بەپێی ڕاپۆڕتی سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "موستەفا زاهیرزوهوور" و "حامید ئەمینی" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شارەکانی سنە و مەریوان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بە گوتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موستەفا زاهیرزوهوور، چالاکی مەدەنی و شاخەوانی خەڵکی سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم چالاکوانەیان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی حامید ئەمینی، هاووڵاتیی دانیشتووی گوندی "لەنجئاوا"ی مەریوان و دوای پشکنینی ماڵەکە و دەستگرتن بەسەر مۆبایلەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا، ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.
دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی ساختەبوونی تاپۆی ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتییەوە ماڵەکەیان گەمارۆ داوە و پاشان هەڵیانکوتاوەتە سەریان. ئەم هێزانە کە دەموچاوی خۆیان داپۆشیبوو، سەرەتا منداڵێکی بچووکی بنەماڵەکەیان بە بارمتە گرتووە و دوای دەستبەسەرکردنی حامید ئەمینی منداڵەکەیان ئازاد کردووە.
لە ڕۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی گرتن و بانگهێشتی چالاکڤانانی کورد دەستی پێکردووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری نیگەرانی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ.
تێبینییەکەت بنووسە