"فارس"، ئاژانسی هەواڵی سەربە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەو شۆفێرەی شەوی ڕابردوو بە بارهەڵگرەکەیەوە خۆی کردبوو بە مزگەوتی جەمکرانی قۆمدا و دەرگاکەی شکاندبوو، دەستگیرکراوە.
فارس هەروەها نووسیویەتی، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بارهەڵگرێک دەرگای مزگەوتی جەمکەرانی قۆمی شکاند و خۆی کرد بە ژوورێدا.
بەگوێرەی هەواڵی فارس، ئەو بارهەڵگرە لە جۆری "سینۆتراکی هووۆ" بووە و پاش ئەوەی چۆتە ناو مزگەوتەکەوە لەلایەن هێزەکانی تایبەت بە پاراستنی جەمکرانەوە ڕاگیراوە.
وەک فارس بانگەشەی کردووە، شۆفێری بارهەڵگرەکە لەکاتی ئەنجامدانی ئەو کارەدا لە حاڵەتی ئاساییدا نەبووە.
ئەو ئاژانسە هەواڵدەرییە ئەمنییەتیە ڕووداوەکەی بە "هێرش" بۆسەر مزگەوتی جەمکەران ناوزەدکردووە.
جەمکەران مزگەوتێکی نزیک بە شاری قۆمە کە هەندێک لە باوەڕمەندانی مەزهەبی شیعە باوەڕیان وایە بۆ ئیمامی دوازدەیەم پیرۆزە.
لە دەوروبەری مزگەوتی جەمکەران بیرێکی لێیە، کە ئەو بەشە لە باوەڕەمندانی شیعە نوشتە و دۆعاکانیان دەخەنە ناویەوە.
تێبینییەکەت بنووسە