ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە ١٤٠٣، شاکر بێهرووز، زیندانی سیاسی کورد کە دژ بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دادوەری نوێ مانی لە خواردن گرتووە، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. هاوکات کەیوان ڕەشۆزادە و ئەردەوان تەهووریان، دوو زیندانی سیاسی کورد کە لە ژووری تاکەکەسی ئەم زیندانەدان و مانیان لە خواردن گرتووە، لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە ئەشکەنجە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شاکر بێهرووز، زیندانی سیاسی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو و ساڵی ڕابردوو ئەو حوکمە هەڵوەشابوویەوە، دژ بە کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ لە دادگای پیرانشاردا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەوە ١٤٠٣، مانی گرتووە و یەکسەر ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ئەگەرچی سزای لەسێدارەدانی شاکر بێهرووز کە بە تۆمەتی «بەغی» بەسەریدا سەپابوو هەڵوەشاوەتەوە و دوای وەرگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی سکاڵاکار سزای «قەساس»ـەکەیشی لەسەر لاچووە و هاوکات سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەیشی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» تەواو بووە، بەڵام بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات دۆسیەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و لێپرسەوەکانی ئەم دەزگا ئەمنییە پێیان ڕاگەیاندووە کە لە تێکهەڵچوونێکی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٩٦دا بەشدار بووە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی سپای پاسداران. ئەگەرچی شاکر بێهرووز لە لێپرسینەوەکاندا تۆمەتەکەی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام لە دادسەرای گشتی و شۆڕشی پیرانشاردا دۆسیەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە و لە کاتێکدا کە چاوەڕێی دەکرد ئازاد بکرێت، بە بیانووی ئەو دۆسیە نوێیە لە زینداندا هێشتوویانەتەوە و ڕێگەیان بە ئازادکردنی نەداوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێک، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە ١٤٠٣، هێزەکانی گاردی زیندان بە دەستووری پەیمان خانزادە سەرۆکی زیندانەکە هێرشیان کردووەتە سەر بەشی ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانە و ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییە مانگرتووەکانیان، لەوانە کەیوان ڕەشۆزادە و ئەردەوان تەهووریان، ئەشکەنجە کردووە.
کەیوان ڕەشۆزادە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەوە ١٤٠٣، دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندان بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەو هێزانەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. ئەویش لە ڕۆژی پێنجشەممەوە و وەک ناڕەزیەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجەدران و هەروەها بێبەشکراندا لە مافی ئازادی مەرجدار مانی لە خواردن گرتووە.
ئەردەوان تەهووریان، زیندانی سیاسی کوردی تەمەن ٦٠ ساڵیش کە نەخۆشی دڵ و شەکرەی لەگەڵە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دابیننەکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی پێویستدا و پێنەدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، مانی لە خواردن گرتووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە