دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی فلتەرشکێن لە ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چووارشەممە ٢ی ڕەشەممە ڕایگەیاند کە قەدەغەکردنی فلتەرشکێن "ترس"ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەڵکی ئەم وڵاتە نیشان دەدات.
ئەنجومەنی باڵای فەزای مەجازی، ڕۆژی ۱ی مانگی ڕەشەممە ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی فلتەرشکێنەکان لەمەودوا بە "نایاسایی" دادەنرێت. ئەو بڕیارە پێشتر لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کرابوو.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم بابەتە وتی: «ئەم بڕیارەی نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی ئێران چەندە لە خەڵک دەترسێت ئەو کاتەی بێ بەربەست دەستیان بە ئینتەرنێت و زانیارییەکانیان ڕابگات».
میلەر هەروەها گووتی: «داخستنی ئینتەرنێت لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە ماوەی ڕابردوودا، بووە هۆی زیانی مڵیارد دۆلاری ئابووری وڵاتەکەی و هەڵپچراندنی گەیشتنی زانیاری ئازاد بە خەڵک».
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «پشتیوانیکردن لە ئازادی ئینتەرنێت لە ئێران، بە بەردەوامی یەکێک لە هەولەکانمان دەبێت بۆ بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لەم وڵاتەدا».
ئەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە کردەوەکانی جۆ بایدن لەو بارەوە کرد و وتی کە لە لوتکەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا، "لە هەر سێ ئێرانی یەکێکیان ئامرازە ئەمنی و دیجیتاڵی و دژە سانسۆری ئەمریکی وەک ڤیپیئێنی بەکارهێناوە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بە ملیۆنان کەس لە ئێران تا ئێستاش ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنن.
کۆماری ئیسلامی ئێران، جگە لەوەی یەکێک لە خراپترین تۆڕەکانی ئینتێرنێت لە دنیادا بۆ هاووڵاتیانی دابین دەکات، بەڵکوو یەکێکیشە لەو حکومەتانەی هەوڵ دەدات دەست پێراگەیشتنی خەڵک بە دنیای ئازادی مەجازی سنووردار بکات.
تێبینییەکەت بنووسە