ڕاپۆرتی نوێی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا دەریدەخات کە سەردانی گەشتیارانی ئێرانی بۆ ئەم وڵاتە لە مانگی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا بە بەراورد بە ئامارەکانی هەمان کات لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٨٧ لەسەد زیادی کردووە و لەو مانگەدا ٢١٢ هەزار ئێرانی سەردانی تورکیان کردووە.
لە مانگی یەکەمی ساڵی نوێی زایینیدا تورکیا بە کۆی گشتی دوو ملیۆن و ٤٧ هەزار گەشتیاری بیانی میوانداری کردووە، ئەمەش بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی ڕابردوودا کەمێک زیادی کردووە. بەڵام بە پێچەوابەی هەڵکشانی ئاماری سەردانیکردنی ئێرانییەکان بۆ تورکیا، سەردانی هاوولاتیانی ئیسرائیل بۆ تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٧ هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلی گەشتیان بۆ تورکیا کردبوو، بەڵام دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا و دوواتر شەڕی غەزە دەستی پێکرد، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلیانەی لە مانگی ژانڤییەی ئەمساڵدا سەردانی تورکیایان کردووە، تەنیا ٤ هەزار کەس بوونه.
حکومەتی تورکیا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەزەوە ڕەخنەی زۆر توندی ئاڕاستەی حکومەتی ئیسرائیل کردووە.
لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا، سەردانی هاووڵاتیانی عەرەبستان بۆ تورکیا لە مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینیدا سەدا ٣٠ هەڵکشانی بەخۆیەوە دیتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا، ساڵی ڕابردوو تورکیا میوانداری لە نزیکەی ٥٠ ملیۆن گەشتیاری بیانی کردووە و ٥٤ ملیار دۆلاریشی قازانج کردووە. کەچی بۆ ئەمساڵ پێشبینی هاتنی ٦٠ میلیۆن گەشتیار و قازانجی ٦٠ ملیاردی دەکات.
هاوکات لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، ناوەندی ئاماری تورکیا کەمبوونەوەی ژمارەی کڕیارانی خانووی بیانی لەم وڵاتەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دوو هەزار و ٧٣٣ یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن بیانییەکانەوە کڕدراون. پێش هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ژمارەی پێوانەیی کڕیارانی بیانی خانووبەرە لە تورکیا هی ئێرانییەکان بوو، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەمساڵدا نزیکە لە نیوە دابەزیوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە