ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕایگەیاند، لقی سێی دادگای کەیفەریی مەهاباد، "سۆعدا خەدیرزادە"، ژنەزیندانی سیاسیی کوردی بە ١٢ ساڵ و نیو زیندان سزاداوە.
بەپێی ئەو هەواڵە، بڕیاری دادگا ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ بە فەرمی بە بنەماڵەی خەدیرزادە ڕاگەیەندراوە.
دانیشتنی دادگای سۆعدا خەدیرزادە ڕۆژی ٢ی خەرمانان بەشێوەی ئانلاین لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڕێوەچووبوو.
وەک هەنگاو نووسیویەتی، سوعدا خەدیرزادە لەلایەن دادگای کەیفەری مەهابادەوە تۆمەتبار کراوە بە "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی دەزگای ئیتلاعاتی ورمێ"دا.
ناوی ئەو ئەندامەی ئیتلاعاتی ورمێ "خدر پیرۆتینیا"یە کە دادگای مەهاباد لەسەر قسەی ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ، هاوسەری سوعدا خەدیرزادە بە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی دەزانێت.
بەپێی هەواڵەکە، وابڕیارە ئەو زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی داهاتووشدا بە تۆمەتی "ئەندامێتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" لە دادگای ئینقلابی مەهاباددا دادگایی بکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوعدا خەدیرزادە پێشتر چەندین جار ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە و بەڕاشکاوی باسی ئەوەی کردووە کە لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا ناچار کراوە بە دانپێدانان لەدژی خۆیدا.
ئاژانسی هەواڵی "کوردپا" ئەوکات سەبارەت بەو دانیشتنە نووسیی، داواکاری گشتیی هەڕەشەی کوشتنی لە سۆعدا خەدیرزادە کردووە.
سۆعدا خەدیرزادە، ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی، خۆی هەڵواسی و هەوڵی دا کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، بەڵام هاوبەندییەکان بەو هەوڵەیان زانی و خێرا گەیاندیانە بەشی دەرمانیی زیندانی ورمێ.
ئەو ژنەزیندانییە سیاسییە لەگەڵ ئاڵا (سۆنیا)ی کچی لە زینداندایە، کە تەمەنی تەنیا دوو مانگ و نیوە.
سەرەتای مانگی خەرمانان، زیاتر لە ٨٠ چالاکی مەدەنیی بواری یەکسانیی ڕەگەزی و جێندەری لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێکەوە سەبارەت بە باری تەندروستی سوعذا خەدیرزادە هۆشداریان دا و خوازیاری ئازاد کردنی خێرا و بێ مەرجی ئەم زیندانییە سیاسییە بوون.
سوعدا خەدیرزادە هەشت مانگ لەماوەی دووگیانبوونی لە زیندانی ورمێدا بوو، سەرەنجام ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان بە نەشتەرگەریی سێزارییەن منداڵەکەی هێنایە دنیا و هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژەش گەڕێندرانەوە بۆ زیندان.
سوعدا خەدیرزادە، ٣٢ ساڵان، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە، ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ لە ماڵی هێوەرەکەیدا بەبێ بڕیاری دادگا و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی پیرانشارەوە دەسبەسەر کرا.
خەدیرزادە دوو ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانەکەی لە پیرانشار بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و پاش ٢٥ ڕۆژ ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ کرا.
خەدیرزادە ڕۆژی ١١ پووشپەڕ بە بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی دەنگی لە زیندانەوە ئاشکرای کرد، کە لەماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر فشار و ئەشکەنجەی دەروونیدا بووە بۆ دان بە تۆمەتی ناڕەوادا بنێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە