حەوت کەس لە چالاکڤانانی مەدەنی ئازەربایجانی کە لە چەند شاری جیاواز لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکران و بۆ زیندانی ئەوین گواستراون، ئەگەرچی سێ هەفتە لە دەستبەسەرکرانیان تێدەپەڕێ تا ئێستا هیچ زانیارییەک بە نیسبەت چارەنووسیان لەبەر دەست نییە.
کاربەدەستانی دەستەڵاتی داد و زیندانی ئەوینی تاران، لە وڵام دانەوەیەکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانە خۆ دەبوێرن.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە "ئێران وایر"، لە ڕۆژانی ۱۶ و ۱۷ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۴۰۲ی هەتاوی، "مورتەزا پەروینجودا" ، "سەعید دۆستان" ، "کەرەم مەردانە" و "ئایدین محەممەدی" لە ئەردەبیل، "سالار تاهیر ئەفشار" لە ورمێ، "ودود ئەسەدی" لە ڕەشت و "سەعید مینایی" لە بناو، لە لایان هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەرکران و بۆ گرتووخانەی ئەم ناوەندە هەواڵگرییە لە زیندانی ئەوین گواستراونەوە.
ئەم چالاکڤانه مەدەنییە تورکانە، لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە لە هەبوونی پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەش بوونە. تۆمەتی ئەم شارۆمەندانە " کۆبوونەوە و دەستبەیەکی کردن بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی دژی ئاسایشی نیشتمانی" ڕاگەیەندراوە.
لەم ماوەیەدا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان، کاربەدەستەکانی زیندانی ئەوین و دادسەرای ئەو زیندانە، لە وڵام دانەوەیەکی ڕوون سەبارەت بە دوایین بارودۆخ و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو کەسانە خۆ دەپارێزن.
مورتەزا پەروین، ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی لە ئەردەبیل، بە تەلەفۆن بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەوینی تاران. ئەوە لە کاتێک دایە کە دووای ئەوەی باوکی ناوبرا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی کوڕەکەی دەچێتە زیندانی ئەوین، بەرپرسانی ئەو زیندانە هاشایان لێکردووە.
دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییانە شەپۆلی دووەمی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی چالاکانی مەدەنی ئازەربایجانە کە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد.
لە شەپۆلی یەکەمی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی ئازەربایجانیدا "ئارمیتا پاویر"، "ڕۆیا زاکەری"، "مۆرتێزا نورمحەمەدی"، "داوود شیری"، "عەلی بابایی"، "ئەمیر حۆسەینئاقایی"، "محەمەدڕەزا مۆوەحێد"، "ئازار ئیبراهیمزادە"، "جەواد سودبەر" ، "مێهرداد قادری"، "حوسێن ئازادی"، "ئیبراهیم عەوەززادە"، "سابیر حوسێنزادە"، "ناسر ڕەزمجۆ"، "ئایەت (یوروش) مێهرعەلی بیگلۆ"، "حەمید یەگانەپوور"، "ئیبراهیم ڕەشیدی" و... .. لە شارەکانی تاران، تەورێز ، ئەردەبیل، سوفیان، گرێگەر و مێشگینشار دەستبەسەر کران.
ژمارەیەک لەو کەسانە لە ئێستادا ئازاد کراون، بەڵام ئایەت مێهرعەلی بیگلۆ و ئیبراهیم ڕەشیدی هێشتا لە زیندانی تەورێز و مێشگینشەهر دەستبەسەرن.
تێبینییەکەت بنووسە