ڕێکخراوی دەنگوڕەنگی ئێران بە دەیان کەناڵی تێلێڤیزیۆنی و ڕادیۆییەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی خەڵکی ئەو وڵاتە لە دەست دەدات. گەورەترین دەزگای پڕوپاگاندای کۆماری ئیسلامی کە ساڵانه بە میلیارد تمەن بوجە وەردەگرێت و بە هەزاران فەرمانبەری هەیە، چەندین ساڵە زۆربەی هەواڵ و ڕاپۆرت و بەرنامە سیاسییەکانی بێمشتەری و کەممشتەری و کەمبینەر ماونەتەوە.
ئەم شەپۆلی بێمتمانەییە بە هەواڵ و بەرنامە سیاسییەکانی ڕێکخراوی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی دوایی لە کۆمەڵگای ئێراندا بە شێویەکلی کەموێنە قووڵ بۆتەوە و بە هەموو کەلەبەر و قوژبنێکی ئەو کۆمەڵگایەدا ڕۆچووە و ڕای گشتی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامەکانی تێلێڤیزیۆنە فارسیزمانەکانی دەرەوەی ئێرانی کردۆتە جێگرەوەی خۆی. توێژینەوەیەکی فەرمیی سەر بە زانگۆی سەربازیی بەرگریی نەتەوەیی پەرژاوەتەسەر هۆکارەکانی بێمتمانەیی ڕای گشتی بەرامبەر بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لەوانە بێلایەننەبوون و ناتەباییان لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگادا و کۆمەڵێک ڕێگەچارەی بۆ زیادکردنی بەردەنگەکان پێشکەش کردووە.
***
ئاستی متمانەی ڕای گشتی بە بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی چەندەیە؟
لە بونیادی ئیداریی ڕێکخراوی دەنگوڕەنگدا، جێرگرایەتیی سیاسی گرینگترین و سەرەکیترین سەرچاوەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بەرنامە سیاسییەکانە لە هەموو میدیا ناوخۆییەکاندا؛ جێگرایەتییەک کە دەوترێت بەڕێوەبەرەکانی لە لایەن بەیتی ئایەتوڵا "عەلی خامنەیی"ەوە دەستنیشان و سیاسەتە گشتییەکانی ئەم جێگرایەتییەیش هەر لە هەمان بەیتدا دیاری دەکرێت و ڕادەگەیەنرێت.
ئەم جێگرایەتییە، ئیدارەدان و ئاراستەکردنی دەزگای میدیایی دەنگوڕەنگ، ئیدارەکانی سەرجەم بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و کۆی بەرنامە سیاسییەکان ڕێکخراوەکە دیاری دەکات و ڕایدەگەیەنێت و کۆنتڕۆڵی دەکات.
دەرەنجامەکانی ڕاپرسییەکانی ناوەندی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ دەڵێت، ڕادەی متمانەی ڕای گشتی بەرامبەر هەواڵەکان و بەرنامە سیاسییەکانی ئەم ڕێکخراوە کە لە ساڵی پێشوودا دەوری لە سەتا ٦٠ بووە، لە ساڵی ١٣٩٧ بۆ ئاستی لە سەتا ٤١.١٤ دابەزیوە و پێدەچێت ئەم ئامارە لە ساڵەکانی نزیکبوونەوە لە ١٤٠٠یشدا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبێت.
گرینگترین ئالنگاریی بەرنامەی میدیایی دەنگورەنگ لە زمانی توێژینەوە تازەکەی زانکۆی بەرگریی نەتەوەییەوە چییە؟
قەیرانی بینەر و بێمتمانەیی بەرین بە هەواڵ و زۆربەی بەرنامە سیاسییەکانی دەنگوڕەنگ، بابەتی نوێترین ڕاپۆرتی توێژینەوەیەکە کە لە ژمارەی وەرزنامەی "ئەمنییەتیی نەتەوەیی" سەر بە زانکۆی سەربازیی "بەرگریی نەتەوەیی لە ژێر ناوی "ڕێکارەکانی بەرزکردنەوەی متمانەی بەردەنگی میدیای نەتەوەیی"دا بڵاو کراوەتەوە.
لە ڕوانگەی ئەم توێژینەوە، گرینگترین ئالنگارییەکانی بەرنامەکانی هەواڵدەری و سیاسیی ڕێکخرای دەنگوڕەنگ "لایەنگری لە هەواڵەکان و بێلایەننەبوون"ی ئەم ڕێکخراوەیە و نووسیویەتی، هەواڵەکانی دەنگوڕەنگ لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێراندا نایەنەوە.
یەکێک لە کارناسانی بەشدار لەم توێژینەوەدا بە ڕەخنەگرتن لە بۆچوونی دەنگوڕەنگ وتوویەتی: "بەداخەوە دەنگوڕەنگی [کۆماری ئیسلامیی ئێران] بە زۆری لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکاندا بێلایەن نییە و وشەگەلێک بەکار دەهێنێت کە بە کرداری دەبێتە هۆی ئاراستەگیری."
بەو جۆرەی لەم توێژینەوەدا هاتووە، جۆری ڕووماڵکردنی دەنگوڕەنگی ئێران دوورە لە حەز و ویستی خەڵکی ئێران و ئەمە "ئەولەویەتەکانی ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکەیە" دیاریی دەکات چ هەواڵ و بەرنامەگەلێکی سیاسی لە میدیاکانییەوە بڵاو بکرێنەوە.
کارناسێکیتر هەر لەم بارەوە وتی: "کاتێک حەز و ویستی خەڵکی ئێران بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر لەوانە گۆڕینی ستایلی ژیان، چالاکییە تێکدەرانەکانی میدیا فارسیزمانەکان و… گۆڕاوە، چۆن میدیای نەتەوەیی دەتوانێت لەگەڵ ئەم حەز و ویستەدا هاوتەریب بێت، لە بنەڕەتدا ناکرێت و ئەمە دەبێت هۆی ئەوەی لە نێوان خواستەکانی بینەران و بۆچوونی میدیا نەتەوەییەکاندا ناکۆکی ساز بێت."
لەم توێژینەوەدا هەروەها هاتووە کە دەنگورەنگ بە دەست نەبوونی "هێزی پڕۆفێشناڵ"ەوە دەناڵێنێت، ناکۆکیگەلێکی قووڵ لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا هەیە و لە داخستنی کۆنداکتۆدا سەرنج بە داخوازییەکانی بینەران نادات و لە هەڵبژاردنی هەواڵەکاندا بەپێی حەز و ویستی خۆیان کار دەکەن و بەهاکانی کاری میدیایی ڕەچاو ناکەن.
بە باوەڕی کارناسێکیتر "لە بارودۆخێکدا کە ئیدارەدانی هەواڵ لە میدیا بیانییە ئاڵۆزەکاندا، وردکارانە و زانستییە، لە دەنگوڕەنگدا شایەتی کاری ناپڕۆفێشناڵی هەندێک لە سەرنووسەران و بەرێوەبەرانی نووسین و داڕشتنی هەواڵداین؛ بۆ نموونە، کەسانێکی زۆر بەرپرسیارێتیی هەواڵ و دەنگوڕەنگیان بە دەستە کە نەک هەر تێیدا شارەزا نین، بەڵکوو کۆمەڵێک هێڵی سوور دەکێشن کە بۆخۆیان سازیان کردووە."
کارناسێکیتر دەربارەی ناکۆکییەکان لە بەرنامەکانی دەنگوڕەنگدا توویەتی: "هەندێک جار کارکردی جێگرایەتیی دەنگوڕەنگ لە ئاراستەی ئامانجێکی سیاسیدا هاوتەریب نییە. بۆ وێنە، کاتێک بەستێنی سیاسیی هەواڵێک و ڕەوتی دژەئەمریکی بڵاو دەکاتەوە، دەنگوڕەنگ دەسبەجێ فیلمێکی ئەمریکایی بڵاو دەکاتەوە کە دەرخەری دەسەڵاتی ئەمریکایە لە جیهاندا."
لە بەشێکیتری ئەم توێژینەوەدا هاتووە کە هەواڵەکانی دەنگوڕەنگ بە هۆی "تەقلیدە تووندڕەوانەی تێکەڵ بە گاڵتە"ەوە بنەرێکی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگای ئێراندا نییە.
ئەم توێژینەوە نووسیویەتی لەوێوە کە ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ بێڕکابەرە، لێرەوە دارشتنی سیاسەتی دەستەگەری و شەخسی تێیدا زەقە و هەر ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی سەرکەوتوو نەبێت لە ڕاکێشانی بینەراندا.
ئەوان هەروەها وتوویانە، "ڕووبەڕووبوونەوەی کارکردی ڕووماڵکردنی میدیا لەگەڵ حەز و ویستی ڕای گشتی" و "نەبوونی هێزی پڕۆفێشناڵ و پسپۆڕی پێوەندییەکان" بە یەکێکیتر لە هۆکارە گرینگەکانی ئەم شکستە دەزانن.
ئەم کارناسانە هەروەها وتوویانە، ڕوانگەی سیاسیی یەک لایەنە، لاوازی لە لێکۆڵینەوە لە بەرنامە سیاسییەکان، دەرهێنانی بەرنامە بە مێتۆدی کۆن، سەرنجڕاکێش نەبوون، نەبوونی فرەچەشنیی بابەتەکان، کەمتەرخەمی لە ئاست داخوازییەکانی بینەران و ڕەچاونەکردنی بنەما پیشەییەکان، بە گرینگترین ئالنگارییەکانی دەنگوڕەنگ دەزانێت لە بواری بەرنامە سیاسییەکاندا.
ڕێکارەکانی ئەم توێژینەوە فەرمییە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی بینەران چییە؟
ئەم توێژینەوە لە کۆتاییدا هاوتەریب لەگەڵ کارناسەکانی بواری میدیادا نووسیویەتی ئەگەر ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ دەیەوێت متمانەی لە دەستچووی ڕای گشتی بە دەست بهێنێتەوە پێویستە "بنەمای ڕاستگۆیی و شەفافیەت لە بڵاو کردنەوەی هەواڵەکان و بەرنامەکان"دا بخاتە سەرووی هەموو ئەولەویەتێکەوە.
ئەوان هەروەها وتوویانە، دەنگوڕەنگ لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و بەرهەمهێنانی بەرنامە سیاسییەکاندا دەبێت "بنەمای بێلایەنیی نێوان گرووپەکان و توێژەکانی کۆمەڵگا بخنە دەستووری کاریانەوە.
ئەم پێشنیارانە لە بارودۆخێکدا بە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ و جێگرایەتیی سیاسیی کراوە کە دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەک کە بەهاری ساڵی ١٤٠٠ دەربارەی هێزە مرۆییەکانی هەواڵدەریی دەنگوڕەنگ بڵاو کراوەتەوە، دەری دەخات زیاتر لە سەتا ٧٢ی ئەم هێزی کارە بە ڕادەی "تەواوەتی" و "زۆر" دڵیان لای کارەکەیان نییە و گرینگی بە "بەرهەمداریی ڕێکخراوەکە" نادەن.
ئەم دەرەنجامە بەم مانایە که فەرمانبەرانی هەواڵدەریی دەنگوڕەنگ لە دیاریکردنی ئۆپێراسیۆنی ڕۆژانە، ئامانجە درێژماوەکان و ئاسۆی ڕێکخراوەکەی خۆیاندا دەوریان نییە و تەنانەت پێوەندییەکانی نێوانیشیان سارد و سڕە.
نزیک لە سەتا ٧١ی ئەم فەرمانبەرانە هەروەها وتوویانە لەو ڕێکخراوەدا تا ڕادەیەکی زۆر کەم "سەربەخۆ و سەربەستن."
ئەم ئامارە دەری دەخات کە ئازادی و سەربەستی و سەرچاوەی پێویست بە فەرمانبەرانی ئەم هەواڵدەرییە نادرێت تا کارەکانیان بە شێویەکی ئازادانە پێناسە بکەن و تێیدا داهێنەر بن.
نزیک لە سەتا ٥٠یش وتوویانە: "بەردەوام گومانیان لە یەکتری هەیە و بە شێوەیەکی جیدی وریای بەرنامەکان و ئایدیاکانی خۆیانن."
لە سەتا ٥٠ی ئەم فەرمانبەرانە وتوویانە، لە ناو ڕێکخراوەکەدا "فەرمانبەرەکان ڕقیان لە یەکدییە، داو بۆ یەکتر دەنێنەوە، دەچنە ناو جەنگی دەسەڵاتەوە، نایەنە سەر کارەکانیان و تۆمەت دەبەخشنەوە."
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە تەنیا بەشێکی بونیاد و پێوەندییە ناوخۆییەکانی ڕێکخراوی پان و بەرینی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدەن کە بێمتمانەیی، بێهیوایی و نەبوونی ئازادیی هێزی کار، نەبوونی ئازادی لە ڕووماڵکردن و بڵاو کردنەوەی هەواڵ، دەوری سەرەکی دەبینین لە کەمبینەریی بەرهەمەکانیاندا.
رێکخراوی دەنگوڕەنگ لە ڕێگەی ئیدارەدانی لە دەرەوە، باڵادەستیی هێزە تووندڕەوە سیاسی و ئایینی و ئەمنییەتییەکان بەسەرییەوە و پێوەندییە ناوخۆییە لەرزۆک و لەبەرهەڵوەشاوەکانی، ڕێگایەکی دوورودرێژی لە پێشە بۆ ڕێفۆم لە سیاسەتەکان و بەرنامەکانیدا کە بە بڕوای زۆر کەس بەم بارودۆخەی ئێستاوە، هیچ هیوایەک بۆ کار و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیدی کە ببێتە هۆی ئاشتکردنەوەی دووبارەی ڕای گشتی لەگەڵ هەواڵەکان و بەرنامە سیاسییەکانی ئەم ڕێکخراوە، لە داهاتووی ئەم ئۆرگانە ئایۆلۆژیکەی کۆماری ئیسلامیدا نابینرێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە