ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کە سزا نامرۆڤانەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم مانگانەی دواییدا زیاتر بووە و بۆ داسەپاندنی لە زیندانی ئێڤیندا ئامێری قرتاندنی ئەندامی لەش دابەستراوە. ئایا بەکارهێنانی سیفەتی "نامرۆڤانە" بۆ ئەم سزایانە وشەیەکی مافەکییە، یاخود تەنیا بۆ نیشان دانی قێزەونی و ناشرینیی ئەم سزایانە بە کار هێنراوە؟ بۆچی ئەم جۆرە سزایانە تەنانەت بۆ ئەو کەسەی کە هەڵە و گوناهێکی حاشاهەڵنەگری ئەنجام داوە، دەبێت قەدەغە بکرێت؟
***
سزادانی جەستەیی به چ مانایەکە؟
سزادانە جەستەییەکان واتە هەر چەشنە تەنبێ و سەرکۆنە کردنێک کە لە لایەن دادگایەکی فەرمییەوە بە دژی تۆمەتبار دەردەکرێت و جێبەجێ دەبێت و ئێش گەیاندن و دەردی جەستەیی و ڕۆحیی وەک قامچی، قرتاندنی پەنجەکان، بڕینەوەی دەست و لاقە، کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زۆر باو و ڕێگەپێدراوە.
ئایا سزادانی جەستەیی لە هەموو وڵاتەکاندا باوە؟
بە هیچ جۆرێک، لەو وڵاتانەدا کە سیستمێکی مافەکیی مۆدێرن و ئەوڕۆییان هەیە، سزادانی جەستەیی بە شێوەیەکی ڕەها "قەدەغە" کراوە و وەک سزادانە نامرۆڤانەکان کە کەرامەت و کەسایەتیی مرۆڤەکان خەوشدار دەکات، باسی لێ دەکرێت. کۆی وڵاتانی ئەندام لە "کۆنڤانسیۆنی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ"دا کە وڵاتانی ئەورووپایی وەک تورکیایش تێیدا ئەندامن، سزادانە جەستەییەکانیان بە تەواوەتی هەڵوەشاندۆتەوە. لە هەندێک لەو وڵاتانەی کە هێشتا سزای ئێعدام تێیاندا بەرەوی هەیە وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سزادانە جەستەییەکان وەک قامچی و قرتاندنی ئەندامی لەش بە تەواوەتی قەدەغە و لە لیستی تەمبێ و سەرکۆنە ڕێگەپێدراوەکاندا ڕەش کراوەتەوە.
بۆچی سزادانی جەستەیی لە یستسمە مافەکییە مۆدێرنەکاندا لابراوە و قەدەغە کراوە؟
سزادانە جەستەییەکان کەسایەتی، تەندرووستیی دەروونی و جەستەیی تااوانبار بە شێوەیەکی بەرچاو و لە هەندێک حاڵەتدا کە بڕینەوەی ئەندامی جەستە لە ئارادا بێت، بۆ هەمیشە خەوشدار دەکات و زیانێکی هەرە زۆری قەرەبوو نەکراو لە کەسەکە دەدات و وەک پێویست کاریگەریی نییە لەسەر سزادانە عورفییە باوەکان.
ئەم سزادانە لە بنەڕەتدا بە تەمبێ و سەرکۆنە کردن دانانرێت، بەڵکوو شێوەیەکی تووندوتیژە لە "ئەشکەنجە" بە پشت بەستن بە زۆر و زەبری حکوومەت کە لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتییەوە بە ڕواڵەتێکی یاساییەوە دادەسەپێنرێت. ئەم سزادانانە هەرچەندە لە یاسادا جێگیر کراون، بەڵام دژایەتیی هەیە لەگەڵ بەڵگەنامەکان و کۆنڤانسیۆنەکانی مافە مرۆییە گشتگیرەکان و تەنیا لە لایەن حکوومەتە نائاساییەکانەوە لە جیهاندا باون کە ژمارەیشیان زۆر نین.
جگە لە حکوومەتە نائاساییەکان، ئەم سزایانە لە جیهانی مۆدێرندا لە لایەن ئەو گرووپ و ڕێکخراوە یاخیانەوە بەڕێوە دەچن کە بە نیازی درووست کردنی ترس و وەحشەت بە مەبەستی ترساندنی هاوڵاتیانەوە دەکرێن. دوا نموونەی ئەمە "دەوڵەتی ئیسلامی"ی ناسراو بە "داعش" بوو لە سووریا. پێشینەی ئەم سزایانە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێشوو و خولێک کە شارستانێتیی مرۆیی وەک ئەمڕۆ پێش نەکەوتبوو و چەمکی کەرامەت و بەهای مرۆڤ ڕێز و حورمەتی جیهانی هاوچەرخی پەیدا نەکردبوو.
لە سیستمی مافەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داسەپاندنی ئەم سزایانە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرەوی هەیە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، تەنانەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێژەکەی زیادیشی کردووە.
بۆچی سزادانی جەستەیی قێزەون، نامرۆڤانە و پێشێل کردنی ڕێزی مرۆییە؟
*هۆشداری بۆ خوێنەران: ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم بەشە تا پرسیاری دواتر ئازاردەر و ناخۆش بێت.
بۆ ئاگادار بوون لە قووڵایی نامرۆڤانە بوونی بڕیاری بڕینەوەی ئەندام، گێڕانەوەیەک لەو شتەی کە لە بەهاری ١٤٠١ لە زیندانی ئێڤینی تاراندا ئەنجام دراوە، دەتوانێت وێنەیەکی ڕوونتری ئەم کارە قێزەونە حکوومەتییە نیشان بدات.
لە مانگی گوڵانی ١٤٠١دا لێپرسراوانی کارگێڕیی سزاکانی دەزگای دادی ئێران، بڕیاردە دەرکراوەکەی دادوەر لەسەر قرتاندنی چوار پەنجەی پیاوێک بە ناوی "سەید بەرات حوسەینی"ی لە زیندانی ئێڤینی تاراندا جێبەجێ کرد.
ڕێوڕەسمی نامرۆڤانەی قرتاندن و بڕینەوەی ئەندام بە ئامادە بوونی پزیشک و لێپرسراوانی کارگێڕیی سزاکانی دەزگای داد و بە ئامادە بوونی بەرپرسانی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی و بە ئاماێرێک هاوشێوەی گیووتین دەکرێت. لێپرسراوان و کارگێڕان پێش قرتاندنی پەنجەکانی دەستی سەید بەرات حوسەینی پێشیاریان پێ کردبوو کە دەتوانێت بۆ دابین کردنی سەهۆڵی وشک کە بەرهەمێکی پزیشکییە، پارە بدات تا کارگێڕەکان دوای قرتاندنی پەنجەکانی بیخەنە نێو سەهۆڵی وشکەوە بۆ ئەوەی سەید بەرات حوسەینی بتوانێت، دواتر سەردانی نەخۆشخانە بکات کە پەنجەکانی سەر لە نوێ موتوربە بکەنەوە.
سەید بەرات حوسەینی پارەیەکی نەبوو بۆ دابین کردنی ئەم سەهۆڵە وشکە و بەم پێیە لێپرسراوانی کارگێریی سزاکان، بەبێ لێدانی دەرمانی بێ هۆش کردن (ڕەنگە تەنیا بە دەرمانی سڕ کردن) پەنجەکانیان قرتاند.
لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵیت سەید بەرات حوسەینی دوای قرتاندنی پەنجەکانی لەبەر ئێش و ژانی لە ڕادەبەدەر، لە هۆش خۆی چووە و لێپرسراوەکانیش بۆ ڕێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی هەواڵی سزادانی قرتاندنی ئەندام و کاریگەرییە ڕۆحی و دەروونییەکانی قرتاندنی پەنجەکانی، ئەویان لە ئێڤین و لەو پەڕی لاتەریکی و بە دوور لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی تەندرووستی و دەرمانی ڕاگرتبوو. تۆمەتی سەید بەرات حوسیەنی دزی بووە، تاوانێک کە لە سیستمێکی دادوەریی بڕواپێکراو و دادپەروەردا، سزای زیندان و جەریمەی پارەی بە دواوەیە..
نەک هەر قرتاندنی پەنجەکانی دەست کە زیان و خەساری هەمیشەییە لە جەستە و ئەو کاریگەرییە تێکدەرانە ڕۆحی و دەروونیەی لەسەر تۆمەتبارەکە دایناوە چیتر قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵکوو ئەم سزا نامرۆڤانەیە، یەکسانیش نییە لەگەڵ ئەو تاوانەدا و تا هەتا هەتایە ژیان و تەندرووستیی ئەم کەسەی بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە سزا داوە. دۆخێک کە سەید بەرات حوسەینی لەگەڵیدا بەرەو ڕووە و هاوکات لەگەڵ ئەو سێ زیندانیی دیکە لە زیندانی ئێڤینی تاراندا هەمان ئەزموونیان هەبووە. لانیکەم هەشت زیندانی لە بەهاری ١٤٠١دا چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی سزای قرتاندنی بەشێک لە جەستەیان بوون.
بۆچی ڕەتدانەوەی ئەشکەنجە لە کۆماری ئیسلامیدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە؟
ئەشکەنجە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و باقیی یاساکانی ئەم وڵاتەدا یاساغ و قەدەغە کراوە، بەڵام دادگاکانی سزادانی کۆماری ئیسلامی بەپێی شەرعی ئیسلام بڕیاری سزا دەردەکەن کە یاسایەکی هەر بەم ناوەوە، ناسراو بە "یاسای سزادانی ئیسلامی"ی هەیە.
سزاگەلێکی وەک بڕینەوە و قرتاندنی ئەندام و قامچی زادەی نەس یاخود تەفسیرێکە لە بڕیارەکان و گێڕانەوە ئیسلامییەکان کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا وەک ئەشکەنجە بە فەرمیان ناناسێت، بەم پێیە لە دادگاکانی ئێراندا باوە و برەوی هەیە و تۆمەتباران دەبێت ئەو سزایانە قبووڵ بکەن و بەرگەیان بگرن. لەم ڕووەوە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر سزادانە نامرۆڤانە و بێ ڕێزی کارانەکان کە بە "ئەشکەنجە" دادەنرێن یەکلایی و ڕوونە، بەڵام یاسا بنەڕەتییەکەی بە شێوەیەکی ڕواڵەتی ئەشکنجەی قەدەغە کردووە.
پێناسەی جیهانیی "ئەشکەنجە" چییە؟
لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لێدانی قامچی، سزادانی بڕینەوە و قرتاندنی ئەندام، تەنانەت سەنگسار بە ناوی تەعزیر یان حەد وەک سزادانە ئیسلامییەکان لە بازنەی "ئەشکەنجە" خستۆتە دەرەوە؛ کۆمەڵگای جیهانی، واتە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتۆتە پێناسەیەکی ورد لە سزادانی نامرۆڤانە و بێڕێزی کارانە کە کورت کراوەکەی ئەمەیە:
"ئەشکەنجە بریتییە لە هەر کردارێکی بەئانقەست کە لە ڕێگەیەوە ئێش و زیانی قورس، چ جەستەیی یاخود ڕۆحی، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێک لەوانە وەرگرتنی زانیاری و دانپێدانان یان سزادان کرابێت."
ئەم پێناسەیە لە "کۆنڤانسیۆنی قەدەغە کردنی ئەشکەنجە و ڕەفتار و سزادانی زاڵمانە و نامرۆڤانە و بێڕێزی کارانە"دا هاتووە کە بە درێژایی بڕیارنامەی کۆمەڵی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەی مانگی سەرماوەزی ١٣٦٣دا واتە دەوری پێنج ساڵ پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ پەسەند کراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لێدانی قامچی و بڕینەوە و قرتاندنی ئەندام نەک بە ئەشکەنجە و سزادانێکی بێڕێزی کارانە نازانێت، بەڵکوو هەموو ئەم ئەشکەنجانە بە سزادانی ئیسلامیی دەزانێت و هەروەها نەبۆتە ئەندامی ئەم کۆنڤانسیۆنە و بە ناکۆکیشی دەزانێت لەگەڵ ڕێسا و یاسا ناوخۆییەکانی خۆی.
تێبینییەکەت بنووسە