بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە دەست "ئێران وایەر" گەیشتووە، پاش کۆچی دوایی "تاهیر خەلیلی"، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی بۆکان لە ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی خەڵکی شارەکانی بۆکان، بانە، سەردەشت، مهاباد، سەقز، پیرانشار و هتد ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی ڕێزگرتن لە یادی ئەم هونەرمەندە لە شاری سەردەشت بەڕێوە برد.
ئەم هونەرمەندانە لەم ڕێوڕەسمەدا چەند سروودی حەماسیی تاهیر خەلیلیان بە شیوەی دەستەجەمعیی خوێندەوە. سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێرانوایەر دەڵێن کە ڕۆژی پێنج شەمە ٩ی سەرماوەز، کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک لەم هونەرمەندانەی لە ڕێگەی هەڕەشە کردن و ترساندنەوە، لە ڕێوڕەسمێکدا ناچار کردووە سروودە حکوومەتییەکان بخوێنن.
ئەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی کە لە ژێر ناوی "ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە حەوتووی بەسیج و شەهیدانی سەردەشت بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کوردستان" بەڕێوە چووە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتۆتەوە.
تاهیر خەلیلی خەڵکی بۆکان بوو و ڕۆژی یەکشەمە ٥ی سەرماوەز لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەم هونەرمەندە ناسراوە لە تەمەنی هونەریی خۆیدا زیاتر لە پەنجا گۆرانی و سروودی نیشتمانیی تۆمار و بڵاو کردەوە و بە سروودی "لە قەندیلی سەربەرزەوە" ناو و ناوبانگی دەرکرد.
تێبینییەکەت بنووسە