تانەدانی حەمید نووری لە سزای هەتاهەتایی کە لەلایەن دادگای سویدەوە بۆی بڕاوەتەوە، لەلایەن دادگای باڵای ئەم وڵاتەوە ڕەتکراوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمە، دادگای باڵای سوید بڕیارەکەی ڕاگەیەند و بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک گووتی کە سزای سەر حەمید نووری پشتراست کردووەتەوە و تانەکەی ڕەدککردووەتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچووە کە دادگای تێهەڵچوونەوەی سویدیش تانەکەی حەمید نووری، داواکاری گشتی پێشووی زیندانی گۆهەردەشت ڕەتکردبووە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بە دوو تۆمەتی "تاوانی جەنگ" و "کوشتن" پشتڕاستکردەوە.
بە پێی بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی ستۆکهۆڵم کە ڕۆژی ١٩ی سەرماوەز دەرچوو، بەپێی ئەو ئەم بەرپرسە قەزاییەی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە بە دوو تۆمەتی "تاوانی جەنگ" و "کوشتن" بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە.
هەروەها حەمید نوری جگە لە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی، بە قەرەبووی کەسوکاری کوژراوان و زیندانیانی سیاسیش مەحکوم کرا.
دادگای تێهەڵچوونەوەی حەمید نووری نزیکەی ٩ مانگ بەردەوام بوو. نووری دوو پارێزەری نوێی دەستنیشان کردبوو. بەڵام دیسانیش ئەوەی دەیهەویست بۆی نەچووەسەر.
پرۆسەی دادگاییکردنی نوری لە دادگای سەرەتاییدا بە نزیکەی ١٠٠ دانیشتن لە ماوەی ٩ مانگدا بەڕێوەچوو. ٣٤ داواکار و ٢٦ شایەتحاڵ لە دادگا ئامادەبوون و شایەدییان دا.
حەمید نوری لە بەرگریکردندا لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا بە "ساختە" ناوبرد. کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو "بێ تاوان" بووە و پرۆسەی دادگاکەیی کردنیان بە "سیاسی" ناوبردووە.
هەرچەندە ئەم دادگایە لە سوید بەڕێوەچوو، بەڵام بەپێی "بنەمای دەسەڵاتی دادوەری نێودەوڵەتی" مامەڵەی لەگەڵدا کرا. ئەمە یەکەمجار بوو کە تۆمەتبارێک لە دەرەوەی ئێران لەبەر تاوانێک کە لە ئێران ئەنجامی داوە، دادگایی بکرێت و سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت.
بنەمای "دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر" ڕێگە دەدات تاوانباران کە تووشی تاوانی جەنگ یا تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بوون، لە دادگاکانی وڵاتانی دیکەدا دادگایی بکرێن، بەبێ گوێدانە شوێنی تاوانەکە و ڕەگەزنامەی تۆمەتبار یان قوربانییەکان.
حەمید نووری ناسراو بە "حەمید عەباسی" مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئارلاندای ستۆکهۆڵم دەستگیر کرا.
نووری لە شەستەکانی هەتاویدا کە هاوینی ساڵی ١٣٦٧یش دەگرێتەوە لە دەزگای داد و زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا کاری کردووە و بەپێی شایەتیی زیاتر لە ٧٠ شایەتحاڵ لەو سەردەمەدا ڕۆڵی هەبووە لە کوشتاری زیندانیانی سیاسیدا.
مانگی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ لەسەر فتوای "ئایەتوڵلا خومەینی"، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی هەزاران بەندکراوی سەربە سازمانی موجاهدینی خەلق و بەندکراوی سیاسیی چەپ بەبێ دادگایی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدران.
ژمارەی ڕێکی ئەو بەندکراوانە هەرگیز ئاشکرانەکرا، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە لەو دوو مانگەدا لانیکەم پێنج هەزار بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون.
دەزگای داد و دەزگای زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی تەرمی هیچ کامە لەو زیندانییانەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردەوە و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ناشتیانن. بەناوبانگترین گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو زیندانیانە، گۆڕستانی "خاوەران"ـە کە کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئێرانەوە.
"ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆککۆماری ئێستای حکومەتی ئێران لەکاتی کوشتاری هاوینی ١٣٦٧ی زیندانیانی سیاسیدا، جێگری داواکاری گشتی تاران و یەکێک بوو لە چوار ئەندامی "کۆمیتەی مەرگ"ی کۆماری ئیسلامی.
کۆمیتەی مەرگ لەسەر فەرمانی "ڕووحوڵا خومەینی"، دامەزرێنەر و ڕێبەری ئەوسای کۆماری ئیسلامی پێکهاتبوو و ئەرکدار کرابوو بە لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییانەی پەشیمان نەبوبوونەتەوە لە هەڵوێستە سیاسییەکانیان.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە