close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
هەواڵ

ئەنجومەنی سەوزی چیا؛ دارستانەکانی مەریوان لە ئاگرێکی جەهەنمی‌دا دەسووتێن

۱۴ گەلاوێژی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
ئەنجومەنی سەوزی چیا؛ دارستانەکانی مەریوان لە ئاگرێکی جەهەنمی‌دا دەسووتێن

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا دارستان و لەوەڕگەکانی زیاتر لە ١٣ گوندی مەریوان، ئاگریان تێ بەر بووە و لە ئاگاردا دەسووتێن.

"ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان، لە ڕاگەیەندراوێک‌دا کە ئەمڕۆ شەمە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە کەناڵی تێلێگرامییەکەی خۆی‌دا بڵاوی کردۆتەوە، بەرینی و ڕووبەڕی ئەم ئاگرکەوتنەوەی بە "جەهەنەمی" وەسف کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ناوەندە سەربەخۆ مەدەنییە، لە ئێستادا ئاگرگەوتنەوەکە لە دارستانی گوندەکانی "دەرەوەران"، "کیکن"، "نەچێ"، "هەنجیران"، "مڕانە"، "بایەوە"، و "کولیت" هەر تەشەنە دەستێنێت و بە پەنانی گەورەتر بەرین تر دەبێتەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆی‌دا بە ئاماژەدان بە هەوڵی شەو و ڕۆژیی تیمەکانی فریاکەوتنی جەماوەری و چالاکانی ژینگەپارێز بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکە، نووسیویەتی: "ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و خوبەخشەکان، ٤٨ کاتژمێرە نەخەوتوون و بە دژی ئاگرەکە وەستاونەتەوە."

ئەم ناوەندە جەماوەرییە، هەروەها جگە لە داخوازیی یارمەتیدانی جەماوەری لە خەڵکی ناوچەکە لە ڕاگەیاندنەکەی خۆی‌دا نووسیویەتی: "ئەم تیمانە ماندوو، برسی، تینوون و پێویستیان بە خەو و پشودان هەیە. ڕۆژ، ڕۆژی هیمەت و ئیرادەیە. هەر کەسێک چەندە دەتوانێت نابێت درێغی بکات، ڕێگە مەدەن ئەم ڕۆەمان لێ ببێتەوە حەسەرەت و داخ."

"ناجی کانی سانانی"، چالاکی ژینگەپارێز و لێپرسراوی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی‌دا کە ئەمڕۆ شەمە چواردەی گەلاوێژ لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی ئەم ناوەندە مەدەنییەدا بڵاو بۆتەوە، هەروەها باس لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تەنیشت گەڕەکی "کوورەی مووسەوی"ی مەریوان دەکات.

ئەم چالاکە مەدەنییە بە ئاماژەدان بە بەرین بوونەوەی بڵێسەکانی ئاگارکەوتنەوە لە دارستانی گوندەکانی "ئاسنە"، "مڕانە"، "کولیت"، "بلکەڕ" و "باخان"، جەختی کردەوە: "سەرباری ئەوەی کە ئەم ناوچانە چەندین کیلۆمەتر لە یەک‌ترەوە دوورن بەڵام تووندی و ڕووبەری ئاگرەکە ئەوەندە بەرین و بەربڵاوە کە خەریکە ناوچە ئاگرتێبەردراوەکان لە یەک‌تر نزیک ببنەوە."

شایانی باسە کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا دوو کەس لە هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکان بریندار بوون و زیانیان پێ گەیشتووە.

لە ڕۆژی پێنج‌شەمەی ڕابردووەوە و دوای بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ یارمەتیدان بە کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکە لە دارستانەکانی مەریوان هاوکات لەگەڵ بەرین بوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکە لە ناوچەکە جگە لە هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکان، ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکانی شاری سنە، سەقز، پاوە و بانە تیمە خۆبەخشەکانی خۆیان بۆ یارمەتیدان بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بۆ ئەم ناوچەیە بەڕێ کردووە.

ئاگرکەوتنە لە دارستان و لەوەڕگەی گوندەکانی مەریوان لە ڕۆژی پێنج‌شەمە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢، سەرەتا لە دارستانەکانی گوندی دەرەوەران لە باکووری ڕۆژاوای ئەم شارەوە دەستی پێ کرد و بە هۆی شاخاوی بوونی ناوچەکە و تاوی با هێشتا هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە بۆ باقیی دارستان و لەوەڕگەکانی گوندەکانی دەروبەری لەوانە "هەنجیران"، "کیکن"، "گۆمارەلەنگ"، "نەچێ"، "مڕانە"، "بایەوە"، "هانەشێخان"، "بناوەچڵە"، "قامیشەڵە" و "مێرگە درێژ".

جگە لە گوندی گۆمارەلەنگ، زۆرینەی ئەم گوندانە کە بەشێکن لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان، پیش‌تر ڕێگای هات‌وچۆی کۆڵبەران بوون و جگە لە سەربازگەکانی هەنگی مەرزی، پێگە سەربازییەکانی سەر بە سپای پاسداران تێیان‌دا جێگیرن.

لە حالێک‌دا کە ئاگرکەوتنەوەی بەرین دارستان و لەوەڕگەکانی شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای کوردستانی لە خۆی‌دا نوقم کردووە، هێزە ئەمنییەتییەکان لەم شارەدا دەستیان کردووە بە گرتنی پێنج کەس لە چالاکوانانی ژینگەپارێز.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی شەمە ١٤ی گەلاوێز، ڕایگەیاند کە "ئازاد رۆحی"، "لایق ئەحمەدی"، "سەرکەوت عیبادی"، "ئالان ئەردەشیری" و "دلێر محەمەدی" چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان دەستگیر کراون و نووسیویەتی کە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەست‌دا نییە.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکەی خۆی‌دا نووسیەیوتی کە ئەم پێنج چالاکە ژینگەپارێزەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی و سەرکەوت عیبادی ڕۆژی پێنج‌شەمەی حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستگیر کراون و بە شێوەیەکی طووندوتیژکارانەیش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە.

ئالان ئەردەشیری و دلێر محەمەدیش ڕۆژی چوارشەمە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە ماڵەکەی خۆیان‌دا دوای هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستگیر کراون.

شایانی باسە کە لە درێژەی ئاگرکەوتنەوە لەناکاوەکانی دارستانەکانی مەریوان‌دا، کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەم ساڵیش‌دا دارستانی گوندەکانی "پێڵە"، "سەڵەسی"، "چاوگ" و "سێف"، بوونەتە قوربانیی ئاگرکەوتنەوە و لانیکەم ٢٦٠ دۆنم لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون.

هەواڵدەری ڕوکنا ڕایگەیاندووە بە پێچەوانەی بانگەشەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان و ئابخیزداریی کوردستان کە پێش‌تر ئاگر کەوتنەوەکەی بە گشتی "ڕووکەشی" وەسف کردبوو، لە ڕاستیدا ئاگر کەوتنەوەکە "قووڵ" بووە، "بە شێوەیەک کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەکتار لە لەوەڕگەکان و ژمارەیکی زۆر لە دارەکان ئاگریان گرتووە."

تا ئێستا بە شێوەی فەرمی  هۆکاری ئەگر کەوتنەوەکانی ئەم دواییانە، ڕانەگەیەندراوە بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکان و کەسانی بەرژەوەندیخواز لەسەر ئەم بابەتە گومانیان لەسەرە. باس لەوە دەکرێت سپای پاسداران بۆ پێش‌گیری کردن لە خۆشاردنەوەی ئەو کەس و گرووپانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە "تیرۆریست" ناو دەبرێن، ئاگر لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە بەردەدەن.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا

۱۴ گەلاوێژی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا