close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

تێپەڕینی کۆماری ئیسلامی لە دەوڵەت-نەتەوەوە بۆ دەوڵەت- مافیا دوای خەرمانانی ١٤٠١

۲۲ گەلاوێژی ۱۴۰۲
امید شمس
خوێندنەوەی وتارە لە ۹ خولەکدا
لە نموونەی ئێران‌دا، ئێمە لەگەڵ سیستمێکی سیاسی‌دا بەرەو ڕووین کە دەستی لە کۆی ئامرازە ڕەواکانی کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئابووریی شۆردوەتەوە و وەک باندێکی جەنایەتکار لە ڕێگەی هەڕەشە، باجگری، ڕفاندن، بارمتەگرتن، تیرۆر و بڵاو کردنەوەی وەحشەت و نمایش کردنی دڕندەیی و ئەشکەنجەوە هەوڵ دەدات تا کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات.
لە نموونەی ئێران‌دا، ئێمە لەگەڵ سیستمێکی سیاسی‌دا بەرەو ڕووین کە دەستی لە کۆی ئامرازە ڕەواکانی کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئابووریی شۆردوەتەوە و وەک باندێکی جەنایەتکار لە ڕێگەی هەڕەشە، باجگری، ڕفاندن، بارمتەگرتن، تیرۆر و بڵاو کردنەوەی وەحشەت و نمایش کردنی دڕندەیی و ئەشکەنجەوە هەوڵ دەدات تا کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات.
لەم پێناسەیەدا بۆ دەوڵەتی مافیا ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوێکی تاوانکار کە لە پشتەوەی شێوازەکانی کار کردنی دەوڵەتی یاسای بنەڕەتییەوە خۆی شاردۆتەوە بەرەو ڕوو نین بەڵکوو لەگەڵ دەوڵەتێک‌دا بەرەو ڕووین کە هەموو شێوازەکانی ڕێکخراوە تاوانکارەکانی بۆ داگیرکاری و کۆنتڕۆڵی دەسەڵات لە ئاستی حاکمییەت و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی دەسەڵاتدارێتی بەکار دەهێنێت.
لەم پێناسەیەدا بۆ دەوڵەتی مافیا ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوێکی تاوانکار کە لە پشتەوەی شێوازەکانی کار کردنی دەوڵەتی یاسای بنەڕەتییەوە خۆی شاردۆتەوە بەرەو ڕوو نین بەڵکوو لەگەڵ دەوڵەتێک‌دا بەرەو ڕووین کە هەموو شێوازەکانی ڕێکخراوە تاوانکارەکانی بۆ داگیرکاری و کۆنتڕۆڵی دەسەڵات لە ئاستی حاکمییەت و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی دەسەڵاتدارێتی بەکار دەهێنێت.

نزیک یەک ساڵ بەسەر کوژرانی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" دوای دەستگیریی لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی و دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک گەورەترین جووڵانەوەی دژە حکوومەتی لە ئێران دوای شۆرشی ١٣٥٧ تێدەپەڕێت. لەم ماوەدا کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگ کردنی شەپۆلی قورسی ناڕەزایەتییەکان کۆمەڵێک هەوڵی داوە کە بە شێوەیەکی کرداری چییەتییەکەی لە دەوڵەت- نەتەوە (nation-state) و هەروەها لە دۆخی سەروەریی یاسا یان حکوومەتی یاسای بنەڕەتی (constitutional state) تێی پەڕاندووە. ئەم نووسراوە لە ڕێگەی ئاوڕدانەوە لە کارکردی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا هەوڵ دەدات ڕەوتی گۆڕانی ئەم سیستمە سیاسییە بۆ دەوڵەتی تاوانکار (criminal state) یان دەوڵەتی مافیا (mafia state) بخاتە ڕوو.

***

کۆتایی‌هاتنی دەوڵەت- نەتەوە

پێناسەی جۆراوجۆر و زۆر جیاواز لە چەمکی "دەوڵەت-نەتەوە" کراوە. لە ناو ئەم پێناسانەدا بەڵام توخمێکی هاوبەش هەیە کە بە جۆرێک تایبەتمەندیی جەوهەریی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە دەنوێنێتەوە ئەویش پێوەندیی نێوان حاکمییەت یان دەسەڵاتدارێتیی بەسەر خاک و خەڵکی ئەو وڵاتەدایە. "فرانک ئێلوێل"، کۆمەڵ‌ناس، بەم شێوەیە دەوڵەت-نەتەوە پێناسە دەکات: "حکوومەتێکی مۆدێرن کە تێی‌دا دەوڵەتێکی خاوەن دەسەڵات لە ناوچەیەکی سەرسەزمینیی دا پێناسە کراوە و زۆرینەی حەشیمەتەکەی هاوڵاتیان پێکی دەهێنن."

"زانست‌نامەی بریتانیکا" پێناسەیەکی هاوشێوە دەکات: "یەکەیەکی سیاسەیی باڵادەست بەسەر سنوورێکی سەرزەمینی- واتە دەوڵەتێک بە ناوی کۆمەڵگایەک لە هاوڵاتیانەوە ئیدارە دەکرێت کە وەک نەتەوەیەک پێناسەی دەکەن. "ئێنرێست گێلنەر"، فەیلەسووفی بریتانیایی، دەوڵەت نەتەوە بە یەکەیەکی سیاسی دەزانێت کە تێی‌دا لە نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان بە شوناسی هاوبەشەوە (نەتەوە) پێوەندییەکی هارمۆنیک بەرقەرارە. لە کۆی ئەم پێناسانەدا چەمکی دەوڵەت- نەتەوە پێوەندییەکی ئاشکرای بە پێگەی ئەو هاوڵاتیانەوە هەیە کە شوناسێکی هاوبەشیان هەیە. بەڵام دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی نەک هەموو پێوەندییەکانی لەگەڵ هاوڵاتییەکانی‌دا بە تەواوی پساندووە، بەڵکوو لە بنەڕەت‌دا بەڵێنی نێوان حکوومەت و هاوڵاتیانی بە تەواوەتی بەتاڵ کردۆتەوە.

کۆمەڵگای ئێران بە درێژایی یەک ساڵی ڕابردوو بە ڕوونی نیشانی داوە کە ئەوەی لە لایەن هاوڵاتیانەوە وەک شوناسێکی هاوبەش بە پێی باوەڕەکان و بەها هاوبەشە کۆلتوورییەکان و تەنانەت ئایینییەکان قبووڵ کراون، لە ناکۆکییەکی تەواودان لەگەڵ هەموو ئەو بیر و باوەڕانەدا کە حاکمییەت بە بنەڕەتەکانی شوناسێکی هاوبەشی دەزانێت. بە گوتەیەکی دیکە، شوناسی نەتەوەیی هاوڵاتیان و شوناسی نەتەوەیی حاکمییەت لە ناکۆکییەکی تەواو دایە. لە ئەنجامی وەها دۆخێک‌دا نەتەوە و دەوڵەت هەر کامەیان ئەوی‌تر وەک نوێنەری باوەڕەکان و بەها نامۆکان و وەک توخمێکی دژبەر دەبینن.

لە لایەکی دیکەی ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە حاکمییەتێک هەیە کە هەوڵ دەدات حیجاب وەک توخمی جەوهەریی ئایین و بنچینەی شوناسی نەتەوەیی لە ڕێگەی زۆر و تووندوتیژیی ڕووتەوە بەسەر نەتەوەکەدا داپسەپێنێت، لە حاڵێک‌دا کە حیجاب نە توخمی جەوهەریی ئایینە و نە بنچینەی شوناسێکی هاوبەش لە ناو خەڵکی ئێران‌دا. وەها دۆخێک، حاکمییەت دەخاتە پێگەی هێزێکی نامۆوە کە لەگەڵ بەها زاڵەکانی کۆمەڵگا کە شوناسی هاوبەشی هاوڵاتی یان شوناسی نەتەوەیی پێک دەهێنێت، یەک ناگرێتەوە. لەوێوە کە داسەپاندنی حیجاب بەسەر هەموو خەڵکی کۆمەڵگادا هیچ پاساوێکی ئایینیی هەڵ ناگرێت، لە ڕاستی‌دا حاکمییەت هەم لە شوناسی ئایینی و هەم لە شوناسی نەتەوەیی تێپەڕ دەبێت. لە ئەنجام‌دا "حیجابی زۆرەملێ" کە نە زادەی بەها ئایینییەکانە و ڕەنگ‌دانەوەی بەها نەتەوەییەکان، چ نییە جگە هێمای باڵادەستیی حاکمییەت بەسەر دانیشتوانی ئەم وڵاتە و لەوێوە کە ئەم داسەپاندنە لە ڕێگەی تووندوتیژی و دڵڕەقی و هەڵاوردنی ڕووتەوە دادەسەپێنرێت، پێگەی حاکمییەت لە دیدی گشتیی خەڵکەکەوە پێگەی هێزێکی نامۆی داگیرکەر و ستەمکارە.

هەنووکە کۆماری ئیسلامی خۆی خستۆتە بەردەم قووڵ‌ترین ناکۆکیی ناوەکیی خۆیەوە. سیستمێک کە بانگەشەی حکوومەتداریی ئایینی و نەتەوەیی دەکات بۆ داسەپاندنی ئەو شتەی بە بەهای ئایینی و نەتەوەیی دەزانێت لە هەموو کردارێکی دژە ئایینی، دژە مرۆیی و دژە نەتەوەیی دەست ناپارێزێت.

کوشتنی منداڵان، کوێر کردنی لاوان، دەست‌درێژی بۆسەر ژنان، تێکدان و ئاگردانی مەزارگەی گیان بەخت کردوان و ئازار و ئەشکەنجە و ئەسیر کردنی باوکان و دایکانی گیان بەخت کردوان، کۆماری ئیسلامیی گۆڕیوە بۆ ڕەنگدانەوەی چەند ئەوەندەی قێزەون لە هەمان دێو و درنج و ئەشقیا کە بڵیندگۆ حکوومەتییەکان چەندین ساڵە بە تین و تەوژمەوە چیرۆکی دڵڕەقی و دڕندەییانی لە مەحرەم‌دا گێڕاوەتەوە.

ئەمڕۆکە بە هۆی کامێرای مۆبایلەکانەوە ئەم دڕندەییە ڕووتە، ئینکار ناکرێت و کوێر و کەڕ و چاودار و بێ چاو تەنیا وەبیر دڕندەترین شەیتانە ترسناکەکانی ناو ئەفسانەکان دەخاتەوە. حاکمییەتێک کە دروشمی سەربەخۆیی بەرز دەکردەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە دژی "کاپیتۆلاسیۆن" ڕاساوە و هەرکاتێک پێویست بووە دەستی لە ڕێسمانی ناسیۆنالیزم گیر کردووە، کاری گەیشتۆتە شوێنێک کە موستەشارانی ڕووس و میلیشیاکانی لوبنان و عێراق بۆ سەرکوتی هاوڵاتییەکانی دەهێنێت. کۆماری ئیسلامی بۆتە ناشرین‌ترین ڤێرژێنی ئەو شتەی کە بە بانگەشەی ئەو خەباتەوە بە دەسەڵات گەیشت: حاکمییەتێکی تەواو دژە ئایینی، دژە نەتەوە و دژە مرۆیی.

کۆتایی‌هاتنی سەروەریی یاسا یان حکوومەتی یاسای بنەڕەتی

حکوومەتی یاسای بنەڕەتی یان حکوومەتی سنووردار کراو بە یاسای بنەڕەتی حکوومەتێکە کە تێی‌دا دەسەپاندنی دەسەڵاتی حاکمییەت لە ڕێگەی یاسای بنەڕەتی و بە مەبەستی پاراستنی هاوڵاتیان بەرامبەر داسەپاندنی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەوە سنووردار دەکرێتەوە. بە تەعبیرێکی دیکە، حکوومەتی یاسای بنەڕەتی حکوومەتێکە بنەماکەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانە بەرامبەر حاکم. لێرە بە ئانقەست دەستەواژەی حکوومەتی یاسا بەکار ناهێنم تا لای خوێنەری فارسی زمان مانا ساکارەکەی ئەم جۆرە لە حکوومەت بۆ جۆرێکی تایبەت و خولێکی تایبەتی مێژوویی کورت نەکرێتەوە.

گومانی تێ‌دا نییە کە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە کۆنەپەرەست‌ترین جۆرەکان لە مێژووی سیاسیی مۆدێرن‌دا. بەڵام تەنانەت هەر ئەم یاسا بنەڕەتییەیش بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە تەواوەتی تێپەڕێنرا یان بن پێ خرا و کۆماری ئیسلامی سەردەمی پۆست یاسای بنەڕەتیی دەست پێ کرد. سەردەمێک کە تێی‌دا هیچ یاسا و ڕێسایەک بەرگەی ڕێگری کردن لە داسەپاندنی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی حاکم ناگرێت.

دەرکردنی بڕیاری "دەرچوون لە ئیستیمان" بۆ "مەرزیە موحێبی"، پارێزەری دادگا لە لایەن دادگای بنەمای ٤٩ی یاسای بنەڕەتی خاڵی وەرچەرخان و سرووشتی ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامییە بۆ دۆخی کۆمێدیا تراژێدیای پۆست یاسای بنەڕەتی. دۆخێک کە تێی‌دا هاوڵاتییەکی خاوەن پیشە بە پیشەی پارێزەرییەوە وەک کافری حەربی ڕەچاو دەکرێت کە پێش‌تر لە حاکمی ئیسلامی ئەمانی وەرگرتووە و ئیستا ئەمانەکەی لەسەر هەڵگیراوە و ماڵ و گیانی بۆ حاکم مەباحە.

بە تەعبیرێکی دیکە، دادگا هاوڵاتییەکی بە تۆمەتی "پێوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵات" کە نموونەکەی بەرگریی لە تۆمەتباران و میدیایی کردنەوەی دۆخی تۆمەتبارانە، بە کافری حەربی داناوە و بەڵێنی هاوڵاتی بوونەکەی بە شێوەیەکی یەک لایەنە هەڵوەشاندۆتەوە. ئەمە بەو مانایە کە حکوومەت چیتر ئەو زەحمەتە بە خۆی نادات تا بچووک‌ترین پێوەندییەکی بە یاساوە بمێنێت.

ئەوەی بۆ مەرزییە موحێبی ڕوویداوە دەربارەی کۆی کۆمەڵگای ئێرانیش ڕاستە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی تەواوەتی لە بەڵێنی نێوان حاکم و هاوڵاتی دەرچووە و هەموو بەڵێنەکانی بە پێی یاسا ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانەوە بن پێ خستووە. ئیدی هیچ یاسا و ڕێسایەک تەنانەت بە شێوەی ڕواڵەتی ناتوانێت پیش بە دەستدرێژییەکانی حکوومەت بۆسەر مافی هاوڵاتیانی ئێران بگرێت.

لە بارودۆخێک‌دا کە سەدان هاوڵاتی لەوانە دەیان منداڵ لە ناڕەزایەتییەکان‌دا کوژراون، تەنانەت وەک ساڵانی پیشوو گەڵاڵەیەکی ڕواڵەتی و نمایشیی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیش ناخرێتە بەر باس و بەو پێیە کاری لەسەر بکرێت. لە بەرامبەردا، ٢٢٧ نوێنەری مەجلیس داوای لەسێدارەدانی ناڕازیان دەکەن. نەک هیچ دۆسییەکی سکاڵا لەسەر هێزە ئەمنییەتییەکان لە دامودەزگای دادی هێزە چەکدارەکان‌دا بەدواداچوونی بۆ ناکرێت و بە ئەنجام ناگات، بەڵکوو سەرۆکی ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکان دوای شکاندنی بێ لایەنی دژی ناڕازیان هەڕەشە دەکات و داوای ئامادە بوونی هێزە چەکدارەکان لە دامودەزگای دادوەریی گشتی و پێکهێنانی دادگا سەربازییەکان بۆ ناڕازیان دەکات.

هەنگاوەکان بۆ دەرچوونی تەواوەتی لە پانتای یاسا هەڵبەت ئەم جارە هەڵنەگیران. بەڵام، لانیکەم لە دە ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە تریبوونە فەرمییەکان و بە شێوەی ئاشکرا برەویان داوە بە تێپەڕاندنی یاسا و ئەنجامدانی هەوڵی تاوانکارانەی بان یاسایی.

"یوسف تەباتەبایی نژاد"، نوێنەری "عەلی خامنەیی" لە پارێزگای ئەسفەهان و پێش‌نوێژی شارێک کە تێی‌دا لانیکەم ١٥ جار بە تیزاب هێرش کراوەتە سەر کچانی کەم حیجاب، لە ڕەزبەری ١٣٩٩دا لە تریبوونی نوێژی هەینی‌دا داوای "نائەمن کردنی کەشی کۆمەڵگا"ی بۆ ئەو ژنانە کرد کە بەرامبەر داسەپاندنی حیجاب خۆڕاگریی دەکەن. ئەو ماوەیەک پێش دەست پێ کردنی پژاندنی تیزابەکان بەسەر کچان لە ئەسفەهان‌دا وتبووی: "پرسی حیجاب ئیدی لە ئاستی هۆشداریدان تێپەڕیوە و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بەد حیجابی‌دا دەبێت داری تەڕ هەڵبگیرێت و هێزی تووندوتیژی بەکار بهێنرێت."

هاوکات کە دواین بزمارەکان لەسەر تابووتی حاکمییەتی یاسا لێ دەدرا، کۆماری ئیسلامی سنووری هەموو بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی خۆی شکاندووە کە دیسان بە مانای تێپەڕندنی بنەماکانی ٧٧ و ١٢٣ی یاسای بنەڕەتی و مادەی ٩ی یاسای مەدەنیی وڵاتەکەیە. لە پیشێل کردنی تەواوەتیی بەڵێنە مافی مرۆییەکان تا تەقە کردن لە فڕۆکەی گەشتیاری، تا جووڵەی خێرا بەرەو درووست کردنی چەکی ئەتۆمی و تاقی کردنەوەی مووشەکە باڵستیکەکان بە پیچەوانەی بڕیارنامەی شواری ئەمنییەت، تا دابین کردنی چەک و تەقەمەنیی دەوڵەتێکی داگیرکەر، تا هێرشی سەربازی بۆسەر پاڵاوگەکانی وڵتانی دراوسێ، تا جەردەیی و ڕێگری لە گەرووی هورموز، تا بەشداریی حاشاهەڵنەگر لە هێرشە تیرۆریستییەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان، تا بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە، هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی پابەند مابێتەوە.

لە وەها دۆخێک‌دا، ناکرێت ئەوانەی کە بەسەر ئەو وڵاتەدا حاکمن وەک دەوڵەت-نەتەوە یاخود دەوڵەتی یاسا ڕەچاو بکرێت بەڵکوو نزیک‌ترین تەعبیر لەم مۆدێلەی حاکمییەت لە ئێران‌دا دەوڵەتی تاوانکار (criminal state) یان دەوڵەتی مافیا (mafia state)یە.

کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتی مافیا

"ڕۆبێرت بونکێر"، دەوڵەتی تاوانکار بە دیاردەیەکی نوێ لە ناو مۆدێلەکانی حاکمییەت لە سەدەی بسیت و یەکەم‌دا دەزانێت. ئەو چەند شێوەی دەوڵەتی تاوانکار دەست نیشان دەکات کە ڕەگەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای جیهادی: ناوچە بێ یاساکان (ئەنجامی دەوڵەتی فەشەل)، داگیرکاریی تاوانکارانە و ڕژیمە ئۆلیگارشییەکان.

کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ئاشکرا هاوشێوەیە بەم سێ مۆدێلە. حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی تەواوەتی کۆتایی هێناوە بە سەروەریی یاسا، سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تاوانکار کۆی ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و ئابووریی پاوان کردووە و ئۆلیگارشی کۆی ئامرازەکانی دەسەڵات و سامانی زەوت کردووە و خستوویەتە بن دەستی گرووپێکی بچووک لە نزیکانی عەلی خامنەیی کە خاوەندارێتیان هەیە بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆیی کۆمەڵگادا و ئەمە بە مافی جەوهەریی خۆیان دەزانن و هیچ بەرپرسیارێتییەکەیش لە هەمبەر کۆمەڵگادا قبووڵ ناکەن و خۆیان بە وڵامدەرەوەی هیچ پرسیارێک نازانن.

بەڵام ڕەنگە پەرەپێدانی پێناسەی "مویزس نەعیم"، نووسەر و وەزیری پیشەسازیی پیشووی ڤێنێزوێلا، لە دەوڵەتی مافیا پێناسەیەکی وردتری چییەتیی سیستسمی سیاسیی حاکم لە ئێران بە دەستەوە بدات. نەعیم، دەوڵەتی مافیا وەک داگیر کردنی بەشێک لە بونیادەکانی حاکمییەت لە لایەن باندە تاوانکارەکانەوە پێناسە دەکات. بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا لە چەمکی دەوڵەتی مافیا ڕەچاو کراوە، گۆڕانی چییەتیی تەواوی دەوڵەت- نەتەوەیەک یان دەوڵەتی یاسای بنەڕەتی بۆ ڕێکخراوێکی تاوانکارە کە ئامرازی یاسادانانیشی بە دەستەوەیە.

لەم پێناسەیەدا بۆ دەوڵەتی مافیا ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوێکی تاوانکار کە لە پشتەوەی شێوازەکانی کار کردنی دەوڵەتی یاسای بنەڕەتییەوە خۆی شاردۆتەوە بەرەو ڕوو نین بەڵکوو لەگەڵ دەوڵەتێک‌دا بەرەو ڕووین کە هەموو شێوازەکانی ڕێکخراوە تاوانکارەکانی بۆ داگیرکاری و کۆنتڕۆڵی دەسەڵات لە ئاستی حاکمییەت و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی دەسەڵاتدارێتی بەکار دەهێنێت.

لە تەفسیرەکەی نەعیم لە دەوڵەتی مافیادا، ئێمە لەگەڵ تێریادە چینییەکان‌دا بەرەو ڕووین کە لە میانمار خۆیان لە پشت دەوڵەتوانانی بە ڕواڵەت پێڕەوکەری یاسادا شاردۆتەوە و شێوازەکانی کۆنتڕۆڵ کردنەکەیان لە پارچە پارچە کردن و ئەشکەنجەی ڕکابەکان و دژبەرەکانیان بۆ دەستگیری، دادگایی کردن و سزادان گۆڕیوە.

بەڵام لە نموونەی ئێران‌دا، ئێمە لەگەڵ سیستمێکی سیاسی‌دا بەرەو ڕووین کە دەستی لە کۆی ئامرازە ڕەواکانی کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئابووریی شۆردوەتەوە و وەک باندێکی جەنایەتکار لە ڕێگەی هەڕەشە، باجگری، ڕفاندن، بارمتەگرتن، تیرۆر و بڵاو کردنەوەی وەحشەت و نمایش کردنی دڕندەیی و ئەشکەنجەوە هەوڵ دەدات تا کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات.

ئەم کۆنتڕۆڵ کردنە نەک بۆ ئیدارەدانی وڵات و کۆمەڵگاکە بەڵکوو بۆ دەست خستنی داهات لە کۆمەڵگا و بەرین کردنەوەی بواری پارەسازیی دادەسەپێندرێت. حاکمییەتێک کە لە هێرشە کیمیاییەکان دژی قوتابخانەکان‌دا نەک وەک ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازی بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ بڵاو کردنەوەی وەحشەت لە کۆمەڵگادا بە کاری دەهێنێت، وەک دەوڵەت- نەتەوەیەک بەڵکوو وەک ڕێکخراوێکی جینایەتکار کە ئامرازە حاکمییەتییەکانی داگیر کردووە، درک پێ کراوە.

کۆی ناکۆکییەکانی سیاسەتی دەرەکیی سەرەڕۆیانە و ناسەقام‌گیرکەری کۆماری ئیسلامیش تەنیا لەم سۆنگەوە دەکرێت وەک گشتێکی یەک پارچە و هاوبەست تێبگەین. چونکە لە سۆنگەی دەوڵەت- نەتەوەیەکەوە کە چڕ بۆتەوە لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ناتوانرێت لۆژیکی ڕەفتارە دژبەرانە و لاتەریک کەوتوانەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا تێبگەین. ئەم سیاسەتانە، تەنیا لە سۆنەگی ڕێکخراوێکی تاوانکاری خاوەن ئامرازە حاکمییەتییەکانەوە درکی پێ دەکرێت کە لەسەر بەرژەوەندییەکانی گرووپێکی دیاری کراو چڕ بۆتەوە و تەنیا بیر لە بەرین کردنەوەی ڕووبەری هەژموون و دەست‌خستنی داهات بۆ ئەم گرووپە دیاری کراوە دەکاتەوە.

لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ وەها مۆدێلێکی تاوانکارانە لە دەسەڵات هەموو جۆرە پێوەندییەکی سیاسی، ئابووری و کولتووری لە کرداردا بە مانا توانا کردنی دەوڵەتێکی مافیاییە کە بە شێوەیەکی سرووشتی بە دوای بڵاو کردنەوەی خۆیەتی لە ڕێگەی جۆش خواردن لەگەڵ باقیی ڕێکخراوە جینایەتکارەکانی جیهان و بەهێز کردنیان بە نێوەنجێتیی ئامرازە حاکمییەتییەکانەوە.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

چارەنووسی نادیاری کەیوان ڕەحیمیان، وەرگێڕ و دەروونناسی بەهایی

۲۲ گەلاوێژی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
چارەنووسی نادیاری کەیوان ڕەحیمیان، وەرگێڕ و دەروونناسی بەهایی