سوعدا خەدیرزادە ژنە بەندکراوی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕۆژی پێنج شەمە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ و دوو ڕۆژ پاش بانگهێشت کردنی لە لایەن لێپرسراوانی ئیدارەی ئیتلاعات و حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی ناوەندیی ورمێوە لە بەندی ژنان ئەم زیندانەدا لە ڕێگەی پەت هەڵواسینەوە، هەوڵی خۆکوژیی دا.
هەوڵی خۆکوژیی سوعدا خەدیرزادە لە لایەن یەکێک لە هاوبەندییەکانییەوە ڕێگری لێ کرا، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن ئەو بەبێ هەبوونی چاودێرییە پزیشکییە پێویستەکان و سەرباری زیان پێگەیشتنی خۆی بە هۆی خۆکوژییەوە، ڕۆژی دواتر بۆ بەندی ژنان گەڕێنەرایەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" کە هەواڵەکانی تایبەت بە چالاکوانانی کورد ڕووماڵ دەکات نووسیویەتی کە سوعدا خەدیر زادە ڕووبەڕووی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دانپێدانانی زۆرەملی بۆتەوە و هەر لەبەر ئەمەیش دەستی داوەتە خۆکوژی.
ڕۆژێک دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، "مێهر نیووز" لە زاری دەزگای دادوەرییەوە هەواڵی خۆکوژیی ئەم زیندانییە کوردەی ڕەت کردەوە و نووسی: "هەواڵی ئاماژە پێ کراو نەک درۆیە، بەڵکوو بۆ گۆڕینی بڕیاری دەستگیر کردنی ئەم بەندکراوە، سەرەتاکانی ئازاد کردنەکەیشی فەراهەم کراوە."
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کەوتۆتە دەست "ئێرانوایەر"، پزیشکی بێهداریی زیندانی ورمێ کاتێک ئەم زیندانییە دەوری سێ مانگ بووە کە دووگیان بووە لە نامەیەکدا جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر دووگیان بوونەکەی و ئاماژەدان بە نەخۆشینەکانی گورچیلە و دڵ کە لە خولی زینداندا تووشیان بووە، ڕایگەیاندووە کە سوعدا خەدیرزادە پێویستە بە تایبەتی لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بێت.
هەروەها نزیکەکانی وتوویانە بڕیاری بارمتە بۆ سوعدا خەدیرزادە زۆر لە مێژە دەرچووە، بەڵام بەرپرسانی دادوەری تاکوو ئێستا بۆ ئازاد کردنی کارێکیان نەکردووە.
***
سوعدا خەدیرزادە کێیە؟
سوعدا خەدیرزادە ٣٢ ساڵ تەمەن و خەڵکی پیرانشارە. ئەو بەرواری ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ لە کاتێکدا حەوتووە سەرەتاییەکانی دووگیانییەکەی تێدەپەراند، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی پیرانشارەوە دەستگیر کرا و بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ گوازرایەوە.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی سوعدا خەدیرزادە زانیارییەک بڵاو نەکراوەتە و نزیکانی دەڵێن خولی دەستگیرکرانەکەی بەبێ هەبوونی پارێزەر بووە و بەردەوام هەڵپەسێردراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەربارەت بەو تۆمەتانەی کە ڕەنگە خرابێتە پاڵی بە 'ئێرانوایەر" دەڵین: "سوعدا خەدیرزادە هیچ کاتێک ئەندامی گرووپێکی سیاسی نەبووە و بە هیچ شێوەیەک چالاکیی سیاسیی نەبووە. پێ دەچیت ئەویش یەکێک بێت لەو سەدان هاوڵاتییە کوردانەی بوونەتە قوربانیی ڕوانگەی ئەمنییەتیی حکوومەت بۆ کوردستان. زۆرێک لە هاوڵاتییە کوردەکان بە هۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکان، باوکان، براکان و خزمانیانەوە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە بارمتە دەگیرێن تا بکرێنە کارتی زەخت و گوشار بۆ ئەوەی دژبەران و ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی خۆیان تەسلیم بکەنەوە. هەر ئەمەیش بەرامبەر بە سوعدا کراوە."
دۆخی سوعدا خەدیرزادە چۆنە؟
سوعدا خەدیرزادە بەشی بەرچاوی خولی دووگیانییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێپەڕاند. ئەو لە کۆتاییدا ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ و تەنیا چەند کاتژمێر پێش نەشتەرگەریی سزاریەنەکەی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و بەبێ ئەوەی کەس و کارەکەی ئاگاداری بارودۆخی بن، بە نەشتەرگەریی سزاریەن منداڵەکەی بوو.
ئەم بەندکراوە دوو ڕۆژ دوای سزاریەن لە حاڵێکدا کە پێویستی بە چاودێرییە پزیشکییەکان پاش نەشتەرگەری بوو، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
بە گوتەی نزیکانی سوعدا خەدیرزادە، ئەو لە خولە دە مانگەکەی دەستگیر کردنیدا بە شیوەیەکی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بوو بۆ دانپێدانانی زۆرەملی. ئەو هەروەها لە ژێر گوشارێکی قورسدا بووە کە ناونیشانی کەس یان کەسانی پێوەندیدار بە زیندانیانی زیندانی ورمێ بە میدیاکان یاخود ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەگەیەنێن، بناسێنێت.
سوعدا خەدیرزادە مانگی گوڵانی ئەم ساڵ لە ناڕەزایەتیدا بە نادیار بوونی تۆمەتەکان و هەڵپەسێردراو بوونی خۆی لە زینداندا، سەرباری ئەوەی لە دۆخێکی هەستیار و مانگەکانی کۆتایی دووگیانییەکەیدا بوو، بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
بەرپرسانی زیندان بەڵێنیان پێدابوو ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت سەرەتاکانی ئازادییە کاتییەکەی بە بارمتە فەراهەم دەکەن، بەڵام ئێستا ئەوا دوو مانگ بەسەر منداڵ بوونەکەیدا تێپەڕ دەبێت و سەرباری ئەوەی کە دادگای شۆڕش بۆ ئازادییە مەرجدارەکەی بڕی سێ میلیارد تمەنی دیاری کردووە و ئەم بارمتەیە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دابین کراوە.
لە بەراوری ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٠دا بە هۆی بارودۆخی نالەباری ڕۆحی و جەستەیی و هەروەها دووگیان بوونی سوعدا خەدیرزادەوە، "داخوازیی فەکی بڕیاری دەستگیر کردنی کاتی"یەکەی ئەو دەرچووە بەڵام ڕێگرییەکانی لێپرسراوانی ئەمنییەتی بۆتە هۆی ئەوەی بارمتەکەی قبووڵ نەکرێت و ئازادیی ئەم بەندکراوە کوردە وەدا بخرێت.
سوعدا خەدیرزادە لە ماوەی دەستگیرکردنەوە تا پێش منداڵبوونەکەی و دواتریش، لە شوێنی ناتەندرووست لە زیندانی ورمێدا بەند کراوە و هەروەها لە ئیمتیازە پزیشکی و دەرمانییە گونجاوەکان بێبەش کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر" ئەم ژنە بەندکراوە دوای منداڵبوونەکەی بە هۆی دۆخی نالەبار و دەستڕانەگەیشتنی بە دەوا و دەرمان، شوێنی تەقەڵەکانی سزاریەنەکەی چڵکی کردبوو و تووشی خوێنبەربوونی کردبوو.
بۆچی سوعدا خەدیرزادە دەستی دایە خۆکوژی؟
"شەهرام موسڵچی"، ڕۆژنامەنووسی کوردی دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان سەبارەت بە دۆخی سوعدا خەدیرزادە بە ئاماژەدان بە ئازار و ئەشکەنجەی ئەم ژنە بەندکراوە کوردە بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "پرسی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان بە تایبەت ژنانی بەندکراو بابەتێکی تازە نییە، بەڵام لەوێوە کە ژنانی بەندکراو لە پەراوێز و ناوچەکانی وەک کوردستان، خووزستان و سیستان و بەلووچستان لە شوێنەکانیتر دەنگیان زیاتر کپ دەکرێت و لە بنەڕەتدا تریبوونێک بۆ دەنگی کپ کراویان لە کۆمەڵگادا نییە، پرسە پێوەندیدارەکان بەم بەندکراوانەوە گرینگییەکی تایبەتی پەیدا دەکات و هەندێک جار دەبێتە هۆی ڕوودانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە. بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ ئەم دۆخەدا ڕووماڵ کردنی وردی میدیایی و کارکردن لەسەر هەواڵەکانی کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەم کردنەوەی گوشارەکان و ئازار و ئەشکەنجەکان و هەروەها کەم بوونەوەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر بنەماڵە و نزیکەکانی ئەم بەند کراوانە."
ئەو بە ئاماژەدان بە دۆخی بەڕێز خەدیرزادە بە شێوەیەکی تایبەتی دەڵێت: "سوعدا لە مانگەکانی ڕابردوودا بە سەختی لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ئەشکنەجەی ڕۆح و دەروونیدا بووە تا ڕازی بێت بە دانپێدانانی زۆرەملی. ئەو بەرامبەر بەم گوشارانە خۆڕاگریی کردووە بەڵام دوو ڕۆژ پیش خۆکوژییەکەی، دیسانەوە پێیان وتووە دەبێت بۆ لێپرسیەوە لە مەقەڕی حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی ناوەندیی ورمێدا ئامادە بێت. گوشارەکان بە هۆی لێپرسینەوەوە ئەوەندە زۆر بوون کە کاتێک هەموو زیندانییەکان لە خەودا بوون هەوڵی داوە بە سەرپۆشەکەی، خۆی هەڵبواسێت کە بە خۆشحاڵییەوە یەکێک لە هاوبەندەکانی وەخەبەر دێت و ڕزگاری دەکات بەڵام سەرباری ئەمانە دۆخی خۆی و منداڵەکەی مەترسیدار و قەیراناوییە و ئەم بابەتە نابێت فەرامۆش بکرێت."
دەوری کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕووماڵکردنی هەواڵی زیندانییەکاندا
پێشتر ڕێکخراوی "لێبوردنی نێونەتەوەیی" لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیانێکەوە باسی لە دۆخی مەترسیداری سوعدا خەدیرزادە و منداڵە دوومانگانەکەی "سۆلینا" کردووە و بە ئاماژەدان بە نەبوونی پارێزەرەوە لە سەرەتای دەستگیرییەوە، بەندکرانی بە "ناکۆک لەگەڵ پێوەرەکانی دادوەریی بێلایەن و لە ڕووی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە خۆسەرانە" زانیبوو.
دامەزراوەی منداڵانی زیندانیان (کویپی)یش ڕۆژی دەهەمی ئەگۆست بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک، جگە لە دەربڕینی ئەمەی کە گیانی سوعدا خەدیرزادە لە بەردەم مەترسیی جیدی دایە، خوازیاری ئازاد کردنی خێرای ئەو و منداڵەکەی بووە.
بەڵام شەهرام موسڵچی لەو باوەڕدایە کە لە هەندێک حاڵەتی هاوشێوەی سەعدا خەدیرزادەدا ئەمە تەنیا "چالاکوانانی مافی مرۆڤ یان ڕۆژنامەنووسان لەم بوارەدا" نییە کە بەرامبەر میدیایی کردنەوەی دۆخی ئەم زیندانیانە بەرپرسیارێتییان لەسەر شان بێت: "کۆمەڵگای مەدەنیش لە ڕووی مرۆیی و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخێکدا کە سوعدا خەدیرزادە، وەک بەندکراوێکی سیاسیی ژن لە پەراوێزدا کە زوڵم و ستەمی دووئەوەندەی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لێ کراوە و لە باقیی مافەکانی شارۆمەندی بێبەش کراوە، پێویستە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و خۆی لە پێگەیەکدا بیبینێتەوە کە ببێتە دەنگی ئەم زیندانییە و هەموو ئەو زیندانیانەی کە بارۆدۆخیان هاوشێوەیە و وەک یەک وایە."
ئەم ڕۆژنامەنووسەی دانیشتووی ئاڵمان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کەسانی زیندانی بە تۆمەتگەلی سیاسی و ئەمنییەتی لە زۆربەی زیندانەکانی ئێراندا توانای ئەمەی کە ڕەوایەتی خۆیان و باقیی بەندکراوان بۆ دەرەوەی زیندان بنێرن، نیانە. بەڵام، لەم ساڵانەی دواییدا دەنگی زیندانیانی سیاسی بە تایبەت ژنانی بەندکراوی کورد و عەرەب تا ڕادەیەک گەیشتۆتە دەست میدیاکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ.
یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان بۆ قسە کردن لەسەر دۆخی زیندانیانی ژن لە پەراویزەکاندا، یادداشتەکان و شێوەکارییەکانی "سێپیدە قولیان"، چالاکی مەدەنیی بەندکراوە. ئەو کاتێک کە لە زیندانەکانی ئەهواز، بووشێهر و قەرچەکدا بەند کرابوو و دوور خرابوەوە بە شێوەی بەردەوام هەم لە نێوخۆی زیندان و هەم لە خولی مەرەخەسییە کورتەکانیدا قسەی لەسەر ڕەنج و ئازاری ژنانی زیندانی کرد.
سێپیدە قولیان باسی لە ژنانی بەندکراوی عەرەب کرد کە هیچ تاوانێکیان نەکردبوو بەڵام وەک بارمتە لە زیندانەکانی ئەهواز لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوون تا هاوسەران، باوکان و براکانیان کە تۆمەتگەلی سیاسی و ئەمنییەتی درابووە پاڵیان خۆیان ڕادەستی ئەوان بکەن.
شەهرام موسڵچی زانیارییە بەدرەستەکان دەربارەی ژنانی بەندکراو لە پەراوێزەکاندا بە "بەرهەمی چەندین ساڵەی چالاکوانانی مەدەنی" دەزانێت و دەڵێت: "نابێت بەرامبەر بەم خاڵە کەمتەرخەم بین کە زیندانیانێکی زۆر بەردەوام لە زیندانەکانی کوردستان و باقیی زیندانەکانی ئێراندا دەستیان بە هیچ جۆرە سەرچاوەیەکی دەرەوەی زیندان ناگات. ئەم کەسانە لە نێوخۆی زینداندا لە لانیکەمی مافەکانی خۆیان بێبەش کراو و پەراوێز خراون یاخود ئەوەی کە بە هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەتییەکان دەنگیان کپ کراوە. بەڵام کاتێک ئێمە دەنگی ئەم بەندکراوانە دەبیستین کە بە مەرخەسی هاتوونەتە دەرەوە یان کۆتایی بە ماوەی زیندانەکەیان هاتووە و ئازاد کراون؛ ئەمە دەری دەخات کە کۆمەڵگای مەدەنی سەرباری هەموو هەوڵەکان بەلام ڕێگایەکی گران و دژواری لە پێش دایە."
ئەو ڕێکارێکیتری کاریگەری کۆمەڵگای مەدەنی بۆ باشترکردنی بارودۆخی زیندانییەکان بە "قورس کردنی تێچووەکانی داسەپاندنی دۆخی نامرۆڤانە و دژوار بە دژی زیندانیان بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە نێونتەوەییەکان" دەزانێت و دەڵێت: "کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێت بە پشتبەستن و پەرەدانی چالاکییە مەدەنییەکان لەوانە، وەڕێخستنی ئاکسیۆن، وشیاریبەخشینی ورد، پێوەندی و گواستەنەوەی داتا تازەکان سەبارەت بە بەندکراوانی سیاسی بۆ ڕێکخراوەکان و ناوەندە مافی مرۆییە نێونەتەوەییەکان، تێچووی داسەپاندنی دۆخی نامرۆڤانە و سەخت بەسەر بەندکراوان بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان قورس بکات و هاوکات بەرپرسانی دەوڵەتی و حکوومەتی وڵامدەر بکات بەرامبەر گیانی زیندانیان."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە