close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ژنان

چالاکانی یەکسانیی ڕەگەزی و جێندەریی ئێران بۆ ٢١ی پووشپەڕ؛ "خۆڕاگری درێژەی هەیە"

۲۱ پووشپەڕی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
چالاکانی یەکسانیی ڕەگەزی و جێندەریی ئێران بۆ ٢١ی پووشپەڕ؛ "خۆڕاگری درێژەی هەیە"
چالاکانی یەکسانیی ڕەگەزی و جێندەریی ئێران بۆ ٢١ی پووشپەڕ؛ "خۆڕاگری درێژەی هەیە"
چالاکانی یەکسانیی ڕەگەزی و جێندەریی ئێران بۆ ٢١ی پووشپەڕ؛ "خۆڕاگری درێژەی هەیە"

زیاتر لە ١٢٠ کەس لە چالاکانی مافەکانی ژنان و چالاکوانانی مافەکانی کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکان هاوکات لەگەڵ کەمپەینێکی بەرین کە لە لایەن دژبەرانی حیجابی زۆرەملییەوە کە بۆ ٢١ی پووشپەڕ ڕێکخراوە، بە واژۆکردنی ڕاگەیاندنێک ڕایانگەیاند کە دیاری‌کردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی حیجاب و عەفاف، "بیانوویەکە بۆ دەست‌پێکردنی تازەی سەرکوتی زیاتری خەڵک و بە شێوەی تایبەتی ژنان ئێران."

لە بەشێکی ئەم ڕاگەیاندنە کە لە تریبوونی زەمانەدا بڵاو کراوەتەوە جگە لە ئاماژەدان بە مێژووی خەباتی ژنانی ئێران لە هەموو خولەکانی ڕابردوودا بۆ هەبوونی مافی هەڵبژاردنی جل‌وبەرگ هاتووە: "ئەمەی کە ٨٦ ساڵ بەر لە ئێستا ژمارەیەک لە مزگەوتی گەوهەرشاددا بە هۆی دژایەتیی کەشفی حیجاب‌ لە لایەن حکوومەتی ئەوکاتەوە سەرکوت کران، پێوەندی‌دارە بە مێژووی حیجابەوە لە ئێران‌دا کە زیاتر وەک بنەڕەتی ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی حیجاب باس دەکرێت و دەبێت لە شوێنی ڕاستەقینەکەی خۆی، واتە لە مێژوودا، ڕەخنەی لێ‌بگیرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، نەک ئەوەی بیانوویەک بێت تا ژنان و کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکانی ئەمڕۆ لە هەموو شارەکان و گوندەکان‌دا لە سەری سزا بدرێن."

ئەوانەی ئەم ڕاگەیاندنەیان واژۆ کردووە کۆمەڵێک ناوی ناسراوی وەک "ئاسییە ئەمینی"، "پەروانە حوسەینی"، "فەرەنگیس بەیات"، "ڕزوان موقەدەم" و "مەنسوورە شوجاعی"ن کە جەختیان لەسەر هەڵاواردن بەپێی جلوبەرگی زۆرەملییەوە کردووە و لە ڕاگەیاندنەکەیان‌دا نووسیویانە: "جل‌وبەرگ‌پۆشینی ئیسلامی وەک جل‌وبەرگ‌پۆشینی واڵا، بە شێوەیەکی کرداری ئەو ژنانەی کە دژی ئەم جۆرە جل‌وبەرگ‌پۆشینەن و نایانەوێت بەپێی ئارەزووی دەسەڵاتدارانی جل لەبەر بکەن، لە دەرفەتە سیاسی، زانستی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بێ‌بەش کردووە."

ئەم چالاکوانانە هەموو کۆمەڵگای ئێران بە "بریندار و زیاندیتووی دەست یاساکانی حیجاب و پڕۆژە یاسای عەفاف و حیجاب" وەسف کردووە و نووسیویانە: "بەڵام ئەم زیانانە و ڕووبەڕووبوونەوەیان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەڕەشە بووە بۆ سەر ژیانی زۆربەی ژنانی ئێران لە دوای شۆڕشی ٥٧ و ئەم ڕەوتە تاکوو ئەمڕۆ نەک ڕانەوەستاوە، بەڵكوو سەرکوتکارتر و ئامانجدارتریش بۆتەوە."

چالاکانی مافەکانی ژنان و هەروەها چالاکوانانی کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکان لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەیان‌دا ناودێرکردنی ڕۆژێک بە ناوی "حیجاب و عەفاف" بە "نیشانەی بەتاڵ بوونی دەستی حکوومەتی ئێران لە هەمبەر خەباتی ژنان" زانیوە و جەختیان لەسەر ئەمە کردووە: "ئێمە مافەکانمان دەزانین و ڕێگای گەیشتن بەم مافانەیش فیر بووین، کەواتە خەبات و خۆڕاگریمان درێژەی هەیە."

بە نزیک‌بوونەوە لە ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ، ڕۆژی "حیجاب و عەفاف" لە ئێران‌دا ژمارەیەکی زۆری دژبەرانی حیجابی زۆرەملی لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە لە میدیا کۆمەڵایەتییەکان‌دا کەمپەینێکیان وەڕێ خستووە کە داوا لە ژنانی دژبەری حیجاب دەکەن بەبێ سەرپۆش و حیجاب لە شوێنە گشتییەکان‌دا ئامادە بن.

لایەنگرانی ئەم کەمپەینە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هاشتاگی حیجاب بێ حیجاب داوا لە ژنان دەکەن "لە هەر کوێ هەن حیجاب و سەرپۆشەکانیان هەڵبگرن."

هاوکات لەگەڵ تووندبوونەوەی ڕێگرییەکان بە دژی ژنان بۆ پاراستنی ئەو شتەی پێی‌ دەگوترێت حیجابی ئیسلامی لە مەشهەد، جیگری دادستانیی ئەم شارە لە نامەیەک‌دا بڕیاری بڕینی خزمەتگوزاریی بە کەسانی بەد حیجاب لە بانکەکان و مێترۆکانی داوە و لە مێترۆی تاران‌دا پێنج "وێسگەی خۆشەویستی" وەڕێ خراوە تا دەربارەی "برەودان بە کولتووری عەفاف و حیجاب و شێوازی ژیانی ئیسلامی" ڕاوێژ بە داخوازی‌کران بدەن.

ئیمام جومعە دەسنیشان‌کراوەکانی عەلی خامنەییش بەشێکی گرینگی خوتبەکانی نوێژی هەینیی ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕیان تەرخان کردووە بۆ قسەکردن لەسەر پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی تووندتری "بەد حیجابەکان" لەوانە سەید نەسیر حوسەینی، ئیمام جومعەی یاسووج لە خوتبەکەی ئەمڕۆی‌دا وتوویەتی: "ژنە بەد جلوبەرگەکان هەمووان دەبزوێنن و یەکێک لە هۆکارەکانی تەڵاق و جیابوونەوەکان لە کۆمەڵگادا هەرم ئەم شێوازە جل‌وبەرگ پۆشینەیە."

ئەم ڕووحانییە دەسنیشان‌کراوەی عەلی خامنەیی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ژنانی "بەد حیجاب" پێویستە "تێچووێکی قورس بدەن تا دەست لەم چەشنە کارانە هەڵبگرن."

ئیمام جومعەی یاسووج هەروەها وتوویەتی: "بۆ دەبێت ژنان لاق و پووزی خۆیان ڕووت بکەنەوە، دوژمنیش هەر ئەمەی دەوێت."

پرسی حیجاب لە چل ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بۆ دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی ئالنگارییەکی گەورە بووە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیدی لەگەڵ ئەو شتەی ناویان ناوە "بەد حیجابی" بە پێکهێنانی بنکەکانی حیجاب و عەفاف و هەروەها ستادی ئەمر بە چاکە و نا بۆ خراپە ژنانی ناچار بە قبووڵ‌کردنی پێناسەی حاکمییەت لە حیجاب کردووە، بەڵام ئەم هەوڵانە تاکوو ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.

بەڵام ئەم ساڵ بابەتی بەرامبەرکێ و بەگژداچوونەوەی بەد حیجابی بەبێ ڕەچاوکردنی کیشەکانی بژێوی، ناڕەزایەتییە پیشەییەکان، گرانی، هەڵاوسان و ناڕەزایەتیی بەرینی هاوڵاتیان بەرامبەر بارودۆخی ئابووری بۆتە مانشێتی یەکەم میدیاکان و لە ڕیزی سەرەوەی هەموو هەواڵەکانی ئێراندان.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە