close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

.

۱۰ پووشپەڕی ۱۳۹۹
آوات پوری
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
.

تایبەتی ئێڕان وایەر؛ زیاتر لە مانگێکە کە زەینەب جەلالیان بێ سەروشوێن کراوە

 

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕەوە بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە لەبەردەستدا نییە. هاوکات هەندێک سەرچاوە باس لە گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی کرمان دەکەن.

دەنیز جەلالیان، خوشکی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێران وایەر دەڵێت: "ئێمە پاش ماوەیەک کە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نەبوو بیستمان کە براوە بۆ بەندیخانەی کرمان، بەڵام خۆی هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەوە نەبووە لەو ماوەیەدا".

جێگەی ئاماژەییە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەفتەیەک پاش گواستنەوەی زەینەب جەلالیان لە بەندیخانەی قەرچەک لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕدا لە هەواڵێکدا باسی ئەگەری گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ بەندیخانەی کرمانی کردبوو.

بەگوێرەی قسەکانی دەنیز جەلالیان، زەینەب دوایین جار لە بەندیخانەی قەرچەکەوە پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ئاشکرای کردووە کە بە داواکاریگەلی "گواستنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران یان گەڕاندنەوە بۆ بەندیخانەی خۆی" و "پێڕاگەیشتنی پزیشکی" دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

خوشکی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە بەردەوامیدا دەڵێت کە زەینەب لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کێشەی هەناسە هەڵکێشانی هەبووە و بە سەختی دەنگی دەرهاتووە، هەروەها لەو پەیوەندییەدا وتوویەتی کە پزیشکەکان چەندین پەڵەی ڕەشیان لەسەر جگەری بینیوە و بەو حاڵەشەوە ڕێگەی چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی بەندیخانەی پێنەدراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە زەینەب جەلالیان پێش گواستنەوەی لە بەندیخانەی خۆیەوە بۆ قەرچەکیش تووشی نەخۆشیی چاو و کەم بینایی بوو و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگەی چارەسەریی پزیشکییان پێنەدەدا.

دەنیز جەلالیان هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەو کاتەی زەینەب لە بەندیخانەی خۆیەوە براوەتە دەرەوە سەرەتا گواستراوەتەوە بۆ بەندیخانەی کرماشان، پاشان بۆ بەندیخانەی ورمێ و لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەک براوە. لە هەموو ئەو ڕێگا درێژەشدا دەست و قاچەکانی بەستراو بوون و چاوبەندی بە چاوەوە بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەنیز جەلالیان بۆ ئێران وایەری ئاشکراکرد، زەینەب جەلالیان لەو ماوەیەدا خراوەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر کامێراکانی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیدا ئامادەبێت و پەشیمانی دەرببڕێت لە ڕابردووەکەی.

هەروەها دەڵێت بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت بەڵێنی ئازادبوون و چارەسەریی تەواوی پزیشکیشیان پێداوە، بەڵام زەینەب ئامادە نەبووە ئەو کارە بکات.

هەرچەند دەوترێت کە زەینەب جەلالیان لە ئێستادا لە بەندیخانەی کرمان دا بەسەر دەبات، بەڵام هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەو بارەیەوە لە بەردەستدا نییە، بۆیە دەکرێت بوترێت کە ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ئێستادا بێ سەروشوێنە.

هەروەها لەو ڕووەوە کە لە پاش مانگرتنی لە خواردنەوە بۆ ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە نەبووە، دیار نییە کە ئایا بەردەوامە لە مانگرتنەکەی یان شکاندوویەتی.

زەینەب جەلالیان لە ساڵی ١٣٨٦دا (٢٠٠٧) دەستبەسەرکرابوو و دوو ساڵ دواتر بە تۆمەتی "چوونەدەرەوەی نایاسایی لە وڵات" بە ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی خوا (موحاربە) لەڕێگەی ئەندامێتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)" بە سێدارە سزادرابوو.

هەرچەند ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوە و دادگای باڵای وڵاتدا پشتڕاستکرایەوە، بەڵام دواتر سزاکەی پلەیەک کەم کرایەوە و بە بەندکرانی تاهەتایی گۆڕا.

زەینەب جەلالیان ماوەی ١٣ ساڵە بەبێ تەنانەت یەک ڕۆژ وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە بەندکراوە و لەو ماوەیەشدا بە جۆری جیاوز خراوەتە ژێر فشارەوە بۆ دانپێدانانی زۆرەملی.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

ڕاپۆرت

.

۱۰ پووشپەڕی ۱۳۹۹
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
.