە حکوومەتییە دیاری کرابوو، لە سەرووی مەیدانی زیندان دایە و دەگاتەوە بە گۆڕستانی ئایچی، بەڵام جگە لە چەند ئوتۆمبێلی هێزی ئینتیزامی و سپا و ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەم ناوەندانە، کەسێکی دیکە پەیوەست نەبوو بەم جەژنەوە.
لە ڕۆژی شەمە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵوەگەڕی ژینا ئەمینی، خەڵک و بازاڕیانی شاری سەقز مانیان گرت و هاوکات حکوومەتیش لە حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراودا، مەیدانەکان و ڕێگا سەرەکیەکانی هاتوچۆی داخستبوو، یەکێک لەم ڕگانە، بولڤاری ئەرتەش بوو کە لە مەودای نێوان زیندان و ڕێگای سەقز-بانەدا هەڵکەوتووە و کۆتاییەکەی دەگاتەوە بە گۆڕستانی ئایچی.
لەم ڕۆژەدا "فەردین جەعفەری" خەڵکی گوندی ئیسلامئاباد [لە دوو کیلۆمەتری سەقز]، لە کاتی گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە سەری دەکرێتە ئامانج و ئێستا پاش ٢٢ ڕۆژ لە دۆخێکی ناڕووندا بەسەر دەبات.
تێبینییەکەت بنووسە