بەپێی هەواڵی ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ناوچەی سنووریی سەرداوی بانە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵان بە ناوی "سەیوان سەحیحی" گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆڕتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی سەرداوی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە بە هۆی ئەم دەسڕێژەوە کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی سەیوان سەحیحی پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە ٢٠ ساڵەیەی خەڵی گوندی بلکەی بانە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.ئاژانسی هەواڵی کوردپا و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش کوژرانی ئەو کۆڵبەرەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی ئامارەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگی ڕابردوودا چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرگووشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.
تێبینییەکەت بنووسە