ڕۆژی یەکشەمە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢، یەکەم "خەڵاتی ساڵانەی جەماڵ نەبەز" بەخشرایە زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی.
بەپێی هەواڵێک کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بینای شارەوانیی شاری شونبێرگی بەرلیندا بەڕێوە چوو یەکەم "خەڵاتی ساڵانەی جەماڵ نەبەز" بەخشرایە زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی کەلتووری- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و "کانی محەمەدی" خوشکی زارا محەمەدی بە نوێنەرایەتیی لەوەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.
لە ڕاگەیەندراوی دەستەی داوەرەکانی خاڵاتەکەی جەماڵ نەبەز بە ئاماژەدان بە چالاکییە خۆبەخشانەکانی زارا موحەمەدی بە مەبەستی فێرکاری و بەرەودان بە زمانی و شوناسی کوردی، ڕێزی گرت لە هەوڵە بێ پسانەوەکانی سەرباری ئازار و ئەشکەنجە سزا قرسەکان بە دژی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە بۆتە هۆی دەستگیری و زیندانی کردنی.
ئەم خەڵاتە بە دەست پیشخەریی "ناوەندی جەماڵ نەبەز" لە بەرلین بەڕێوە چوو. ناوەندێک کە ساڵی ٢٠١٩ یەک ساڵ دوای مەرگی "جەماڵ نەبەز"، نووسەر و زمانناس، وەرگێڕ، مێژوونووسی کوردی خەڵکی شاری سلێمانی و یەکێک لە پێشڕەوانی بواری کوردۆلۆژی، لە لایەن نزیکانییەوە لە پایتەختی ئەڵماندا دامەزرا و ئەم ساڵ زارا محەمەدیی وەک یەکەم براوەی خەڵاتی ساڵانەکەی هەڵبژراد.
زارا محەمەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کە پێشتر تۆمار کرابوو لەم ڕێوڕەسمەدا بڵاو کرایەوە و هەروەها وتی لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە زمان وەک یەکێک لە "گرینگترین بابەتەکانی پرسی کورد" ببینێت. ئەو وتی ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژوو نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی کوردستان زمانی وەک بەشێکی گرینگی خۆی پێناسە کردووە. ئەو لە بەشێکی دیکەی ئەم گرتە ڤیدیۆییەدا وتی کە سیستمە باڵا دەستەکان بەردەوام لە زمان وەک ئامرازی سەرکوت کەڵکیان وەرگرتووە.
زارا محەمەدی لە بەرواری ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری سنە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ بە هۆی چالاکییە مەدەنی و ئەدەبی و کولتوورییەکانی خۆیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و بۆ ئەنجامدانی دانپێدانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشارەوە و لە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەست و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" دادگایی کرا و بە سزای ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. ئەم بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ.
زارا محەمەدی لە بەرواری ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠دا بۆ تێپەڕ کردنی خولی سزادانەکەی خۆی بە زیندانی سنە ناساند و لە بەرواری ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا لە زیندان ئازاد کرا. ئەم ئازادییە دوای ئەوە ڕوویدا کە کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی بەخشینی عەلی خامنەیی بەشێک لە زیندانیانی ئازاد کرد. لەو کاتەدا ئەگەرچی باس لەوە کرا کە ژمارەیەک لە زیندانییەکان لە ڕێگەی نووسینی تۆبەنامەوە لە زیندان ئازاد کراون بەڵام زارا محەمەدی دەسبەجێ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە داوای بەخشینی نەکردووە و بە زۆر لە زیندان دەر کراوە.
لەم دواییانەدا سەیوان ئیبراهیمی، هاوسەری زارا موحەمەدی و یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژینیش بە یازدە ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دراوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە