سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەمە ٢٢ی خەرمانان، هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە لەسەر ئەوەی کە شەوی سێشەمە ژنێکی گەنج دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ گەشتی ئیرشاد "بە هۆی سەختیی برینەکانی و ئازارە تووندە مێشکییەکەی" ڕەوانەی نەخۆشخانەی "کەسرا"ی تاران کراوە. بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر" ئەم ژنە گەنجە ناوی "مەهسا ئەمینی"ـە و تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری "سەقز"ـە. بە گوتەی "کیارەش" برای "مەهسا" لە وتووێژ لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا دەستگیر کردنی مەهسا تا کاتێک کە ئەویان لە کۆمادا بینیوەتەوە، تەنیا دوو کاتژمێری خایاندووە.
چی بەسەر مەهسادا هاتووە؟
لە خواروە وتووێژی "ئێرانوایەر" لەگەڵ براکەی مەهسا ئەمینی دەخوێننەوە.
***
بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر" مەهسا ئەمینی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بۆ گشتوگوزار لە "سەقز"ەوە هاتبووە "تاران". بەڵام شەوی سێشەمە لە تاران لە لایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە دەستگیر کراوە و بۆ ئەماکنی تاران گوازراوەتەوە و پاش دوو کاتژمێر جەستەیان بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی "کەسرا"ی تاران گواستۆتەوە.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٢ی خەرمانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، جەو و کەشی نەخۆشخانەی "کەسرا" بە ئامادەبوونی هێزی ئینتزامییەکان بە تووندی ئەمنییەتیی بۆتەوە.
مەهسا ئەمینی لە ئێستادا لە کۆمادایە؛ بە بۆچوونی پزیشکەکان مەهسا تووشی جەڵتەی دڵ و مێشک بووە. پزیشکەکان بنەماڵەی مەهسایان جواب کردووە.
ڕاستیی ئەم ڕووداوە چییە؟
شەوی سێشەمە کاتژمێر ٣٠؛١٨ ئۆتووبانی "شەهید حەقانی" - تاران
مەهسا و براکەی لە دەرچەی ئۆتووبانەکەدا بوون کە ماشینەکەی گەشتی ئیرشاد ڕێگایان لێ دەگرن و مەهسا سواری وەنەکەی خۆیان دەکەن و دەیبەن. "کیارەش" براکەی مەهسا بەرەو لایان دەڕوات بەڵام یەکێکیان ڕێگای لێ دەگرێت و دەستی با دەدا. کیارەش خۆی لە دەست ئەو هێزە ڕزگار دەکات و پێی دەڵێن مەهسا دەبەن بۆ پۆلیسی "ئەمنییەتی ئەخلاقی" لە شەقامی "وزەرا" و پاش کاتژمێرێک وانەی ڕاهێنان، ئازادی دەکەن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم قسانە، ڕووداوەکە بە جۆرێکی دیکە قەوما: "کاتێک گەیشتمە بەردەم بیناکە ٦٠ - ٧٠ کەس بە جلوبەرگ بۆ کچە دەستگیر کراوەکانیان، لەو شوێنەدا چاوەڕێیان دەکرد. چەند کەس کە ئازاد کران، لە ناکاو دەنگی قیژە و هاوار بەرز بووەوە. هەموومان لە دەرگای بیناکەمان دەدا. لە درگاکە چووینە ژوورەوە، بەڵام ڕێگریان لێ کردین. لە ناکاو هێزەکەیان بە گازی فرمێسکڕێژ و شۆکێر ڕژانە دەرەوە و هێرشیان کردە سەرمان. لێیان داین. هەموو جەستەم شین و ڕەش بۆتەوە. لە دوێنە شەوەوە هەر دوو چاوم دەسووتێنەوە. پێنج خولەک دواتر ئامبوڵانسێک لە بیناکە هاتە دەرەوە."
"کیارەش" بە دڵپڕی و تووڕەییەوە دەڵێت: "هەر کچێک کە دەهاتە دەرەوە دەیوت "یەکێکیان کوشت." وێنەی مەهسام بە کچەکان نیشان دەدا. لە ناویاندا یەکێکیان وتی مەهسا لە پاڵ ئەودا ئەو کارەساتەی بەسەردا هاتووە. شۆک ببووم و ترسابووم. لە سەربازێکم پرسی کە چی بووە؟ وتی یەکێک لە سەربازەکانی خۆمان بریندار بووە. درۆیان کرد. ئەوە مەهسا بوو لە ئامبوڵانسەکەدا. بڕوام نەکرد. تا نەخۆشخانەی کەسرا هەڵاتم."
کاتژمیر ٢:١٧ی سێشەمە؛ پزیشکەکان بنەماڵەیان ئەمنیان بۆ ڕزگار کردنی کچەکەیان جواب کردووە. بە گوتەی براکەی مەهسا، پزیشکەکان دەڵێن جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە و ئەگەرچی دڵی لێدەدا بەڵام مێشکی چیتر زیندوو نییە:
"لە دەستگیر کردنەوە تا دانەوەی جەستەی مەهسا تەنیا دوو کاتژمێری خایاند. کاتێک ئامبوڵانسەکە دەرچوو تا کاتێک کە زانیم ئەوە خوشکەکەی منی تێدایە، نیو کاتژمێری خایاند. واتە مەهسایان نیوکاتژمێر بوو لەوێ بردبووە دەرەوە و من نیو کاتژمێر بوو لە بەردەم درگای وزەرادا چواروانی خوشکەکەمم دەکرد."
چیتر هیچم نەماوە لە دەستی بدەم
کیارەش دەڵێت شەوی سێشەمەوە تا شەوی چوارشەمە کە لەگەڵ "ئێرانوایەر"دا وتووێژی کرد، هێزە ئینتزامییەکان بەردەوام خۆی و بنەماڵەکەیان خستۆتە ژێر چاودێریی چڕەوە. یەکێک لەو لێپرسراوانەیش لە نەخۆشخانەدا بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ ئەو ڕووداوە دا کە ڕووی داوە.
براکەی مەهسا بۆ تۆمار کردنی سکاڵاکەی سەردانی دادسەرایشی کردووە: "من بەردەوام دەبم لە سکاڵاکەم. بەڵام خۆتان باش دەزانن ئەم سیستمە چۆنە؟ چوومە دادسەرا نامەیان پێ دام کە دەبێت بچمە ئەماکنی وزەرا، واتە دەبێت بچمە شوێنێک کە خوشکەکەمیان کوشتووە سکاڵاکەم تۆمار بکەم. ئەمە وەک ئەوە وایە یەکێک لە ماڵەوە بکوژم، دواتر لە باوکم بپرسن بکووژەکە کێیە؟ بەڵام من ڕێگە نادەم ئەم ڕووداوە بەبێ هەرا و دەنگە دەنگ کۆتایی بێت. هەموو ئێران پڕ دەکەم لەم هەواڵ و سکاڵایە."
کیارەشیان بردۆتە ئەو ژوورەی کە مەهسای تێدا بەستەری کراوە بەڵام ڕێگەیان نەداوە فیلمی لێ هەڵبگرێت: "بۆخۆم بەو چاوانەی خۆم بینیم کە دەموچاوی مەهسا ماسیبوو و لاقی ڕەش و شین کرابووەوە. من چیتر هیچم نییە لە دەستی بدەم. لە خوارەوەی ئەم بینایەدا لە ژێر چاودێریی هێزە ئینتزامییەکاندام و خوشکەکەیشم لە سەرەو خەوتووە."
لە هاوینی ڕابردوودا، هەڵسوکەوتە تووندئاژۆکانی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لەگەڵ ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوە و کاردانەوەی زۆر لێ کەوتۆتەوە، بەڵام کەس ئاگاداری ناو ئەم گرتووخانانە نییە؛ شوێنێک کە دوای دوو کاژمێر ئاکامەکەی جەستەی ساردەوە بوو و دۆخی کۆمایی مەهسا ئەمینییە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە