ڕۆژنامەی جیهانی سەنعەت لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە زیاد بوونی نرخی نان لە هەندێک لە پارێزگاکان بە ئاماژە کردن بەو بڵێنەی ئیبراهیم ڕەیسی کە لە "ساڵی نوێدا هیچ گران نابێت" نووسیویەتی: "لە مێژە کڕینی نیوە نان پەرەی سەندووە. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا بە هۆی گران بوونی ئارد و نان، دەبێت چاوەڕێی شەپۆلی نوێی بەرز بوونەوەی نرخەکان بین؟"
گرانیی تێچووی خۆراک، بۆتە هۆی ئەوەی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتیانی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بچووکتر بێتەوە. سەرەتا خەڵک کاڵایەکی وەکوو گۆشت، مریشک، ماسی، شیرەمەنی، میوە و کەم کەم دانەوێڵەکانیان لە سەفرەکانیان لابرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ زیاد بوونی نرخی ئارد، کاڵایەکی وەک نان، شیرینییەکان، ماکارۆنی و… گران دەبێت.
سەرۆکی یەکێتیی نانەواخانەکانی سەنگەکی، لە سەرەتای خاکەلێوەی ١٤٠٢دا وتی بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی ئابووری و بەرز بوونەوەی نرخی نان، لە ساڵی نوێدا نانەواییەکان دادەخرێن.
نانەواکان لە ساڵی ١٤٠١دا نەیانتوانی خشتەی تازەی نرخی نان وەربگرن لە حاڵێکدا بە وتەی محەمەد سولەیمانی، "تێچووی نانەواخانەکان تەنیا لە حەقدەستی کرێکاراندا لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لە سەدا ١٠٠ زیادی کردووە."
ئەم کاربەدەستەی یەکێتیی نانەواخانەکانی ئێران وتوویەتی کە جگە لە داخرانی نانەواییەکان یان زیاد بوونی نرخی نان ڕێگە چارەیەکی دیکە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە نییە.
سەرۆکی یەکێتیی نانەواخانەکانی سەنگەکی لە وتووێژێکدا کە لەگەڵ ئیلنا کردبووی وتبووی لە سەدا ١٥ی نرخی نانی سەنگەکی، ئارد دیاری دەکات و لە سەدا ٨٥ی تیچووەکانی نانەواییەکان لە گیرفانی خۆیان دەدرێت.
بە وتەی ئەم بەرپرسەی یەکێتیی نانەواخانەکان، لە وەها دۆخێکدا هیچ ڕێگەیەک نەبوو بۆ ئەوەی نانەواخەکان درێژە بە کارەکانیان بدەن جگە لە "کەمتر فرۆشتن یان گرانفرۆشی" و "یەکێتییەکەش توانایی ئەوەی نەبوو نانەواکان ڕازی بکات هەر بە نرخی ١٤٠٠ نان بفرۆشن."
دوا بە دوای ناڕەزایەتی بەرینی نانەواخانەکان لە ئەنجامدا حکوومەت نرخی نانی زیاد کرد.
لەگەڵ بەرز بوونەوەی نرخی نان بەشێک لە هاوڵاتیان ڕوویان کردۆتە کڕینی نیوە نان تا وەک سەرەکیترین بەرهەم لەم ڕێگەیەوە بتوانن هەرچەندە کەمیش بێت پشکی نان لە سەبەدەی خۆراکیاندا بهێڵنەوە.
ڕۆژر هەینی ۱۳ی گەلاوێژی ۱٤۰۲، هەواڵی گرانتر بوونی نان لە ۱۳ پارێزگا لە میدیاکانی ئێران کاردانەوەی لێ کەوتەوە.
وەزیری ئێران لە ۱۱ی گەلاوێژ، گران بوونی نانی ڕەت کردەوە، بەڵام ڕۆژێک دواتر میدیاکانی ئێران لە زمانی محەمەد بەرزعەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی گوڵستان، نووسیویەتی: "لەمە بە دواوە، نرخی نانی سەنگەکی بە کێشی ٦۰۰ گرەم هەر یەک دانەی بە ۹ هەزار تمەن، و بەڕبەڕی بە کێشی ٥۰۰ گرەم یەک دانەی بە ۷ هەزار و ٥۰۰ تمەن و تافتۆن بە کێشی ۲۰۰ گرەم یەک دانەی بە ٤ هەزار تمەن دەبێت."
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نان، هەواڵەکانی دابەزینی کڕیارانی خواردنە خێراکان، مارکێتەکان و بابەتی پرۆتینی دیکە لە هەوڵدەرییەکانی ئێراندا بڵاو کرایەوە.
ئیلنا نووسیویەتی، لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە هاووڵاتیان لە جیاتی ئەوەی بچنە چێشتخانەکان ڕوویان لە خواردنی هەرزان و هەندێک جاریش کوالیتی نزم کردووە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر تەندروستی و سڵامەتیان و جێگەی لێکۆڵینەوەیە.
محەمەدڕەزا ئەحمەدپەنا، جێگری سەرۆکی ژووری ئەسنافی فارس و سەرۆکی یەکێتیی پیتزا و چێشتخانەکانی شیراز، دەڵێت کە کڕیارانی ئەم بەشە یەک لەسەر سێ کەمی کردووە و هاوڵاتیانی ئەم شارە زیاتر خۆراکی هەرزان وەکوو کوتلێت، فەلافل، هێرەڵماسی و سالاد دەخۆن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی مادە خۆراکییەکان لە هەموو وڵات لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ٦٥.٧٪ بووە. ئەم ڕێژەیە بۆ کەلوپەل و خزمەتگوزارییە غەیرە خۆراکییەکان بە ٣٩.٣٪ بەراورد کراوە و ئەمەش بەو مانایەیە کە تێکڕای نرخی سەبەتەیەکی دیاریکراو لە شتومەکی خۆراکی لە ساڵێکدا تا پووشپەڕی ١٤٠٢ لە ٦٥.٧٪ زیاتر لە تێکڕای نرخی هەمان شتومەک لە ساڵی ۱٤۰۱دا تا مانگی پووشپەڕ بووە.
لێکۆڵینەوەی ئامارەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی ئێران کارەساتێکی گەورە بە ناو هەژاری ڕها نیشان دەدات. بۆ نموونە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی مادە خۆراکییەکانی پارێزگای ئیلام لە پووشپەڕی ۱٤۰۲ گەیشتووەتە ۷۱.٤٪. کە بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران زیاترین گرینگی لە بەشی مادە خۆراکییەکاندا هەیە کە ٣٩.٨٦٪ بووە. ئەمە دەریدەخات زیاترین داهاتی هاوڵاتیانی ئیلام بۆ بەشی خۆراک خەرج دەکرێت.
بەپێی گرینگی کاڵا خۆراکییەکان لە دوای ئیلام پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری و خوراسان بە ۳۹.٦٤ و ۳۹.۹٪ دووهەمین و سێهەمین پارێزگای ئێران بوون.
لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ڕێژەی هەڵاوسانی بەشی خۆراک لە پارێزگاکانی لۆرستان، خوراسانی باکوور، ئیلام و یەزد زیاتر لە ٧٠٪ بووە.
تێبینییەکەت بنووسە