وەزارەتی کاروباری دەروەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەمە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٢، دوا بە دوای ئامادەبوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێوڕەسمێکدا لە عێراق بە ئامادەبوونی باڵاترین بەرپرسانی ئەم وڵاتە، باڵوێزی ئەم وڵاتەی لە تاران بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی توندی خۆی پێ ڕاگەیاندووە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە ڕۆژی ٢١ی گولانی ١٤٠٢، هەیئەتی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی سەرکونسولگەریی ئێران لە هەولێریش لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کردنەوەی "مۆزەخانەی نیشتمانیی مەلا مستەفا بارزانی"، یەکێک لە ڕێبەرانی ناسراوی گەلی کورد، لە ناڕەزایەتیدا بە ئامادە بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕێوڕەسمەکەیان بەجێهێشتبوو.
"ئێرانوایەر" لەم بارەوە لەگەڵ "محەمەدساڵح قادری"، ئەندامی هەیئەتی نوێنەرایەتیی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "عەلی عەونی"، ئەندامی سەرکردایەتیی "پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق" کە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون، وتووێژی کردووە.
***
ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی مەلامستەفا بارزانی لەسەر بانگهێشتی کێ بەڕێوەچوو و میوانەکان کێ بوون؟
ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی مەلا مستەفا بارزانی لەسەر بانگهێشتی "مەسعوود بارزانی"، سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق و کوڕی مەلا موستەفا بارزانی، دەوری حەوتوویەک بەر لە ئێستا لە ناوچەی "بارزان"ی سەر بە پارێزگای هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ئامادە بوونی باڵاترین کەسایەتی سیاسییەکانی عێراق لەوانە "عەبدولەتئیف ڕەشید"، سەرۆک کۆماری و هەروەها "محەمەد شیاع سودانی"، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە سونی و شێعەکانی عێراق بەڕێوە چوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا، جگە لە بەشداری کردنی باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، پەیامی "جۆرج بوش"، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەم وڵاتەیش خوێندرایەوە. نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "حیزبی ئازادیی کوردستان (پاک)" و "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"یش بۆ ئەم ڕێوڕەسمە بانگهێشت کرابوون و تێیدا بەشداریان کردبوو.
بۆچی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی ڕێوڕەسمەکەیان بەجێهیشت؟
ئامادە بوونی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بەڵام کاردانەوەی تووندی سەرکونسولی حکوومەتی ئێران لە هەولێری لێ کەوتۆتەوە، بە تایبەت کاتێک کە جێگای "موستەفا هیجری"، بەرپرسی بەڕێوەبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ڕیزی یەکمی ڕێوڕەسمەکەدا دیاری کرابوو.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەمە ٢٣ی گوڵان هەر لەم پێوەندەدا باڵوێزی عێراقی لە تاران بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوە بانگهێشت کردووە و جگە لە ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتیی تووندی کۆماری ئیسلامی، بانگهیشت کردنی ئەندامانی گرووپە "تەجزیەتەڵەبەکان" بۆ ئەم ڕێوڕەسمە فەرمییەی بە ناکۆک زانیوە لەگەڵ ڕێکەوتنی ئەمنییەتیی ئەم دوایانەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق.
ئێران و عێراق ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بەڵگەنامەیەکی ئەمنییەتیان بە ئامانجی دابین کردنی ئەمنییەتی سنوو بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات واژۆ کردبوو.
کۆماری ئیسلامی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ بە کوشتنی حکوومەتیی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە لایەن "گەشتی ئیرشاد"ەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە هاندانی ناڕەزایەتییەکان و بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بە دژی ئێران تۆمەتبار کردووە. سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییش لەم ماوەیەدا چەندین جار لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ئۆردووگاکانی ئەم حیزبانەی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا کردۆتە ئامانج و دوای لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە جگە لە چەک کردن، ئۆردوگا و کەمپەکانی ئەم حیزبانە کۆ بکرێنەوە.
کاردانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر ناڕەزایەتییەکەی هەیئەتی حکوومەتی ئێران چی بوو؟
محەمەدساڵح قادری وەک یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی بەشداربووی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی مەلا مستەفا بارزانی، بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "ئێمە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەدا، لە ڕێگەی خانەخوێوە ئاگادار کراینەوە کە سەرکونسولی کۆماری ئیسلامی و شاندی یاوەری لە ناڕەزایەتیدا بە ئامادە بوونی ئێمە و باقیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ڕێوڕەسمەکەیان بەجێهێشتووە."
ئەو بەجێهێشتنی ڕێوڕەسم بە هۆی بەشداری کردنی دژبەران، ئەویش بە ئامادە بوونی بەرپرسانی باڵای سەفارەتاکان و کۆنسولگەرییەکانی زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها سیاسەتوانانی بیانی لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا نەک بە ڕەفتارێکی نادیپلۆماتیک، سەدە ناوینییەکان و ناسیاسی وسف دەکات بەڵکوو ئەوە بە دەرکەوتنی ڕاستەقینەی لۆژیکی ئینکاری کوردان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەزانێت: "لە ڕوانەگی حیزبەکەی ئێمەوە، بەجێهێشتنی ئەم ڕێوڕەسمە لە لایەن نوێنەرانی کۆماری ئیسلامییەوە بە کرداری دەرخەری جەوهەری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی، لۆژیکی لەمێژینەی ئینکاری پرسی کورد لە ئێران و هەروەها ڕق و بێزاری لە هاوپشتی و یەکگرتوویی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیارکەوتنی لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بوو."
ئایا ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی مەلا مستەفا بارزانی سیاسی بوو؟
ئەم چالاکە سیاسییە لە درێژەدا با ئاماژەدان بە ئامانجە ناسیاسییەکانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی مۆزەخانەی نیشتمانیی مەلا مستەفا بارزانی، دەربارەی هۆکاری بانگهێشت کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باقیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وتی: "کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی مەلا مستەفا بارزانی و بەڕێوەچونی ئەم ڕێوڕەسمە بە هیچ جۆرێک سیاسی نەبوو بەڵکوو ڕێوڕەسمێک بوو بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی خەباتی مێژوویی کوردان، بە تایبەت خەباتی مەلا مستەفا بارزانی وەک یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی گەلی کورد. لە لایەکیترەوە، بەشێک لە مۆزەخانە تایبەت بوو بە دەوری مێژوویی بارزانییەکان بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی قازی محەمەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. هۆکاری سەرەکیی سەرنجدانی تایبەتیش بە حیزبی دێموکرات لەم ڕێوڕەسمەدا هەر بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە."
"کۆماری کوردستان" یان "کۆماری مهاباد"، لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە شاری مهاباد، سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دامەزرا و هەروەها "قازی محەمەد" وەک سەرۆکی ئەم کۆمارە سوێندی یاسایی خوارد. ئەم کۆمارە ١١ مانگ درێژەی کێشا و قازی محەمەد و هاوڕێکانی لە لایەن حکوومەتی ڕەزاشاوە لەسێدارەدران. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دامەزرا و لە کاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا یەکێک لە حیزبە کاریگەرەکانی کوردستان بووە.
بە وتەی ئەم ئەندامەی هەیئەتی حیزبی دێموکرات، هەرچەندە لە کۆتاییدا ناڕەزایەتیی شاندەکەی حکوومەتی ئێران ڕاستەوخۆ ڕوو لە خانەخوێی ڕێوڕەسمەکە بوو، بەڵام حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەک ڕێزک بۆ خانەخوێی ڕێوڕەسمە و پابەندبوون بە پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماتیکەکان، بەرامبەر ئامادە بوونی شاندی کۆماری ئیسلامی هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەدا.
ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە گرووپی تیرۆریستی دەزانێت؟
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی عێراق کە بەشداریی لەم ڕێوڕەسمەدا کردبوو، سەبارەت بە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەشداری کردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم ڕێوڕەسمەدا لە زمانی یەکێک لە خانەخوێکانەوە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕێوڕەسمەدا بەم پرسیارەوە کە بۆچی گرووپە تیرۆریستەکان بۆ ئەم ڕێوڕسەمە بانگهێشت کراون، لە هەمان ساتە سەرەتاییەکانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمەدا، دوا بە داوی پێشکەش کردنی دەستە گوڵێک، بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و تووڕەیی توندی خۆیان ڕێوڕەسمەکەیان بەجێهێشت.
هەروەها ئەو دەڵیت: "ئێمە هەر وەک باقیی نوێنەران و میوانە بیانییەکانی دیکە، حکوومەتی ئێرانمان وەک یەکێک لە وڵاتانی دۆست و دراوسێمان بانگهێشت کردبوو و دەمانویست تا کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمە ئامادە بن و لەگەڵمان بمێننەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین بەشێک لە نەتەوەی کورد لە کودستانی ئیران پشتگوێ بخەین و حیسابیان بۆ نەکەین."
ئایا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکاردەهێنن؟
عەلی عەونی لە درێژەی وتووێژەکەدا بە ئاماژە کردن بە هێرشی مووشەکی و درۆنەکانی سپای پاسداران لە چەند مانگی ڕابردوودا بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: "زۆر جار بە کۆماری ئیسلامی وتراوە کە بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکەونە قووڵایی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و زۆر دوورن لە سنوورەکانی ئێران و هیچ هەڕەشەیەک نین بۆ سەر ئەوان. بارەگا و کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات شوێنی ژیانی پەناخوازان، بنەماڵەکانیان و هەروەها دژبەرانی سیاسی کۆماری ئیسلامیە. هەرچەندە ژمارەیەکی کەمی چەکی سووکیان پێیە بەڵام ئەم چەکانە زیاتر بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیانە نەک بۆ شەڕ کردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی."
بە وتەی ئەم ئەندامەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی عێراق، زیاتر لە ٣٠ ساڵە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئاوارە سیاسیەکان و بنەماڵەکانیان لەو کەمپانە جێگیر بوون و لە ماوەی ئەو ساڵانەشدا بە شێوەیەکی جیدی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیچ کات خاکی هەرێمی کوردستانیان بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارنەهێناوە و تەنانەت هەوڵی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەشیان داوە.
هەروەها دەڵیت: "بەڵام کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە بۆ سەر پێگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هم زوڵم لە ئێمە [هەرێمی کوردستان] و هم زوڵم لە پەنابەرە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان کە لەو کەمپانەدا دەژین، دەکات."
بوونی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێرانە؟
عەلی عەونی بوونی چالاکانی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و ئەو پەنابەرانەی کە لەگەڵ بنەماڵە ومنداڵەکانیان لە ئێران هەڵاتوون و لەم شوێنەدا دەژین نەک هۆکار بەڵکوو بە بەرهەمی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەزانێت و لەو باوەڕەدایە: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەشێوەی ئاشتیخوازانە وڵامی خواست و داواکارییەکانی گەلی ڕۆژهەلاتی بداتەوە و لە ئاراستەی چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ دژبەرانی گفتوگۆ بکات، بێگۆمان بەشێکی زۆری کێشە و گرژییەکان کۆتاییان پێ دەهێنرێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەم ڕاستییەکە کە ئەگەر سەرجەم کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو بچن، دیسانەوە کێشەکەیان چارەسەر نابێت. بەم پێیە، جگە لە گفتوگۆ ڕێگە چارەیەکی دیکە نییە."
تێبینییەکەت بنووسە