سەفا عائیلی، خاڵی مەهسا ژینا ئەمینی کە لە بەرەبەری ساڵیادی قەتڵی حکومەتی ژینادا لە شاری سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە و هەندێک سزای دیکەش وەکوو قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆڕتێکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی "هەنگاو"، لەڕۆژانی ڕابردوودا سەفا عائیلی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.
لەو کاتەدا سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە دەستبەسەرکرانی ناوبراو وێڕای توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانبووە.
خاڵی مەهسا ژینا ئەمینی، دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.
تێبینییەکەت بنووسە