شاری "تیکاب"ی سەر بە پارێزگازی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین گانگاکانی ئێران. لەم شارەدا پتر لە ٦٠ کانگای ئاڵتوون و بەردەکانی جوانکاری بە فەرمی کار دەکەن. تیکاب هەروەها بە هۆی بوونی گەورەترین کانگاکانی ئاڵتوونی ئێران وەک کانگای ئاڵووتینی "زەڕشوران" و "ئاقدەرە" بە "شاری ئاڵتوونیی ئازەربایجان" ناسراوە.
تیکاب بە تەنیا دەوری نیوەی کۆی خەزێنەی ئاڵتوونی دەسنیشانکراوی ئێرانی لە خۆ گرتووە و ساڵانە نزیک لە سەتا ٤٠ی کۆی ئاڵتوونی ئێران بەرهەم دەهێنێت. سەرباری ئەمە، ئەم شارە یەکێکە لە هەژارترین ناوچەکانی ئێران و یەکێکە لە ٣١ شاری کەمتر پەرەسەندووی ئەم وڵاتە.
هەبوونی کۆمەڵێک کانگای جۆراوجۆر نەک هەر بواری پەرەسەندنی ئابووری و باشترکردنی بژێویی خەڵکی تیکابی فەراهەم نەکردووە؛ بەڵکوو ئەم کانگایە بە هۆی بەرهەمهاتنی بەرینی ئالایەندە مەترسیدارەکانەوە بۆخۆی بۆتە گرینگترین هۆکاری تێکدانی سەرچاوە سرووشتییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەمە ئیتلاعاتی سپای پاسداران وەک سەربازگەیەک پارێزگاری لەم ناوچە دەکات و هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بە هەڕەشە، دەسگیرکردن و دۆسیەی ساختە سەرکوت دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە چیرۆکی ژان و ئازاری هاوڵاتیانی تیکابە بە هۆی دەرەنجامە کارساتبارەکانی چالاکییە ئالایەندەکانی کانگاکان و گەندەڵیی بەرینی بەرپرسانی دەوڵەتی لەم ناوچەیەدا.
***
ئامانجی مافیای کانگاکان کۆچاندنی خەڵک و گۆڕینی تیکابە بۆ بوارە کانگاییەکان؟
کانگا فرهچەشن و زۆرەکانی تیکاب لە هەموو شوێنەکانی ئەم شارەدا بڵاو بوونەتەوە. زۆربەی ئەم کانگایانە بەردەکانی جوانکاری و ئاڵتوون پێکی دەهێنن. خاڵی هاوبەشی زۆربەی کانگاکانی تیکاب، ڕادەسکردنیانە لە پرۆسەیەکی ناشەفافدا بۆ وەبەرهێنان؛ ئەو وەبەرهێنەرە ناخۆجییانە کە بە پشتبەستن بە ڕانتی ئینتیما و بە ناوەندەکانی دەسەڵات خەریکی تێکدانی ژینگە و هەڵێنجانی زێدەرۆیانەی سەرچاوەکانی ئەم ناوچەیەن.
ڕێکخراوی سەمت و ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایش نەک هەر بەرپرسیارێتیی خۆی سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و کاردانەوەی یاسایی بەرامبەر کردارە نایاساییەکانی لەو کانگایانەدا ئەنجام نادەن، بەڵکوو بە گوتەی چالاکانی ژێنگەپارێزی تیکاب، ئەم ڕێکخراوانە بۆخۆیان بەشێکن لە زنجرەی گەندەڵی لە بواری کانگادا. ئەمە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانی گوندنشینەکان، خەڵکی ناوچەکە و چالاکانی ژینگەپارێزی شاری تیکاب بەرامبەر چالاکییە ئالایەندەکانی کانگاکان لە لایەن ڕێکخراوە بەرپرسیارەکانەوە نادیدە بگرێن.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی "فاقلوو" لە تیکاب سەبارەت بە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی گوندنشینەکان بەرامبەر چالاکییەکانی کانگای بەرد لەم گوندەدا دەڵێت: "هەڵێنجانی بەرد لەم ناوچەدا نایاساییە و مۆڵەتەکەی لە ڕیگەی بەکارهێنانی ڕانتەوە دراوە. چۆن دەکرێت بۆ کانگایەک کە ڕێگای نییە و چوونە ئەوێ بە ڕیگای زەویی کشتوکاڵی گوندنشینەکاندا تێدەپەڕێت، مۆڵەتی وەبەرهێنان بدرێت؟ تەپوتۆزێک کە بە هۆی کارکردنی کانگاکانەوە ساز دەبێت بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە بەرهەم کشتوکاڵییەکانی ئێمە و بەردەوامکردنی چالاکییەکانی کانگاکە دەبێتە هۆکاری وشکبوونی کانیاوەکانی دەوروبەری گوندەکە و ئاسەوارە مێژوویی و هەروەها ژینگەکە لەناو دەبات."
ئەو دەربارەی کاردانەوەی بەرپرسەکان بە ناڕەزایەتیی گوندنشینەکان دەڵێت: "ئێمە بەردەوام لە بەردەم کانگاکەدا گردبوونەوەی ناڕەزایەتیمان ئەنجام داوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوادا کۆبووینەتەوە، چەندین جار نامەمان بۆ بەرپرسانی جۆراوجۆر نووسیوە؛ بەڵام ئەوان کارێکیان سەبارەت بە داواکارییەکانمان ئەنجام نەداوە."
کاردانەوەی بەرپرسان بە ناڕەزایەتیی گوندنشینەکان بەرامبەر چالاکیی ئالایەندەئی کانگاکان لە باقیی ناوچە لادێییەکانی پارێزگای ئازرەبایجانی ڕۆژاوایشدا کەمتەرخەمی و لە هەندێک لە گوندەکاندا دەسبەسەرکردنی ناڕازییەکان بووە. بۆ نموونە، ساڵی ڕابردوو ٨٥ کەسی خەڵکی گوندی "قوتور"یان بە هۆی ناڕەزایەتی بە دەسبەکاربوونی کانگای ئاڵتوون لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەر کران.
پێشتر چالاکانی ژینگەپارێزی تیکاب لە ڕیگەی بڵاو کردنەوەی نامەیەکەوە ڕوو لە بەرپرسانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ئەو شێوازەی وەبەرهێنانەیان لە کانگاکانی ئەم شارەدا بە "تاڵانکردنی بێحیساب و نایاسایی" ناودێر کردبوو. ئەوان لە بەشێکی نامەکەیاندا نووسیویانە: "مافیای کانگاکان بە هاودەستی هەندێک لە ئیدارەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و شاری تیکاب بە تەمای لەناوبردنی تەواوەتیی ناوچەکە و کۆچاندنی دانیشتوان و گۆڕینین بۆ بوارێکی کانگایی تەواو."
گردبوونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی گوندی "فاقلو"ی سەربە تیکاب بەرامبەر بە چالاکیی ئالایەندەئی کانگاکان
چۆن گەورەترین کانگاکانی ئاڵتوونی ئێران بوونەتە سەرەکیترین هەڕەشەی ژینگەیی بۆسەر هاوڵاتییانی تیکابی؟
"ئێرانوایەر" پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە "کانگای ئاڵتوونی ئاقدەرە"، وەرگرتنی مۆڵەتی نایاسایی وەبەرهێنان، هەڵینجاندن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی ژینگەیی، بەرهەهێنانی ئالایەندە مەترسیدارەکان، دزی، خواردنی زەوی، پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی دەوڵەتی و سکاڵا، دەرکردن و لێدانی کرێکاران و هەڕشەکردن لە گوندنشینەکان، لە لایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی ئاشکرا کردبوو.
کانگای ئاڵتوون ئاقدەرە لە ٣٠ کیلۆمەتریی تیکاب و ١٢ کیلۆمەتریی "کانگای ئاڵتوونی زەڕشوران" (زەڕەشۆران) هەڵکەتووە. ئەم دوو کانگایە، گەورەترین کانگاکانی ئاڵتوونی ئێرانن. زەڕشوران بە پاشەکەوتی پوختی ١١٠ تەن ئاڵتوونی ٢٤ی عەیار، گرینگترین خەزێنەی ئاڵتوونی ئێرانە. کانەبەردینە ئاڵتوونییەکانی زەڕشوران بە عەیارێکی مامناوەندی ٩.٧ گرام لە تەنێکدا یەکێک لە پڕعەیارترین کانگاکانی ئاڵتوونی کەشفکراو و دۆزراوەی هەموو ئێرانە.
لە کانگای زەڕشواران جگە ئاڵتوون، مادەی کانگایی "زەڕنیخ"یش وەبەر دەهێنرێت کە پاشخانی وەبەرهێنانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٣٣٠. وەبەرهێنانی ئاڵتوون لەم کانگایەیش پتر لە سی ساڵ بەر لە ئێستا سەرەتا لە لایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەفریقای باشوور، ئینگلیس و کەنەداوە دەستی پێکرد و پاشان مۆڵەتی وەبەرهێنانەکەی لە ساڵی ١٣٧٩ لە ژێر ناوی "کۆمپانیای پشکەکانی سەرجەم کانگاکانی ئێران" دەرکرا.
لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٣٨٦دا مۆڵەتی وەبەرهێنانی کانگای ئاڵتوونی زەڕشوارن گوازرایەوە بۆ "ڕێکخراوی پەرەسەندن و بووژانەوەی کانگاکانی ئێران". کارگەی ئاڵتوونی زەڕشوارنی تیکابیش لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣دا بە توانای وەبەرهێنانی ٣ تەن ئاڵتوون و هەزار و ٢٦٠ کیلۆگرام زیو لە ساڵێکدا دەستی بە وەبەرهێنان کرد. ئەم کارگەیە هەروەها توانای بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی جیوەی هەیە.
بە گوتەی چاودێری کۆمەڵەی ئاڵتوونی زەڕشوارن، ڕادەی شمشی ئاڵتوونی لەم کۆمەڵە لە ساڵی ١٣٩٩دا، هەزار و ٤١ کیلۆگرام بووە. کانگاکانی ئاڵتوونی زەڕشوران و ئاقدەرە، لە پاڵ بەرهەمهێنانی زیو و جیوە، ساڵانە لەسەر یەک زیاتر لە دوو تەن ئاڵتوونی عەیار ٢٤ بەرهەم دەهێنن.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، کانگای ئاڵتوونی زەڕشوارن، لە ڕووی بەرهەمهێنانی ئالایەندە مەترسیدارەکانەوە دۆخێکی هاوشێوە و بگرە خراپتری لە کانگای ئاقدەرە هەیە. بە گوتەی چالاکانی زینگەپارێزی تیکاب، چالاکییەکانی ئەم دوو کانگای ئاڵتوونە بۆتە هۆی سەرەکیی تێکدانی ژینگە، پیسکردنی بەربڵاوی ئاوە سەرخان و ژێرخانەکان و بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و نەخۆشینگەلی جۆراوجۆر لە ناوچەکەدا.
هەروەها بەکارهێنانی نازانستیی مادەکانی تەقەینەوە لە کانگای زەڕشوراندا بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە خانوبەرەی گوندنشینەکان و بڵاوبوونەوەی گەرد و تۆز بە هۆی ئەم تەقینەوانەوە، زیانێکی هەرە زۆری لە باخداری و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان داوە. هەروەها ڕەچاونەکردنی تێبینییە ژینگەییەکان لە سازدانی بەنداوی بەتاڵکراوی کانگاکە، هۆکارە بۆ تەشەنەسەندی سیانوور و توخمە قورسە ژەهراوییەکان لەوانە ئارسنیک، کادمیم، ئانتیموان، فۆسفۆڕ و هتد لە ناوچەکەدا و ئاوە ژێرزەوییەکانی پیس و ئالوودە کردووە. کانگای ئاڵتوونی زەڕشوران بە هۆی ڕەچاونەکردنی مەودای یاسایی کانگاکە لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاو و بەتاڵکردنی پاشماوە ئاوییە مەترسیدارەکان لە ڕووبارەکەی زەڕشوران کە یەکێکە لە ڕووبارە سەردەستەکانی زەڕینەڕوود، ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی دەیان هەزار کەس لە ئازەربایجانی ڕۆژاوای پیس و ئالوودە کردووە.
بەکارهێنانی نازانستیی تەقەمەنی لە کانگای زەڕشوراندا بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە خانوبەرەی گوندنشینەکان و بڵاوبوونەوەی گەرد و تۆز
لە بەڵگەفیلمی "سێکۆچکەی مەرگ"، دەرهێنانی "سەجاد کەریمی" کە دەپەرژێتەسەر کێشەکانی چالاکییە ئالایەندەکانی کانگای ئاڵتوونیی تیکابیش کرێکاران و خەڵکی ناوچەکە لە زمانی خۆیانەوە باسی دۆخی مەترسیداری خۆیان دەکەن. لەدایکبوونی منداڵانی کەمەندام، مرداربوونەوەی مەڕوماڵات و وشکبوونی باخەکانیان، سەرکوتی زەبرداری گوندنشینانی ناڕازی لە لایەن هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانەوە، تەنیا بەشێکن لەو کێشانەی کە لەم بەڵگەفیلمەدا هاتووە. لە چرکەساتەکانی ١٧ تا ٢١ی ئەم بەڵگەفیلمە ٢٥ خولەکییەدا هەروەها باس لە کوژرانی کرێکارێکی کانگاکە دەکات بە هۆی نەخۆشکەوتنی بە هۆی هەڵمی سیانوور و ژیانی نهێنیی یەکێک لە کرێکارانی دەرکراو دەکات کە بە هۆی هەڕەشەکانی مافیای کانگاکانی ناوچەکەوە.
بۆچی لێکۆڵینەوە لە کردارە نایاساییەکانی کانگاکانی ئاڵتوونی تیکاب ناکرێت؟
لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی مەجلیس لەسەر کانگای ئاڵتوونی ئاقدەرە کە پێشتر ئێرانوایەر لە ڕاپۆرتێکدا پەرژابووە سەری، دەکرێت هۆکارەکانی لێنەکۆڵینەوە لەم کانگایەدا لە لایەن ناوەندە بەرپرسەکانەوە بدۆزینەوە. لە ڕاپۆرتکەی مەجلیسدا ئاماژە کراوە بە پێدانی بڕە پاڕەیەکی قەبە لە لایەن کۆمپانیای وەبەرهێنەری کانگای ئاقدەرەوە بە ناوەندە دەوڵەتی و ئینترزامییەکان بە مەبەستی پڕکردنی گیرفانی بەرپرسان و ناوەندە چاودێرییەکان بۆ چاپۆشیکردن لەسەر کارە نایاسایی و دزیی زیاتر لە ٣ هەزار گیلۆگرام ئاڵتوون لەم کۆمپانیایەدا.
ئێستا کۆمەڵێک بەڵگە لەم کارە نایاساییە هاوشێوانە لە کانگای ئاڵتوونی زەڕشوران بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە کە دەری دەخەن، ئەم کانگایەیش ڕەوتێکی هاوشێوەی لەگەڵ کانگای ئاڵتوونی ئاقدەرە بۆ سەرپۆشدانان لەسەریان تێپەڕاندووە.
لە یەکێک لەم بەڵگانەدا کە نامەی "مەهدی کەرباسیان"، سەرۆکی پێشووی کارگێڕیی "ئیمیدرۆ" ڕوو لە "محەمەد شەریعەتمەداری"، وەزیری پێشووی سەمت، بە جارێک بڕی ٥٥ میلیارد تمەن بە "عیسا بەرادەری"، ئیمام جومعەی تیکاب دراوە. لە بڕگەی دووهەمی ئەم نامەیەدا کە بە مۆری "زۆر نهێنی"، نووسراوە: "ڕادەسکردنی ٤٥ میلیارد تمەن بە سێ فەقەرە چەک بە ئیمام جومعەی بەرێزی شاری تیکاب، بەڕیز حاجیئاقا عیسا بەرادەری لە ساڵی ١٣٩٦، بە مەبەستی تێچووی کاروبارێک کە ئەوان بە مسڵەحەتی دەزانن." لە بڕگەی سێهەمی هەمان نامەدا ئاماژە کراوە بە پێدانی بڕی ١٠ میلیارد تمەن لە ساڵی ١٣٩٧دا بۆ کڕینی خانوو لە شاری قوم بۆ "عیسا بەرادەری".
پێدانی دەیان میلیارد تمەن بەرتیل بە ئیمام جومەعەی تیکاب و باقیی بەرپرسانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە خولێکدا ڕووی داوە کە بە گوتەی نوێنەری پێشووی ورمێ لە مەجلیس، کانگای ئاڵتوونی زەڕشوران تەنیا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٤ تا ١٣٩٦، زیاتر لە سەتا ٩٠ی مووچەی دەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانی لەم کانگایەی نەداوە.
مووچەی دەوڵەتیی ڕادەی داهاتی دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ وەبەرهێنان، هەڵیجان و هەڵگرتنەوە لە سەرجەم یەکە کانگاییەکان. بەپێی بڕگەی ٦ی مادەی ١٤ی یاسای کانگاکاننیش دەوڵەت ئەرکی سەرشانیەتی لە سەتا ١٥ی مووچە دەوڵەتییەکان کە بەرهەمی چالاکیی کانگاکانە، تەرخانی بکات بۆ درووستکردنی ژێرخانەکان و پەرەسەندنی ئەو شارەی کە کانگاکەی لێهەڵکەوتووە.
کۆمپانیای پەرەسەندن و بووژانەوەی کانگاکانی ئێران وەک وەبەرهێنەری کانگای ئاڵتوونی زەڕشوران، سەرەڕای هۆشدارییە جۆراوجۆرەکان تاکوو ئێستا خۆی لە بردنەسەری بەڵێنەکان و ڕادەستکردنی گەرەنتینامەی بڕواپێکراو بواردووە. ئەم کۆمپانیایە هەروەها خۆی بواردووە لە پێدانی لە سەتا ١ی فڕۆشی ساڵانەی خۆی کە دەبێت تەرخان بکرێت بۆ پەرەسەندنی ژێرخانە بینایی و تەندرووستییەکانی ناوچەیەک کە کانگاکەی تێدا هەڵکەوتووە.
شاری تیکاب وەک جەمسەری بەرهەمهێنانی ئاڵتوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەن ٥٩ کانگای بەهاداری بەردەکانی جوانکارییە، خانەخوێی کۆمەڵەی کەموێنەی "تەخت سولەیمان"ە و "فەرشی ئەفشار"یش وەک دەسکاری تیکاب لە جیهاندا تۆمار کراوە.
بە شێوەیەکی سرووشتی، ئەم شارە دەبوو یەکێک لە دەوڵەمەندترین و پەرەسەندووترین ناوچەکانی ئێران بێت؛ بەڵام هەنووکە تیکاب بە هۆی هەژاریی بەرین و لاوازیی لە ڕادەبەدەری ژێرخانە پەروەردەیی، دەرمانی و پێوەندییەکانی، یەکێکە لە ٣١ شارە بێبەشکراوەکانی ئێران و لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خراوەتە لیستی ٣٦ تەبعیدگەوە بۆ دوورخستنەوەی تاوانباران.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە