"ڕادا فاتێحی"، "ڕامین فاتێحی" و "وریا فاتێحی"، هاوڵاتیانی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارەوە دەستگیر کراون.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فاتێحی بیست و شەشەمی ڕەزبەری ١٤٠١، جگە لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "ڕامین فاتێحی و براکەی وریا فاتێحی ڕۆژی بیست و یەکەمی ڕەزبەری ١٤٠١ و هەروەها ڕادا فاتێحی ڕۆژێک دوای براکانی لە لایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستگیر کراون."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ڕامین فاتێحی لە کاتی گواستنەوەی باری مشتەرییەکەیدا بە وانێت لە نێوان جادەی سنە بۆ سەقز و وریا فاتێحیش دوای هێرش بۆسەر ماڵی باوکی، دەستگیر کراون. هەروەها ڕادا فاتێحیش بیست و دووهەمی ڕەزبەر لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سنە لە لایەن هەر ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەوە دەستگیر کراوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم سێ ئەندامەی بنەماڵەی فاتێحی بەبێ بڕیاری دادگا و ڕوون کردنەوەی تۆمەتەکانیان دەستگیر کراون و لە کاتی دەسبەسەر کرانیشیانەوە تاکوو ئێستا ئیزنی پێوەندیی تێلێفۆنی و دیاری کردنی پارێزەریان پێ نەداروە و هیچ هەواڵێکیش لە بارودۆخی تەندرووستی و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە کە هێزەکانی سەر بە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بیست و یەکەمی ڕەزبەر جگە لە ڕامین و وریا فاتێحی، دایک و باوکی بەتەمەنی ئەم سێ هاوڵاتییە کوردەیشیان دەستگیر و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازادیان کردبوون.
دەستگیر کردنی ئەم هاوڵاتیانە لە کاتێکدایە کە مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵک لە شارەکانی ئێران پێی ناوەتە نێو دووهەم مانگی خۆیەوە.
تێبینییەکەت بنووسە