یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، وتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵک بۆ "دۆخی ئابووریی و بێکاری لە ئێران" بووە و خەڵک لە "سیستم" ناڕازی نین.
بە وتەی "لوتفوڵا سیاهکەلی"، "ژمارەیەک لەم دەستگیر کراوانە بێکار بوون و هەندێکیان دۆخی ئابووریان باش نەبووە و گفتگۆیی نێوان بازجووەکان و دەستگیر کراوان، شتێکی ئەوتۆی نەداوە بە دەستەوە، هەرچەندە هەندێکیان پێوەندیان هەیە"، بەڵام "ئەمانە لە کەمینەدان و ڕەنگە کەمتر لە ٢٠%ی ئەو کەسانە پەیوەندییەکی لەو شێوەیەیان هەبێت."
ئەم نوێنەرەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بەبێ ئاماژە کردن بە سەرچاوەی ئەو ئامارانەی دەستی کەوتووە، لەسەر ئەوەی کە " ٨٠٪ی ئەم کەسانە ناڕازین" جەختی کردووە و وتی "کۆماری ئیسلامی بە ئاسانترین شێوە دەتوانێت ڕەزامەندیان بەدەست بهێنێت"، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، بەرپرسانی حکومەت گوێ بۆ نوێنەرانی مەجلیس ڕاناگرن.
لێدوانەکانی ئەم نوێنەری مەجلیسە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە ١٦٤ شاری ئێران شایەتی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی حکوومەت بوون، و ناوەڕۆکی سەرەکی درۆشمەکان بە شێوەی تایبەتی سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆماری ئیسلامی لە خۆ دەگرت و لە لوتکەکەیدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکردە ئامانج.
لە زۆربەی ناڕەزایەتییە دژە حکوومەتییەکاندا و ئەو دروشمانەی کە لە درێژەی چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن خەڵکەوە وتراوەتەوە زیاتر دروشمەکانی "مرگ بر جمهوری اسلامی"، "مرگ بر خامنهای"، "مرگ بر دیکتاتور"، "مرگ بر جمهوری اعدامی"، "مرگ بر سپاهی"، "مرگ بر بسیجی"، "امسال سال خونه، سید علی سرنگونه"، "این همه سال جنایت، مرگ بر این ولایت"، "مرگ بر اصل ولایت فقیه" و "مرگ بر کل نظام" دەبیسترا.
لە هەمان کاتدا لوتفوڵا سیاهکەلی لە پێشینەی کاری خۆیدا ئەزموونی جێگری سەرۆکی سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی هەیە، و لە هەمان کاتدا پشتڕاستی کردووەتەوە "بازجوویی کردنی ناڕازیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و شتێکی ئەوتۆی نەداوە بە دەستەوە و لە ٨٠٪ ئەوانە پێوەندیان بە دەرەوە نییە و تەنیا ناڕازین."
سەرەڕای ئەمە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لە ٥ مانگی ڕابردوودا لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا دەستگیر کراون تۆمەتبار کراون بەوەی "لەگەڵ وڵاتانی بیانی پێوەندیان" هەبووە.
جگە لەوە، بە دەیان کەس لەو هاوڵاتیانەی خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن، لە ئێران دەستگیر و تۆمەتبار کراون بەوەی لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێراندا ڕۆڵیان گێڕاوە.
لە هەموو ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵ و بکەرێتیی هاوڵاتیانی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دۆخی زاڵ بوو بەسەر وڵاتی بە فەرمی نەناسیوە و بەردەوام بانگەشەی کردووە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەدژی حکوومەت "پیلانگێڕییە و کاری ڕۆژئاو و دوژمنان"ـه.
لوتفوڵا سیاهکەلی لە لێدوانەکانیدا بانگەشەی کردووە خەڵکی ناڕازی "لە سیستم ناڕازی نین، بەڵام لە شێوەی بەرێوەبەرایەتی و دۆخی ئابووری ناڕازین"، هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: "کاتێک لە ساڵێکدا ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ هەڵاوسانمان هەیە و داهاتی خەڵک لە ساڵێکدا ١٠٪ زیاد دەبێت، چۆن خەڵک دەتوانن ئەم ٤٠٪ قەرەبوو کەنەوە."
ئەم نوێنەری مەجلیسە وێڕای ئاماژە کردن بەوەی قازانجی بانکەکانی ئێران لە قازانجی بەرهەمهێنان زیاترە وتی: "بەم شێوەیە ئابووری چارەسەر ناکرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک ناڕازیتر دەبێت و ئەگەر ماوەیەک پاشەکشێ دەکەن دڵیان بۆ وڵات و سیستم دەسووتێت و کاتێک دێن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، سووکایەتیان پێدەکرێت و کەسانی بەکرێ گیراو دێن خرابکاری دەکەن و ڕێگری دکەن لەوەی دەنگی خەڵک بگاتە کەربەدەستان و دەسەڵاتدارانی وڵات."
هەروەها لە درێژەدا ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارە کردنی دەوڵەتی "ڕەئیسی" گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هیچ کەس قسەکانی ئەوان وەک "نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیس" نابیسێت.
ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی لە ٢٦ی خەرمانان و دوای کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچێکی گەنجی ٢٢ ساڵان، خەڵکی سەقز، کە لە گرتووخانەی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد گیانی لەدەست دا، دەستی پێکرد و بە خێرایی شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە.
بە پێچەوانەی وتەکانی لوتفوڵا سیاهکەلی، نوێنەری مەجلیس، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادای" وەک دروشمی سەرەکی ئەم ئاخێزە و دروشمەکانی دیکە بۆ نموونە "مرگ بر خامنەیی"، "مرگ بر جمهوری اسلامی" و "خامنەیی ضحاک، میکشیمت زیر خاک"، دەریدەخەن خواستی ئاخێزە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئێران "ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی" بووە.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت کردنی بەرینی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان، ژمارەیەکی زۆر لە ناڕازیانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەک کوشتووە و بە هەزاران کەسیان دەستگیر کردووە کە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و ناسنامەیان لەبەر دەستدا نییە.
لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا کە بۆ ناڕازیانی دەستبەسەر بوو بەڕێوەچووە، تا ئێستا سزای مەرگ بۆ دەیان کەس دیاریکراوە و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ چوار گەنجی ناڕازی کە بەبێ ئەوەی دەستیان بە پارێزەر ڕابگات و لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا دادگایی کرابوون بڕیارەکەیان جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ١٦ی بەفرانبار، لەسەر دۆخی ناڕازیان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاو کرایەوە، لانیکەم ١٠٩ کەس لەو ناڕازیانەی لە ئێران دەستگیر کراون مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە