"ئەحمەدڕەزا ڕادان"، فەرماندەی گشتی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی "گەڵاڵەی نور" بە هێزەوە درێژە دەدات.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران (فەراجا)، ڕۆژی ٤ی گوڵانی ١٤٠٣، جەختی لەوە کردەوە: "بە پاڵپشتی پەڕلەمان، دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەری و هاوڕێیەتی خەڵک، بە هێز، وردبینی و زیرەکییەوە درێژە بە جێبەجێکردنی گەڵالەی نور دەدەین".
مەبەستی سەردار ڕادان لە "گەڵاڵەی نور" هەمان "پلانی داوێن پاکی و حیجاب"ە. پلانی ناسراو بە "نور"، شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتی ئێران پێی دەڵێ "بەرەنگاربوونەوەی بێحیجابی"، دوای داواکاری ئاشکرای "عەلی خامەنەیی"، بۆ توندکردنەوەی تووندوتیژی دژی ژنان دەستی پێکرد.
لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا، ژنانێکی زۆر سەبارەت بە تووندوتیژی هێزەکانی پۆلیس، هێزە یەکپۆشەکان و یەکینە تایبەتەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیان، دەگێڕنەوە. حەفتەیەک دوای جێبەجێکردنی ئەم پلانە، فەرماندەی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی (فەراجا)، لە بەیاننامەیەکدا، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە بە "جەنجاڵی میدیایی" ناوبرد؛ هەڵبەت پێداگریشی کرد کە "پۆلیس دوور نەبووە لە هەڵە و" و ئیدیعای کرد "لەگەڵ هەر جۆرە هەڵسوکەوت و کردەوەی هەڵەی ئەفسەرەکانیش ڕوبەڕو دەبینەوە".
پاش ئەوەی یەکێک لە وتەبێژانی نووسینگەی خامەنەیی ڕایگەیاند کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەمەڕ جێبەجێکردنی ئەو پلانە فەرماندەکانی سەرزەنشت کردووە، فەراجا ڕایگەیاند کە دۆخی حیجاب لە ڕوانگەی نیزامیانی ئەم دامەزراوەیە باشتر بووە و بەڵێنی ئەوە دەدات باشتر دەبێت، بەڵام هەڵەی ئەفسەرەکانی ڕەت نەکردەوە.
ئەحمەدڕەزا ڕادان لە پەراوێزی کۆبوونەو لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی فەرهەنگی پەڕلەمان، کە لە بارەگای گشتی پۆلیسی ئێران بەڕێوەچوو "سوپاسی هاوکارانێکی کرد کە لە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە بە پەرۆشەوە کاریان کردووە و بە شێوەیەکی جیهادی کار دەکەن".
هەروەها لە ڕاگەیاندنی ژمارە چواری فەرماندەیی ئینتیزامی ئێران سەبارەت بە گەڵاڵەی نور، ئەم دامەزراوە سەربازییە هەڕەشەی ئەوەی کردووە: "بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی و ناوەندەکانی بڕیاردەر، تێگەیشتنێکی باشتریان لە هۆکارەکانی فەراجا بۆ جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوری هەبێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند دۆسیەی گرینگی تاقمەکانی خراپەکاری ڕێکخراوەیی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کردەوەی تاوانکارییان لە بواری گەندەڵی و لەشفرۆشی، بازرگانی سێکسی، پۆرنۆگرافی و ... ئەنجامداوە، بڵاودەکرێنەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە