یەکێک لە بەرنامەکان کە حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەراوێزنشینی هەیەتی، دامەزراندنی ئۆفیسەکانی ئاسانکارییە لە ناوچە پەراوێزنشینەکاندا.
ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس پاش تێپەڕینی چوار ساڵ لە دامەزران و دەستپێکردنی ئەم ئۆفیسانە، ئاوڕی لە چالاکییەکانی ئەم ئۆفیسانە داوەتە و لێیان ورد بۆتەوە.
***
ساڵانێکی زۆرە لە کەنار و دەوروبەری پەراوێزنشینەکاندا بەشێکی بەرچاوی سەرمایە مرۆیی، دارایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئێران لەگەڵ هەموو جۆرەکانی زیانە کۆمەڵایەتیییەکاندا دەستەویەخەن و تاکوو ئێستا ڕێگایەک بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە دڵتەزێنە نەدۆزراوەتەوە.
ئەم زیانە کۆمەڵایەتییە کەڵەکەبووانە لەم ناوچانەدا و بە هۆی هەژاریی ئابووریی دانیشتوانی و هەزار و یەک هۆکاری دیکە، توانای گۆڕانی خۆڕسک و بەرزکردنەوەی ئاستی شوێنی ژیانی گونجاوی نامومکین کردووە و دەوڵەت و تەنانەت هەندێک کەرتی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانی لەم کێشانەوە گلاندووە.
ئامارە فەرمییەکان دەڵێن زیاتر لە ٢١ دۆنمی بەستێنە مێژووییەکانی ناوەندی شارەکان و ٤٣ هەزار دۆنمی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی نافەرمی کە ژمارەیەکی زیاتر لە سەتا ٣٠ی پێکهاتەی شارەکان دەگرێتەوە و حەشیمەتێکی زیاتر لە ١٧ تا ١٩ میلیۆن کەسی لە خۆیدا جێکردۆتەوە کە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا بە "پەراوێزنشین" ناودێر کراون.
پەراوێزنشینی و پەراوێزنشینان ئەگەر بۆ حکوومەت گرینگ بوونایە، بە ناوی پەراوێزنشین ناویان لێنەدەبرا و بەم جۆرە بەرەوڕووی کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی ئایینی لە ئێراندا نەدەبوونەوە.
پێشتر بە ناوچە پەراوێزنشینەکان لە ئێران دەوترا "حەڵەبیئاباد" کە سیاسەتی دەوڵەتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، ئینکارکردن و کۆچاندنی زۆرەملیان بوو، بەڵام لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە و هەروەها بە پەسەندکردنی بەڵگەی نیشتمانیی ڕێکخستن و تواناسازیی شوێنە نافەرمییەکانی نیشتەجێبوون، ئەم سیاسەتە هێدی هێدی کاڵ بووەوە.
دوای پەسەندکردنی ئەم بەڵگەنامایە کە بابەتی ڕێکختسنی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان بە شێوە و شێوازگەلی دیکە لە لایەن داڕیژەرانی سیاسەتە پلاندارێژەرانەوە بڕیاری لەسەر دەرکرا.
بابەتی ڕێکخستن پێشتر پرسێکی تەواو دەوڵەتی و لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو و بە شێوەی کرداری دەوڵەت بۆخۆی دەیبڕی و دەیدووری و بەرنامەکان و سیاسەتە تاک ڕەهەندییەکانی خۆی لەم بوارەدا جێبەجێ دەکرد، بەڵام چوار ساڵ بەر لەمە دەستوپێوەندەکانی ئەم پرۆسە بەم ئەنجامە گەیشتن کە ئەم بونیاد و شێوازە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت و پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەراوێزنشینان بیرێکیتر بکەنەوە.
ئەم بیرۆکەیە بنەماکەی ئەوە بوو کە بۆچوونی کاریگەر و گونجاو بۆ ڕێکخستنی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی نافەرمی، پێویستە بەپێی بەشداریی خەڵک و دانیشتوانی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان بێت کە لە هەناوی ئەم بیرۆکەوە، ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵی لە وەزارەتی ناوخۆدا وەڕێ بخرێت.
ئەم ئۆفیسانە دەستەیەکی مافەکیی پێکهاتوون لە کارناسانی بوارە دیاریکراوەکان کە ئەرکیان متمانەسازی، وشاریبەخشین، ناوەندسازی و بەداواداچوون بۆ پیادەکردنی پڕۆژە پێویستەکانی کۆمەڵگای لۆکاڵی و هاندانی دانیشتوانەکەیەتی بۆ بەشداری کردنی هەرچی زیاتریان لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەوتن و پەرەسەندنی لۆکاڵییە.
مەبەست لە ئاسانکاریش، ئاسانکردنەوەی سەرکەوتنی گرووپێکە کە لەوانەیە بە ئامانجێکی تایبەتەوە لە دەوری یەکتر کۆبووبێتنەوە. لەم نێوانەدا دەوری ئاسانکارەکە، کە دەتوانێت کەسێک یاخود گرووپێک بێت، ئەمەیە یارمەتیی کەسەکان بکات تا خۆیان بەهێز بکەن؛ ئەو بە زانیاریی تەواوەتی لەسەر ڕەوتەکان و کارلێکەکانی نێوان گرووپەکە، زانستەکەی بەکار دەهێنێت تا بنەمایەکی پێویست بۆ گرووپەکە فەراهەم بکات بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا، باشترین دەرەنجام بە شێوەیەکی بەشدارانە دەستەبەر بکات.
ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسیش دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ لە پێکهاتن و دەست بەکار بوونی ئەم ئۆفیسانە، بەدواداچوونی بۆ کردوون و لە چۆنییەتیی کارکردنیانی پرسیوەتەوە.
بەو جۆرەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ١٤٠ ڕێکخراوی خەڵکی و شەریکەی ڕاوێژی لۆکاڵی لەگەڵ ٩٩٠ کارناسی هاوکاریی ئەم بەرنامەیان کردووە کە دەرەنجامەکەی ئامادەکردنی ٢٦ بڕیار و ٢٣٥ بەرگ ڕاپۆرتی هەمەگیر بووە لەسەر گەڕەکە مەبەستەکاندا.
ئۆفیسەکانی ئاسانکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بڕیار و ئەرکانە و کۆمەڵێک خاڵی لاوازیشیان هەبووە کە لەم ڕاپۆرتەدا بە شێوەیەکی تێر و تەسەل پەرژاونەتە سەری.
لاوازیی متمانەبەخشین و ڕاکێشانی بەشداریی زۆرینە
ئەنجامدانی هەر چەشنە کارێکی ئاسانکارانە و دەستێوەردانی کۆمەڵایەتیی سەرکەوتوو و کاریگەر لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەندە بە ئاستێکی قبووڵکراوی متمانەکردن بە بکەران و کارگێڕەکانی ئەم پڕۆژە.
ڕاپۆرتەکەی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس دەڵێت هەندێک لە ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵی، سەرکەوتوو نەبوون لە متمانەبەخشین و ڕاکێشانی بەشداریی پەراوێزنشینەکاندا کە هۆکارە سەرەکییەکانیان لاوازییان بوو لە بەکارهێنانی کارناسانی خۆجێی، توانا و وشیار بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دانیشتوانی ئەو گەڕەکانەوە کە مەبەستی ئەم پڕۆژەیەن.
لاوازی لە هەماهەنگیی نێوان دەزگاکان و ناهەماهەنگیی نێوان دەزگاکان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژە دیاریکراوەکان یەکێکیترە لە خاڵە لاوازەکانی ئەم ئۆفیسانە.
بە بڕوای ڕاپۆرتەکەی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس بەشێکی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ ئاشنایی کەمی بەرپرسانی باقیی دەزگاکان لەگەڵ کاروبارەکانی ئەم ئۆفیسانە و بێبڕوایی بە تواناکانیان و بەشێکی دیکەیش دەگەڕێتەوە بۆ هاوتەریبکاری و ناکۆکیان لەگەڵ باقیی پرۆژەکانیتری ئاسانکاری.
لێڵی و ناڕوونی، بەریەککەوتن و هەندێکجار ناکۆکیی یاسا و ڕێساکانیش لەمپەرێکی جیدین لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی گەڕەکە بەرمەبەستەکان. ئەم جۆرە ناڕوونییە بونیادی و دامەزراوەییانە ئەنجامەکەی جۆرێک هەڵپەساردوویی و ناسەقامگیریی بووە لە بارودۆخی ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵیدا.
نادیاربوونی دەرەنجامەکان و کاریگەریی ئۆفیسەکان
لەو ڕەخنانەی کە کارناسان لە بواری چۆنییەتیی کارکردی ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵی گرتوویانە، کەمتەرخەمی بووە بەرامبەر بابەتی کاریگەربوونی چالاکییەکان و کاروبارە ئەنجام دراوەکان و نادیاربوونی دەرەنجامەکان لە ژێر تیشکی ئامانجە دەسنیشان کراوەکاندا بۆ ئەم پرۆژە. بە جۆرێک کە بەپێچەوانەی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر دەسپێک و کارکردنی ئەم ئۆفیسانە، هێشتا پێوەرەکان و پێوانە پێویستەکان بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و کارکردی ئۆفیسەکان یەکلایی نەبوونەتەوە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە هەڵسەنگاندنی پرۆسەکە و ئەرک و کارەکانی ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵی بۆ هەر چەرشنە بڕیاردانێک لە درێژەی چاکسازی و باشترکردنی پرۆسەی تواناسازیی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان پێویست و حەتمین. هەروەها هەندێک لە کارناسان لەو باوەڕەدان کە ئۆفیسەکانی بەدوای دەرەنجامەوە نین و تەنیا لەسەر پانتایی چالاکییە سەرخانەییەکان چڕ دەبنەوە.
زاڵبوونی بۆچوونی ئاناتۆمیک بەسەر کارکردنی ئۆفیسەکاندا
یەکێک لەو ڕەخنانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ڕووی لەو گەڵاڵە پێناسەکراوانەیە بۆ گەڕەکە پەراوێزنشینەکان و ڕێوشوێنەکانی پەرەسەندن بە گشتی، چڕ بوونەوەی زیادەیەتی لەسەر لایەنە ئاناتۆمیکەکان وەک پلاندانان، کردار و هەڵسەنگاندن.
هەر لەم بوارەدا بەرنامەی ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵیش کۆی هەوڵەکان و پێداگرییەکان لەسەر چەمکی هەستی گرێدراویی لۆکاڵی، وەکوو جاران دەرگیرە لەگەڵ زاڵبوونی ڕوانگەی ئاناتۆمیک لە بونیاد و پرۆسەکە. بە جۆرێک کە زیاتر لە سەتا ٤٦ی پرسە بەردەستەکان گەڕەکە مەبەستەکان ئاناتۆمیک بوون.
زالبوونی بۆچوون و ڕوانگەی ئاناتۆمیک لە شارەوانییەکان، وەک ناوەندێک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دیارترین دەور و کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەبردنی بەرنامەکان و ڕێوشوێنەکانی ئۆفیسەکانی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵی هەیە وەک یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشەیە دەستنیشان کراوە.
ئاسۆی ناڕوون و پلاندانانی درێژماوەی ئۆفیسەکان
پێکهاتنی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوونی نافەرمی بە درێژایی زەمەن و پرۆسەیەکی درێژماوە ڕوو دەدەن؛ هەروەها، ئەم دیاردە وەک هەموو دیاردەکان و بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان، بە هێڵەکانی سەرووتری خۆیەوە گرێدراوە و دەستێوەردان و گۆڕینی بە هاسانی دەستەبەر نابێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس پرۆژەی ئاسانکاری و پەرەسەندنی لۆکاڵی، بنەماکەی لە ئاستی میکرۆ و لۆکاڵیدا، ئەرکی پلاندانانی ئەستوونیی کورت ماوە و لە کۆتاییدا مامناوەندی لە ئەستۆ بووە؛ لە حاڵێکدا کە واقیعیەتی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان، بە جۆرێکە ناچارە بە قبووڵکردنی پلاندانانی درێژماوە و هەمەگیر.
لاوازیی بونیاد و کوالیتیی نزمی توانای مرۆیی
بە بڕوای ئەم ناوەندە لە هەندێک لە ئۆفیسەکاندا کارناسان بە هۆی نائاشنایی لەگەڵ هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگا بەرمەبەستە، نەبوونی پاشخان و ئەزموونی کار، زاڵبوونی بۆچوونی ئاکادێمێک، لاوازبوون لە پرۆسەی ڕاهێنانی فەرمانبەران و ئامادەنەبوون لە مەیدانەکەدا توانا و کوالیتیی پێویستی بۆ ئەنجامدانی کاروبارە ئاسانکارانەکان لە گەڕەکە بەرمەبەستەکاندا نییە.
تێبینییەکەت بنووسە