close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
کوردستان

مامۆستایەکی کورد بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" سزای لە‌سێدارەدانی بەسەردا سەپا

۲۲ ڕێبەندانی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینی کورد سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا
محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینی کورد سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کورد، کە لە گەرمەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی‌دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئێرانەوە دەست‌بەسەرکرابوو، لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، "زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات" و "بانگەشەی دژ بە حکومەت" سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دادگای مامۆستا خزرنژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی تۆمەتبار و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری وورمێ بەو تۆڕەی گوتووە کە "محەممەد خزرنژاد لە ماوەی دەستبەسەربووندا ٣ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و بە زۆر گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە دانپیانانەکانی هەڵگرتووە و وەک بەڵگە لەسەر دۆسیەکەیان داناوە. ئەم مامۆستایە هێندە قورس ئەشکەنجە دراوە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاسەواری ئەشکەنجەکان بەسەر لەشیەوە دیار بوو."

ئەم مامۆستا کوردە لە کاتێکدا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپە مەزهەبییە توندڕەوەکاندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە کە هەمیشە لە وتار و ئاخافتن و بایاننامەکانیدا ڕەخنەی لە هەرچەشەنە توندڕەوییەکی مەزهەبی گرتووە و بەردەوام پێداگریی لەسەر لێکبوردن و ئاسانگیریی ئایینی کردووە.

محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان دەستبەسەر کرد کە دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکاندا وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد. ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

هەروەها لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١دا بەیاننامەی ٢٦٦ مامۆستای ئایینیی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی جەماوەری و شەرمەزارکردنی سەرکوتی توندوتیژی خەڵک لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە بڵاو کرایەوە کە مامۆستا خزرنژادیش یەک لە واژۆکەرانی بوو.

لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، وترابوو: «ئێمە وەک کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننەی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و کوشتاری خۆپیشاندەران بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی هەموو خەڵکی بوێر و ستەملێکراوی ئێران دەکەین».

مامۆستا خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریاندا بهێنێت.

تێبینییەکەت بنووسە

ژنان

وریشە مورادی تۆمەتی "بەغی"ی ڕووبەڕوو کرایەوە

۱۹ ڕێبەندانی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
وریشە مورادی تۆمەتی "بەغی"ی ڕووبەڕوو کرایەوە