پێگەی "عەلی خامنەیی" وەک وەلیی فەقیە و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ناو خەڵکی ئێراندا بارودۆخی زۆر خراپی هەیە. بەڵگە بۆ ئەم بانگەشەیە، ئەو درووشمانەیە کە خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خۆیاندا بە دژی وتوویانەتەوە.
لە تازەترین ژمارەی وەرزنامەی "زانستی مافە گشتییەکان"ی سەر بە شوورای نیگاباندا، بابەتی قبووڵکراویی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر لە لایەن شوورای نیگابانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. لەم ڕاپۆرتەدا کورتەیەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوە دەخەینە بەر باسەوە.
***
بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەکی کەموێنە و نایاب لە تازەترین ژمارەی وەرزنامەی زانستی مافە گشتییەکانی سەر بە شوورای نیگابان بە ناوی "لێکدانەوەی قبووڵکراویی گشتیی لە ئەسڵی ١٠٧ی یاسای بنەڕەتی"دا دەڵێت ڕێبەرایەتیی عەلی خامنەیی بنەماکەی قبووڵکراویی خەڵکی نەبووە.
چەمکی قبووڵکراویی گشتی لە ئەدەبیاتی بواری ماف لە ئەسڵی ١٠٧دا وەک پێویستییەک بۆ دیاریکردنی ڕێبەر، دوای هەموارکردنی یاسای بنەڕەتی بەکار هێنراوە و هەر لە هەمان ساڵ بەدواوە هاتە ناو ئەدەبیاتی مافە بنەڕەتییەکانەوە لە ئێراندا.
ئەسڵی ١٠٧ی یاسای بنەڕەتی دەڵێت دوای "ڕووحوڵا خومەینی" کە لە لایەن زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکەوە وەک ڕێبەر و مەرجەع قبووڵ کرا و بە فەرمی ناسرا، دیاری کردنی ڕێبەر لە ئەستۆی خوبرەگانی هەڵبژێردراوی خەڵکە. بەپێی ئەم ئەسڵە، خوبرەگانی ڕێبەری سەبارەت بە کۆی ئەو فەقیهە بەربژێر و شیاوانەی کە بۆ ڕێبەری ئەسڵەکانی پێنجەم و ١٠٩ی دەیانگرێتەوە لێکۆڵینەوە و ڕاوێژ دەکات. هەر کاتێک یەکێک لەم فەقیهانە زانای ئەحکام و بابەتە فیقهییەکان یاخود پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان یان خاوەن قبووڵکراویی جەماوەری یان کەسایەتییەکانی دیار و بەرجەستە بێت و خاوەنی یەکێک لەو سیفەتانەی لە ئەسڵی ١٠٩دا باس کراوە، بێت وەک ڕێبەر هەڵی دەبژێرن. ئەگەر لەمە بترازێت، یەکێک لەوانە وەک ڕێبەر هەڵدەبژێردرێت و بە خەڵکەکەی دەناسێنن. ڕێبەری هەڵبژێردراوی خوبرەگان، ویلایەتی ئەمر و کۆی بەرپرسیارێتییەکانی هاوپیچی دەکەوێتە ئەستۆ. ڕێبەر لە بەرامبەر یاساکاندا، لەگەڵ باقیی خەڵکی وڵاتەکەدا یەکسانە.
ئەم توێژینەوەی شوورای نیگابان لەگەڵ لێدانەوەی ڕا و بۆچوونی ڕازییەکان و دژبەرەکانی ئەندامانی شوورای مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری سەبارەت بە پێوەرەکانی "قبووڵکراویی" ڕێبەر لە کاتی پەسەند کردنی ئەسڵی ١٠٧دا بە ئەنجامگەلێکی سەرنجڕاکێش گەیشتووە.
لەم توێژینەوەدا هاتووە: "قبووڵکراویی جەماوەری تەنیا بە هەڵبژێردراوبوونی خوبرەگان دابین ناکرێت بەڵکوو [ئەندامانی مەجلیس]ی خوبرەگان پێویستە هەموو ئەو مەرجانەی کە لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی ڕێبەردا دیاری کراون، لە هەڵبژاردنەکەی خۆیدا ڕەچاو بکات. لەمە بترازێت هەم مافی خەڵک لەم بوارەدا پێشێل دەکرێت و هەم لە دەرەنجامدا ئەو ئامانجە دڵخوازەی کە حکوومەتی ئیسلامی هەوڵی بۆ دەدات، دەسبەر نابێت."
ئەم توێژینەوە هەروەها نووسیویەتی ئەگەر فەقیهە دیاریکراوەکەی خوبرەگان لە ناو خەڵکدا بە ڕادەی پێویست قبووڵکراو نەبێت، تەنانەت ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی یاساییش بووبێت و خەڵک حەتمییەتە یاسایی و شەرعییەکەیان وەک پێڕەوی ئەم ڕێبەرە تازەیە قبووڵ کردبێت، ئەگەر قسە و کەلامی لە ناو خەڵکدا هەژموونی نەبێت، ئەوا ڕێبەرایەتییەکەی تووشی کێشە دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم توێژینەوەدا ڕوو لە ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری نووسراوە لە پرۆسەی هە ڵبژاردنی ڕێبەردا، پێویستە سەرنجێکی تایبەت بدرێتە ئەم ئەسڵە بنەڕەتییە: "چونکە بە دەستهێنانی دڵنیایی و متمانەی خەڵک بەندە بەوەی کە کەسی هەڵبژێردراو جگە لە باقیی تایبەتمەندییەکان، خاوەنی زۆرترین ڕادەی قبووڵکراویی بێت."
ئەم توێژینەوە هەروەها لە هەڵوێستێکی مێژووییدا نووسیویەتی کاتێک هەڵبژاردنی جۆری سیستم و دیاریکردنی نموونەکانی ڕێبەر لەگەڵ یەکتر هاوسەنگ دەبن، جگە لەوەی دەبێت دابینکردنی قبووڵکراویی ڕێبەریش وەک جۆری سیستمەکە قبووڵکراو بێت، سەرنجێکی زیاتری لە هەڵبژێردراوبوونی خوبرەگان پێبدرێت."
لە درێژەدا، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕستەی سەرەوە هاتووە: "لە ئامادەکردنی یاسای بنەڕەتیدا کە خەڵک لە ڕێگەی پسپۆڕانەوە بەشداری و دەستێوەردانیان [لە چارەنووسی سیاسیی خۆیاندا] کردووە بەڵام ڕێگرییەک نەبووە لەوەی کە ڕای گشتی لە کۆتاییدا بڕیاری لەسەر دەنگی پسپۆڕان بدات، هەر وەک چۆن لە کۆتاییدا ڕای خەڵک یاسای بنەڕەتیی بڕییەوە، هەر لە بەر ئەمە بۆ دیاریکردنی ڕێبەریش پاش دەربڕینی ڕا و بۆچوونی پسپۆڕانیش، پێویستە قایل بە ڕێز و ڕا و بۆچوونی خەڵک و پشتڕاستکردنەوەی قبووڵکراویی گشتی بن."
ئەم توێژینەوە لە درێژەدا نووسیویەتی: "[کەسێک] ناتوانێت دەسەڵاتدارێتیی کەسێک لە قۆناغێکدا بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. هەر لەم ڕووەوە، خوبرەگانیش ناتوانێت بە جۆرێک [کەسێک] هەڵبژێرێت کە دەسەڵاتدارێتیی تاکەکەسی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت."
ئەم توێژینەوەی شوورای نیگابان زیادی کردووە: "فەقیە مافی بەکارهێنانی زۆری نییە بۆ داسەپاندنی حوکمڕانی؛ واتە ئەگەر لە پێکهێنانی حکوومەتدا، کەڵک لە زۆر و زاڵبوون بەسەر خەڵکدا وەربگرێت، حکوومەتەکەی مەشرووع و ڕەوا نابێت."
لە بەشێکی دیکەی ئەم توێژینەوەدا هاتووە: "ئەگەر خوبرەگان بەبێ گوێدان بە مەرجی قبووڵکراویی ڕێبەر دیاری بکات، لە ڕاستیدا سنوورەکانی یاسای بەزاندووە و بە ڕەچاوکردنی نەبوونی ئەسڵی قبووڵکراویی و گەشە، بە پێچەوانەی ئاراستەی کۆمەڵگا بەرەو کەماڵ هەنگاویان هەڵگرتووە."
لە بەشی کۆتایی ئەم توێژینەوەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بونیادی ئەسڵی ١٠٧ی یاسای بنەڕەتی، پێگەی حەقیقیی قبووڵکراویی جەماوەری یەکلایی ناکاتەوە و دەربڕینێکی لاوازیشی لەم بارەوە هەیە: "هەر لەم ڕووەوە، هەڵسەندگاندن و هەموارکردنی ناوەرۆکەکەی بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەی ئەم ئەسڵە لە یاسای بنەڕەتی پێشنیار دەکرێت."
دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە کەموێنە و نایابە لە بارودۆخێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە نەک ڕێبەر بەڵکوو کۆی کۆماری ئیسلامی لە ناو ڕای گشتیدا چۆتە ژێر پرسیارەوە و بە بڕوای گرووپگەلی بەرچاوی هێزە ئایینییەکان لە ئێراندا، حکوومەتەکەی عەلی خامنەیی بۆتە حکوومەتی زوڵم و زۆرداری و کۆڵەکەکانی ئە دەسەڵاتە بە خوێنی خەڵکی ئێراندا ڕۆچووە.
تێبینییەکەت بنووسە