هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی "حالوەش"، کە هەواڵەکانی تایبەت بە سیستان و بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، باسی لە پشتڕاست کردنەوەی ناسنامەی ٤٧ کەس لە هاوڵاتیانی دەستگیر کراوی ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی کردووە.
ئەم هەواڵدەرییە هەورەها ڕایگەیاندووە کە لە ناو ئەم هاوڵاتیانەدا کە ناسنامەکەیان پشتڕاست کراوەتەوە، دوازدە منداڵیش دەستگیر کراون. ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی زاهیدان کە بە "هەینییەکانی ناڕەزایەتی" ناوبانگی دەرکردووە، هەینی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ و دوای وتاردانی ڕەخنەیی مەولەوی عەبدولحەمید دەربارەی سیاسەتی هەڵاواردنی حکوومەت سەبارەت بە ئەهلی سونەتی ئێران، بە ئامادە بونی خەڵک لەم شارەدا درێژەی پەیدا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان لە سەر لە بەیانیی هەینییەوە بە پلان و بەرنامەی پێشوەختەوە لەو خیابانانەی کە دەچنەوە سەر موسەلا و مزگەوتی مەکی ئامادە بوون و دوای داخستنی ڕێگاکان و دەست پێکردنەوەی ناڕەزایەتیی هاوڵاتیان، هێرشیان کدرۆتە سەریان و زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی کە منداڵ و کەسانی تەمنداریشیان تێدا بوە، بە کوتەک و لیدان دەستگیر کردووە.
دەستگیر کردنی یەکێک لە مامۆستاکانی مزگەوتی مەکی
حاڵوەش هەروەها لە درێژەی دەستگیر کردن و سەرکوتی هاوڵاتیان لە ڕۆژی هەینیی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا، باسی لە دەستگیریی یەکێک لە مامۆستاکانی دارولعلوومی مزگەوتی مەکیی زاهیدان لە لایەن هێزەکانی ئینتزامییەوە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، "مەولەوی ئەکبەر بیدێل"، هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێ بوونی مامۆستاکانی مزگەوتی مەکی لە زاهیدان دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر دەستگیری و شوێنی ڕاگرتنی ئەم مامۆستا ئاینییە لە بەردەستدا نییە.
لە درێژەی سەرکوت و دەستگیریی تووندئاژۆیانەی هاوڵاتیانی بەلووچ دوای وتاردانی ڕەخنەگرانەی مەولەوی عەبدولحەمید، کۆمەڵەی مامۆستایانی دارولعولوومی زاهیدان، ڕۆژی شەمە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە، "گەمارۆدانی هەمو حەوتوویەکی موسەلا، مزگەوتی گشتیی مەکی و دارولعلوومی زاهیدان" و "دەستگیریی بەرینی خەڵک" لە لایەن هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد.
لەم ڕاگەیەندراوەدا کە ئاماژەی داوە بە سەرکوتی بەرینی ڕێپێوانی ئاشتیانەی نوێژخوێنەکانی زاهیدان و هاتنی نایاسایی و ڕێگەپێ نەدراوی هێزە حکومەتییەکان بۆ یەکەکانی نیشتەجێ بوونی مامۆستا ئایینییەکانی دارولعلوومی زاهیدان و دەستگیر کردنی تووندئاژۆیانەی ژمارەیەک لە مامۆستاکانی ئەم دارولعلوومە، هاتووە: "بڕیاردەران و بکەرانی هەینیی خوێناویی زاهیدان هەوڵیان دا لە ڕێگەی هاندان و سازدانی گرفت و کیشەی تازەوە، کێشەکە و ستەمی مێژوویی بە دژی ئەم شارە فەرامۆش بکرێت."
کۆمەڵەی مامۆستایانی دارولعلوومی زاهیدان هەروەها نووسیویەتی: "نەک هەر دادگاییەکی دادپەروەرانە کە ببێتە کۆی ئارام کردن و دڵدانەوەی بنەماڵەی شەهیدەکان و بریندارەکان و جەماوەری خەڵک ی زوڵملێکراو بەڕێوە نەچووە، بەلکوو بە پێچەوانەوە، زۆربەی خەڵک و ئەو لاوانەی کە لە پێوەندیدا بەم بابەتەوە داخوازیان هەیە و ناڕازین، چەندین مانگە لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەرن."
٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، کاتێک کە ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرەو هەمو شوێنێکی ئێران پەرەی دەستاند، ژمارەیەک لە خەڵکی زاهیدان دوای نوێژی هەینیی ئەهلی سونەت لە مزگەوتی مەکیی ئەم شارەدا، بە نیازی بەڕێوەبردنی گرد بوونەوەیەک بوون لە ناڕەزایەتیدا بە "دەستدرێژیی ئیبراهیم کووچەک زایی، فەرماندەی ئینتزامیی چابەهار بۆسەر کچێکی لاوی بەلووچ" کە هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان لە ناو کەڵانتەرییەوە دەستیان کرد بە تەقەی ڕاستەوخۆ لەم ناڕازیانە و لانیکەم ١٠٠ کەس لە خەڵک لەم تەقە کردنانەدا کوژران.
تێبینییەکەت بنووسە