سێپیدە ڕەشنو، ژنی دژبەری حیجابی زۆرەملێ لە ڕیگەی بڵاو کردنەوەی وێنەیەکەوە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا بەبێ سەرپۆش نووسی: "ئەمڕۆ؛ دەی ڕەزبەری ١٤٠٢، هەر بەم جلوبەرگەوە، لەگەڵ پارێزەرەکەم بەڕێز پەناهیپوور لە دادگادا ئامادە دەبم بۆ بەرگری کردن لە دوو تۆمەتی "شێواندن بە مەبەستی فەحشا و پروپاگاندا بە دژی سیستسم" کە نموونەکانیان تەنیا یەکەم پۆستی لاپەڕەی ئینستاگرامەکەمە."
سێپیدە ڕەشنو، لە دوا حەوتووی کۆتایی مانگی پووشپەڕی ١٤٠١دا بە هۆی ناڕەزایەتیی بە "ڕایحە ڕەبیعی"، ژنێکی حیجابدار کە هۆشداریی پێ دابوو حیجابەکەی بپارێزێت، دەستگیر کرا و لە زیندان لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار کرا بە دژی خۆی دادنپێدانانی زۆرەملێ بکات.
ئەو، ڕۆژی ٢٣ی گوڵانی ئەم ساڵیش باسی لەوە کردبوو کە زانکۆی ئەلزەهرا بە هۆی "ڕەچاو نەکردنی جلوبەرگ پۆشینی ئیسلامی"یەوە، بۆ دوو ترم بە ڕەچاو کردنی سەنەوات، لە خوێندن بێبەشی کردووە.
بەپێی ستۆرییەک کە ماوەیەک بەر لەمە ئەم خوێندکارە دژبەرەی حیجابی زۆرەملێ لە لاپەڕەی ئینستاگرامییەکەی خۆیدا بڵاوی کردبوەوە، هیچ شوێنێکی کولتووریی ئامادە نەبووە بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی شیعرە تازە بڵاو کراوەکەی، جێگایەکی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە پێ بدەن.
بەپێی یاداشتە تازەکانی ئەم نووسەر و شاعیرە ڕەخنەگرە ئەو دەبێت ئەمڕۆ "بۆ بەرگریی لە "تۆمەتە هەڵبەستراوەکان" لە دادگادا ئامادە بێت. سێپیدە ڕەشنو نووسیویەتی: "بۆ بەرگریی لە مافی هەڵبژاردنی پۆشینی جلوبەرگ و مافی نووسین دەربارەی ئەوەی بەسەرم هاتووە، بۆ بەرگریی لە "ژن" بوون؛ بەشێک لە جەستەم بە ناوی "پرچ" کە هەموو -پیاو و ژن-ێک بە شێوەی سرووشتیی هەیانە."
ئەم ڕەخنەگەرەی حیجابی زۆرەملێ بە ئاماژەدان بەوەی کە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ پێ دەخاتە نێو ٢٩ ساڵییەوە، نووسیویەتی: "دەفتەری یاداشتەکانم پڕن لە کاری نەکراو و تامەزرۆیی بۆ کارە نەکراوەکان. سەبارەت بە ژیان دەبێت بنووسم کە هەر ڕۆژێکی زیندوو بوون و هەر کاتژمێرێکی ژیانم بە قووڵی چێشتووە و جێژنم گرتووە. نێوچاوانی ژانەکانم ماچ کردووە و ئازارەکانم لە ئامێز گرتوون. هێج پاڵنەرێکم بۆ مردن و خۆکووژی نییە کە ئەگەر بووبام بۆ "ژیان" و ڕۆژانی باشتر تێنەدەکۆشام. چونکە بڕوام وایە قەت بەم شێوە شانمان بە شانی یەکترەوە نەبووە و بڕوامان بە هێزی خۆمان و یەکتر و وەستان لە پاڵ یەکدا نەبووە."
سێپیدە ڕەشنو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی داوە بەو گوشارانەی کە بە درێژایی مانگەکانی ڕابردوو خراوەتەسەر خۆی و بنەماڵەکەی و نووسیویەتی: "دەبینم کە بنەماڵەکەم ئاسایش و ئارامیان تێک دەچێت و لە هەموو لایەکەوە دەخرێنە ژێر گوشارەوە. بەڵام تەنیا ئەوە دەزانم کە حەقیقەت هەر ئەم وێنەیە کە خەریکن دەیبینن و هیچ ڕێگایەک جگە وەفاداری بە حەقیقەت نابینم."
سێپیدە ڕەشنو، نووسەر و ئێدیتۆری ناڕازیی بە حیجابی زۆرەملێیە کە تاکوو ئێستا بە هۆی پێداگریی لەسەر مافی جلوبەرگ پۆشینی خۆی، تێچوویەکی زۆری داوە.
ئەو ڕۆژی یەکشەمە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا باسی لەوە کردبوو کە بۆ دادسەرا بانگهێشت کراوە و نووسی: "دۆسییەیەکی تازەیان ساز کردووە و ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوەکەیان ناردووە کە بۆ ڕوون کردنەوەی تۆمەت یان تۆمەتی هەڵبەستراو پێویستە بچمە دادسەرای ئێڤین."
ئەم ژنە ناڕازییە بە حیجابی زۆرەملێ، پێیوایە کە بانگهێشت کردنەکەی پێوەندیی بە چالاکییەکانییەوە هەیە لە ئینستاگرامدا و نووسیویەتی "پێ دەچێت هەر ئەم چەند پۆستە ئینستاگرامییە بەس بووبێت".
لە بانگهێشت نامەکەی سێپیدە ڕەشنودا هاتووە کە "لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بۆ بەرگری لە تۆمەتەکان"، لە لقی یەکەمی دادسەرای ئێڤیندا ئامادە بێت.
تێبینییەکەت بنووسە