ناوەندی ڕاوێژکاری و ڕاهێنانی یاسایی دادبان، ڕۆژی دوشەممە ٢٣ی بەفرانبار بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی موجاهید کورکور هۆشداریدا.
بە گوتەی دادبان، سزای لە سێدارەدانی موجاهید کورکور لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و دراوەتەوە ناوەندی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی ئەهواز.
ئەو دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها دەڵێت کە موجاهید کورکور لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە و لەو کاتەوە کە دەستبەسەر کراوە، لە بەندی تاکە کەسی دایە.
موجاهید کورکور، ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو و دووابەدووای ڕووداوە خوێنینەکانی ٢٥ی خەزەلوەری شاری ئیزەی خوزستان، لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیزەوە بە "تەقەکردن بە چەک"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "خەسار گەیاندن بە سلامەتی گیانیی حەوت کەس، لەوانە کیان پیرفەلەک" تۆمەتبار کراو. لە بەهاری ئەمساڵدا دەستەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاند کە موجاهید کورکور بە تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەک، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی کیان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئەو بە بکوژی کوڕەکەیان نازانن و تاوانی کوشتنی ئەویان خستووەتە پاڵ هێزە ئەمنییەکان.
تێبینییەکەت بنووسە