بنەماڵەی دە چالاکی پیشەیی بەندکراو لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەرامبەر بە بەردەوامبوونی دەستگیرکردنی کاتیی ئەم دە کەسە و ئەو تۆمەت و درۆیانەی لە لایەن "صدا و سیما"ی کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە خراوەتە پاڵیان.
لەم نامەیەدا کە لە لایەن بنەماڵەکانی "جەعفەر ئیبراهیمی"، "ئانیشا ئەسەدوڵاهی"، "ڕەسووڵ بوداقی"، "محەمەد حەبیبی"، "حەسەن سەعیدی"، "ڕەزا شەهابی"، "ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی"، "شەعبان محەمەدی"، "کەیوان موهتەدی" و "مەسعوود نیکخا"وە واژۆ کراوە، جگە لە ئاماژەدانی ڕاستەوخۆ بە دێکۆمێنتارییە دوژمنکارانەکانی سەداوسیما بە دژی ئەم چالاکە پیشەییە دەستگیرکراوانە و ئەو تۆمەتانەی کە لەم دێکۆمێنتارییەی سەداوسیمای کۆماری ئیسلامیدا خرابووە پاڵیان نووسراوە: "دەسبەجێ دوای دەستگیرکردنی ئازیزانی ئێمە، تۆڕە جۆراوجۆرەکانی سەداوسیما بە هاوکاریی دامودەزگا ئیتلاعاتییەکان، دۆسییەسازیی بە دژیان دەستی پێکرد و هەموو جۆرە تۆمەتێکیان خستە پاڵیان. هەموو نیشانەکان، هەر لە سەرەتاوە، دەرخەری هەوڵدانی مایەپووچی دەزگا ئەمنییەتییەکان بوو بۆ خستەپاڵی درۆ و تۆمەتبەخشینەوە."
واژۆکارانی ئەم نامەیە هەروەها خوازیاری ڕاگرتنی هەرچی زووتری دۆسییەسازیی درۆیین بە دژی چالاکانی پیشەیی دەستگیرکراو و کۆتاییهێنان بە لێپرسینەوە قیزەون و هەڕەشەئامێزەکان بوون و نووسیویانە: "هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی بەندکردنیان لە ئارادا نییە. هەڕەشەکان و بێڕێزییەکانی بەرپرسانی زیندان و بازجووەکان بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ دەستگیرکراوان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان، نموونەی هەرە بەرچاوی ئازاردان و ئەشکەنجەیە و پێویستە بە خێرایی کۆتایی پێبهنرێت."
واژۆکارانی ئەم نامەیە ئاماژەیان داوەتە هەڕەشە بەردەوامەکانی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان لە بنەماڵەکان و نووسیویەتی: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەڵسوکەوتی بەرپرسانی دادوەری لەگەڵ ئێمەی بنەماڵەکانی ئەم دە چالاکە دەستگیرکراوە، پڕ بووە لە ئیهمال و کەمتەرخەمی. هاوکات، هەڕەشەمان لێدەکەن کە ئەگەر بێدەنگ نەبین، کێشەکەمان لێ قووڵ دەکەنەوە. بۆچی دەست لە ئازار و ئەشکەنجەی کرێکاران و مامۆستایان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان هەڵناگرن؟ بۆچی کۆتایی بەم شانۆ بێشەرمانە ناهێنن. بۆچی ناتانەوێ تێبگەن کە چیتر ئەم درۆیانە کڕیاریاریان نییە؟"
دەقی تەواوی نامەکە لێرە بخوێننەوە:
"وەک پێشتریش لە هەواڵەکاندا هاتبوو، مانگی گوڵانی ئەم ساڵ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری، زۆربەیانی دەستگیر کردووە و گواستوویانیەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین. ئەم دەستگیرکراوانە، ئەندامانی بنەماڵە و جگەرگۆشەی ئێمەن."
دوای دەستگیرکردنی ئازیزانمان دەسبەجێ، تۆڕە جۆراوجۆرەکانی سەداوسیما بە هاوکاریی دەزگا ئیتلاعاتییەکان، دۆسییەسازییەکانی بە دژی ئەوان دەستپێکرد و هەموو جۆرە تۆمەتێکیان خستە پاڵیان. هەموو نیشانەکان، هەر لە سەرەتاوە، دەرخەری هەوڵی مایەپووچی دەزگا ئەمنییەتییەکان بوو بۆ خستەنپاڵی درۆ و تۆمەتەکان. لەم ڕووەوە، دەوری دوو مانگە، ئەندامانی بنەماڵەکانمان بە شێوەی کاتی دەستگیر کراون و بە ژووری تاکەکسی و بازجوویی بەردەوام لە ژێر گوشاردان.
لە کوێی جیهاندا چەند مامۆستا و کرێکاری زەحمەتکێشی خۆشناو کە هیچ تاوان و جەنایەتێکیان نەکردووە، لە خیاباندا گەنجانی خەڵکیان بە فیشەک نەکوشتووە، مافی ئەوانیتریان لە ژیان زەوت نەکردووە، ئیختلاسیان نەکردووە، ماڵی خەڵکیان نەخواردووە، سامانی گشتیان هەڵنەلووشیوە و ماڵی خەڵکیان بە سەریاندا وێران نەکردووە، بەم چەشنە ئازار دەدەن؟
تاوانی ئازیزانی ئێمە جگە مرۆڤدۆستی و بەرگریکردن لە سەرەتاییترین مافەکانی کرێکاران و مامۆستایان چییە؟ بۆچی ئازیزانی ئێمە کە بە مافخوازی و ئینساندۆستی لای هەموان ناسراون، دەبێت بە درێژایی ساڵانێکی زۆر بەم شێوەیە ئازار بدرێن، زیندانی بکرێن و لە ژووری تاکەکەسیدا ئەشکەنجە بکرێن و بکەونە بەر پەلاماری دۆسییەسازیی درۆیینی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و نمایشی قیزەون و نایاسایی سەداوسیما؟
ئێستا بە تێپەڕبوونی دەوری دوو مانگ، نەک گوشارەکان لەسەر ئازیزانی ئێمە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو بەرپرسانی زیندان دیداری ئێمەیان لەگەڵ ئازیزەکانمان یاساغ کردووە. بە درێژایی ڕۆژانی ڕابردوو، هەڵسوکەوتی بەرپرسانی دادوەری لەگەڵ ئێمەی بنەماڵەکانی دەستگیرکراوان، پڕ بووە لە ئیهمال و کەمتەرخەمی. هاوکات، هەڕەشەمان لێدەکەن کە ئەگەر بێدەنگ نەبین، ئەوا کێشەکەمان لێقووڵ دەکەنەوە.
بۆچی دەست لە ئازاردان و ئەشکەنجەی کرێکاران و مامۆستایان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان هەڵناگرن؟ بۆچی کۆتایی بەم شانۆ قیزەونە ناهێنن. بۆچی ناتانەوێ تێبگەن کە چیتر ئەم درۆیانە کڕیاریان نییە؟
ئێمە وەک ئەندامانی بنەماڵەی دەستگیرکراوانی ئەم دواییانە، خوازیاری ڕاگرتنی خێرای دۆسییەسازیی درۆیینین بە دژی ئازیزانمان و کۆتاییهێنان بە بازجوویی بەردەوام و قیزەونانە و هەڕەشەئامێزیانین. هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامبوونی دەستگیرکردنیان لە ئارادا نییە. هەڕەشەکان و بێڕێزییەکانی بەرپرسانی زیندان و بازجووەکان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەستگیرکراوان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان، نموونەی حاشاهەڵنەگر و بەرچاوی ئازار و ئەشکەنجەیە و پێویستە بە خێرای کۆتایی پێبێت.
داوا لە هەموو هاوکاران و هاوڕییان و ناوەندەکانی بەرگریکاری مافەکانی کرێکاران و مامۆستایان لە ئێران و جیهان دەکەین تا جگە لە بەرگری لە مافە سەرەتاییەکانی ئەم ئازیزانە، داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی دادوەری بکەن بە خێرایی ئازادیان بکەن و زیاتر لەمە ئەوان و ئێمە ئازار و ئەشکنەججە نەدەن. داوا لە میدیا جەماوەرییەکانیش دەکەین کە داد و داخوازیی ئێمەی بنەماڵەی کرێکاران و مامۆستایانی بەندکراو بەبێ هیچ تێبینییەک بڵاو بکەنەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە