بەپێی ڕاپۆڕتێکی پێگەی نوچەی حاڵوەش، کە هەواڵی پەیوەندیدار بە هاووڵاتیانی بەلوچ بڵاودەکاتەوە، ٢٨ کۆنە چەکداری بەسیج لە دوو بنکەی گرنگی سپای پاسداران کە پەیوەستی بنکەی ئەبۆلفەزلی شارۆچکەی چانێف سەر بە شارستانی نیکشار ببون، بەکۆمەڵ دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
حاڵوەش بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی ئەم دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵە "دوای ١٣ ساڵ چالاکیی لە ڕیزەکانی سپای پاسداران" بە هۆی ناکۆکی لەسەر ناردن و جێگیرکردن لە ناوچەی سەراوان ڕوویداوە.
بەرپرسانی سوپای پاسداران داوایان لە هێزەکانی ئەم دوو بنکەی بەسیج کردبوو بە مەبەستی سەرکووتی ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتیانی سەراوان، لەم شارە جێگیرببن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە قسەی لەگەڵ حاڵوەش کردووە ڕایگەیاندووە کە ئەم ٢٨ کەسە لە ساڵی ۱۳۹۸ەوە لە ناوچەکانی گاجۆ و نێکۆچ لەلایەن سپای پاسداران چەکدار کراون و ڕۆڵیان هەبووە لە سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی بەلووچ. بەڵام دوای هێرشی مووشەکی سوپای پاکستان بۆ سەر شاری سەراوان کە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی بەلوچی لێکەوتەوە، چەکەکانیان ڕادەستی بەسیج کردووەتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزە خۆجێیەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، دوای وەرگرتنی فەرمانی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان دەست لەکار دەکێشنەوە.
پێشتریش لە میانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و دوای کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیانی بەلووچ لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ کە بە هەینی خوێناویی خاش و زاهیدان ناوی دەرکرد، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک لە هێزی خۆجێیی بەسیج لە میدیاکاندا بڵاوکرانەوە.
تێبینییەکەت بنووسە