وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکات، کە هۆکاری گیان لەدەستدانی گوماناویی "شاهین ناسری"، شایتەحاڵەکەی ئەشکەنجەی "نەوید ئەفکاری" وەرزشکاری ئێرانیی لەسێدارەدراو، "ژەهراویبوونی دەرمانی" بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٠، "زەبیحوڵلا خوداییان" سەبارەت بە گیان لەدەستدانی شاهین ناسری لە بەندیخانەی "فەشافویە"ی تاران وتی، پزیشکی داد ڕایگەیاندووە کە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو بەندکراوە "ژەهراویبوونی دەرمانی" بووە.
شاهین ناسری پاش ئەوەی لەسەر ئەشکەنجەکانی "نەوید ئەفکاری" لە بەندیخانەی "عادڵ ئاباد"ی شیراز شایەتی دا، بۆ بەندیخانەی فەشافویەی تاران دوورخرایەوە و ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ لەو بەندیخانەیەدا گیانی لەدەستدا.
"ڕێکخرای مافەکانی مرۆڤی ئێران" ئەوسا ڕایگەیاندبوو کە شاهین ناسری لە بەندی تاکەکەسی بەندیخانەی فەشافویەدا گیانی لەدەستداوە.
ڕێکخراوی بەندیخانەکانی ئێرانیش ڕایگەیاند، کە ئەو بەندکراوە بە پێی خۆی چوەتە بەشی تەندروستیی بەندیخانە، بەڵام پرۆسەی پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆی سەرکەوتوو نەبووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
شاهین ناسری لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩دا گەیشتبووە دەستی "ئێرانوایەر" وتبووی، بەڕێکەوت ئاگای لێ بووە کە نەوید ئەفکاری چۆن ئەشکەنجەدراوە.
هەروەها وتبووی کە لە سێ دادسەرادا بەشێوەی نووسراو و زارەکی شایەتی داوە لەسەر ئەشکەنجەدانی نەوید ئەفکاری، بەڵام شایەتییەکەی قبوڵ نەکراوە.
نەوید ئەفکاری، پاڵەوانی زۆرانی ئێرانی یەکێک بوو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییە سەرتاسەرییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٧ لە شیراز کە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩دا بەتۆمەتی "موحاربە" و "کوشتنی کارمەندی ناوەندێکی ئەمنی" لەسێدارەدرا.
"وەحید ئەفکاری" و "حەبیب ئەفکاری" دوو برای نەوید ئەفکاری هێشتا لە بەندیخانەی "عادڵ ئاباد"ی شیرازدا بەندکراون.
تێبینییەکەت بنووسە