بەپێی هەواڵی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، پرۆژەیاسایەک لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێراندا خەریکە ئامدەدەکرێت کە بەپێی ئەو باجی سەر سیگار لە ساڵی داهاتوودا لەسەتا ٢٥٠ هەڵدەکشێت.
چاودێران دەڵێن، ئەگەر ئەو پرۆژەیاسایە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسندبکرێت، پیشەسازیی سیگار و کشتوکاڵی تووتن لە ناوخۆی ئێران مایەپووچ دەبن و قاچاخی سیگار زیاتر پەرەدەستێنێت.
"فەرداد ئەمیرئەسکەندەری"، ئەندامی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەریی "شیرکەتی دۆخانیاتی ئێران" دەڵێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیاسایە پەسندبکرێت بازاری ناوخۆ لەناودەچێت و قاچاخ جێگەی دەگرێتەوە، واتە کۆمپانییەکی گەورە وەکو "شیرکەتی دۆخانیاتی ئێران" کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە کاردەکات مایەپووچ دەبێت و لەناو دەچێت.
هاوکات "ئەمیرمحەمەد پەرهامفەر" یەک لە بەڕێوەبەرانی "لێژنەی بەرنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو" وتوویەتی، دانانی باجی تا ئەو ڕادەیە بۆ سەر کاڵای ناوخۆ دەبێتە هۆی پەرەسنەنی قاچاخ.
پەرهامفەر هەروەها باسی ئەوە کردووە کە بەرزکردنەوەی باج ئەگەر بەپێی مەنتیقی بازاڕ ئەنجام نەدرێت هیچ سوودێکی نابێت و تەنیا بازاڕی ڕەش بەهێزتر دەکات.
تێبینییەکەت بنووسە