مامۆستا "حەسەن جەنگخا"، مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس کە لەم دوایییانەدا سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ (٢٩ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، مامۆستا حەسەن جەنگخا، دانیشتووی گوندی "حەوت خان" سەر بە شاری سەڵماس، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای ئەو شارە، دەستبەسەرکرا و بە مەبەستی تێپەڕکردنی سزای ٧ ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوە.
مامۆستا حەسەن جەنگخا، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی لقی ئورمیە، سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو پێشتر لە ماوەی یەک حەفتە دەستبەسەربوونیدا، بە هۆکاری وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێپرسینەوەی لێکراوە.
مامۆستا حەسەن جەنگخا، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩، لە کاتی سەفەرکردن بۆ گوندی دزێی مەرگەوەڕ لە ئورمیە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.
ئەو مامۆستا کوردە، لە ئاکامدا دوای یەک حەفتە دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
تێبینییەکەت بنووسە