close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

هێرشکردنی گاردی زیندان بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ

۹ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
هێرشکردنی گاردی زیندان بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ

بە گوتەی سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی گاردی زیندان ورمێ هێرشیان کردووەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و وێڕای شێواندنی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان داوە. دەگوترێت کە وەک کاردانەوەیەک دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی "حەسەن عومەرپوور" و "ئەشکان عوسماننژاد" ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە و لە لای قاچەوە سووتاون.

بە پێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەشەمە ١٤٠٢ی هەتاوی، بە فەرمانی پەیمان خانزادە گاردی زنیدان هێرشیان کردووەتە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی لە زیندانی ورمێ.

سەرچاوەیەک بەو تۆڕەی گوتووە کە "لەم هێرش و پەلامارەی گاردی زینداندا لانیکەم ٥ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە لای سەرەوە بریندار بوون و دوو زیندانیی کوردیش بە ناوەکانی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە".

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی گوتویە: «دوای هێرشەکەی گاردی زیندان و ئامادەبوونی پەیمان خانزادە لە بەندەکەدا، حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد زەیتیان بەسەر بەتانییەکانیاندا کردووە و ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە، بەڵام سەرۆکی زیندان تەنها سەیری کردووە و نەیهێشتووە هیچ کەسێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە یارمەتییان بدات».

دەگوترێ کە سەرۆکی زیندانی ورمێ گوتوشییەتی: «هیچ ترسێکم لە ڕێکخراوە جیهانییەکان و تەنانەت لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش نییە و لەمەوبەدوایش هەرچیم بوێ بەسەر زیندانییەکانی ئەم بەندەدا دەیهێنم».

بە گوتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای هێرشەکەی گاردی زیندان و خۆسووتاندنی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد، دەرگای بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی داخراوە و ئەو دوو بەندکراوەیش سەرەڕای سووتان و برینداربوونی قورسی قاچیان هەر لە بەندەکەدا ڕاگیراون و بە فەرمانی سەرۆکی زیندان نەبراونەتە نەخۆشخانە.

دەگوترێت کە بەندی ئەمنییەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە لە ئێستەدا ٤٢ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی تێدایە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە مەودایەکی دوورتر لە بەندەکانی تری زیندانەوە کرایەوە و هەموو پێوەندییەکانی زیندانییەکانی لەگەڵ بەندەکانی تردا قەدەغە کراوە و خراونەتە دۆخی ئیزۆلەی تەواوەوە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا نیگەرانییان لە پەرەسەندنی ڕێژەی خۆکوشتنی بەندکراوان بە هۆی گوشاری بەرپرسانی زیندانەوە دەربڕیبوو و داوایان کردبوو پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

زیندانییەکان لە نامەکەیاندا وتبوویان: «ژمارەیەک لە بەندکراوان لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە هۆی گوشارەکان و دۆخی دژواری مانەوە لە بەندە جیاوازەکانی زینداندا، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و چەند مانگ جارێک تەرمی زیندانییەک ڕادەستی بنەماڵەیەکی ئازیەتبار دەکرێتەوە. هەموو جارێکیش لەبەر زەخت و گوشارەکان هیچ هەواڵێک لەسەر خۆکوشتنەکان ناگاتە ئەودیوی دیوارەکانی زیندان. هەر ئێستا زیاتر لە ١٠ بەندکراو کە لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان».

چەند ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە، شاهین گەلەداری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «هەکی»ی شاری ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕاند، ڕۆژی ٧ی ڕەشەمە بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

تێبینییەکەت بنووسە

ئابووری

٢١٢ هەزار ئێرانی تەنیا لە ساڵی تازەی زایینی‌دا سەردانی تورکیایان کردووە

۹ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
٢١٢ هەزار ئێرانی تەنیا لە ساڵی تازەی زایینی‌دا سەردانی تورکیایان کردووە