بە گوێرەی ڕاپۆڕتی میدیا کوردییەکانی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرە دێمۆکراتیکەکانی باکور و ڕۆژئاڤای سوریا کە بە ڕۆژئاڤا دێتە ناسکرن، لە ئەنجامی هێرشی تورکیادا بۆ سەر شاری مینبەج هاووڵاتییەک کوژراوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوونە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سوپای تورکیا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئەو هەرێمانە چڕ کردووەتەوە و بەپێی ڕاپۆڕتی ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ بەشێکی بەرچاوی ژێرخانی ئابوری، ڕێگا و بانان، بەنداو و خزمەتگوزاری گشتی ئاو و کارەبا وێرانبوونە یا زیانیان بەرکەوتووە.
تورکیا دەڵێت کە یەکێنەکانی پاراستنی گەل کە سەر بە هێزەکانی سوریای دێمۆکراتیکن و لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، سەر بە پاڕتی کرێکارانی کوردستانن. پاڕتی کرێکارانی کوردستان کە لە لیستی تیرۆری تورکیا دایە، زیاتر لە چووار دەیەیە بۆ مسۆگەر کردنی مافی کوردان لە تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتە لە شەڕ دایە.
هێزە کوردییەکان لە سوریە ڕەدی دەکەنەوە کە بەشێک بن لە پاڕتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها دەشڵێن کە مەترسی نین بۆ سەر تورکیا، بەڵام ناشی شارنەوە کە نزیکی بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژییان هەیە لەگەڵ ئەو پاڕتە.
تورکیا لە ساڵانی رابردوودا بەشێوەی بەرچاو پاڵپشتی کردووە لە ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد کە بەشێکیان ئیسلامین و لە هەمانکاتدا دژی کوردیشن.
هەروەها سوپای ئەو وڵاتە لاینکەم دوو بەشی گەورەی لە باکووری سوریا کە بریتین لە سەرێکانی و عەفرین داگیرکردووە و خستوویەتە ژێر دەستی ئەو هێزانەی نزیکن لە خۆی.
تێبینییەکەت بنووسە