ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕوو لە سەرجەم ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مەدەنی، میدیاکان و خەمخۆرانی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت کە تەواوی ئەندامان و هاوکارانی ئەو ڕێکخراوە بەتایبەت ئەندامانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لەژێر "نوێترین هەڕەشەکانی کوشتن، ڕاوەدوونان و گوشاری سەختی ئەمنی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی"دان.
بە گوتەی ئەو ڕێکخراوەیەی مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین کردەوەکانی دەزگای ئەمنیی کۆماری ئیسلامیدا، چەندین ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی هەنگاو بریتی لە "ئەرسەلان یارئەحمەدی" و "ژیلا موستەئجێر"، دانیشتووی هەولێر، پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراق، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشەی ڕفاندن و کوژرانیان لێکراوە.
ئەو ڕاگەیاندراوە لە کاتێک دایە کە هەنگاو لەم دوایییانەدا لەسەر ئەگەری زۆری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی یەک لە هاوکارەکانی خۆی بەناوی حوسێن باقری (ژاکان باران) لەلایەن "هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە" ڕاپۆرتی بڵاو کردبووەوە.
هەنگاو دەڵێت کە "یەکێک لە کەسانی گوماناوی بە هاوکاری لەگەڵ سوپا لە پرۆژەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران، هەڕەشەی کوشتنی لە ئەرسەلان یارئەحمەدی، ژیلا موستەئجێر لە لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی هەنگاو و بنەماڵەکانیان لە نێو ئێرانی کردووە و گوتەیەتی کە بۆ کوشتنی ئێوە، لە نێو ئێران و یان لە دەرەوە لە ڕێگەی هێزەکانی قودس و قەرارگای ڕەمەزانەوە هەوڵ دەدەم".
ئەو ڕێکخراوەیە لە هەمانکاتدا دەڵێت کە بە تێپەڕبوونی ماوەی دوو حەفتە لە بێسەروشوێنبوونی ژاکان باران، بەندکراوی سیاسی پێشوو و لە هاوکارانی هەنگاو لە ئیلام، هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی هەنگاو و هاوڕێیانی ژاکان لەو بارەیەدا بێئاکام ماوەتەوە.
بە گوتەی هەنگاو ناوبراو لە دوو حەفتە پێشترەوە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ تورکیا لە سنووری هەرێمی کوردستان بێسەروشوێن کراوە و ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارییەتی ڕاگواستنی ناوبراویان لەسەر بووە وەڵام نادەنەوە و هەر ئەوە ئەگەری ڕفێندرانی ژاکان بارانی زیاتر کردووە.
ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت کە "بە کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی دێمۆکراسی خوازی ئێران و هەروەها میدیاکان هۆشداری دەدات کە لاوازکردنەوەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنیی کوردستان کە بە تەواوەتی سەربەخۆن و بێ هیچ چەشنە پەیوەندییەک بە ڕەوت، حیزب و سیاسەت بۆ کوردستان و ئێران چالاکی دەکەن، گرینگییەکی زۆری هەیە و ئەو هێرشانە چالاکی مەدەنی و زانیاری ڕاگەیاندنی بەربڵاو لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێرانیان کردووەتە ئامانج و هەروەها بە دووپاتکردنەوەی دەستەواژە تکرارییەکانی دەزگای ئەمنی، کوژران و ڕفاندنی ئەندامەکانی ئێمە لە تەواوی جیهان، بەتایبەت لە ناوچەکە ئاسایی دەکەنەوە".
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە