دیاکۆ عەلەوی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز و هاوڕێی بنەماڵەی مەهسا ئەمینیە
یەک ساڵ دەبێت کە ناوی بووە بە ڕەمز؛ ڕەمزێک بۆ خۆڕاگری ژنان و سەراسەری ئێران بۆ خەبات بە دژی ستەم و توندوتیژی حکوومەتیی کە بە دیکتاتۆرییەکی ئایینی چەندین ساڵە مرۆڤ دەکوژێت. بەڵام کاتێک کە ژینا (مەهسا) ئەمینیان کوشت، لە ناکاو زریانێک هەڵیکرد کە ڕواڵەتێکی دیکەی بە هیوا، تووڕەیی، ئازار و خۆڕاگری بەخشی. ڕەنگە مەهسا تەنیا وێنەیەک یان زانستێکی پەرشوبڵاو بێت بۆ زۆر کەس. بەڵام بۆ من، بۆ خەڵکی سەقز، و دۆستان و نزیکانی، پڕ بێت لەو بیرەوریانەی کە هێشتا لەگەڵمان دایە. دەمویست ژینا تەنیا ناو، وێنە و هەواڵ نەبێت بەڵکوو ویستم ئێوەیش بیناسن. کچێکی گەنج کە پڕ بوو لە ژیان، بە هێمنی بەرەوپێش دەچوو و بە دوای خەونەکانیدا دەچوو؛ لە ئارەزووی بوون بە دکتورییەوە، تا کاتێک بەڵگەی ڕاهێنەری مەلەوانی گرت و زمانێک کە بیری لە خوێندنی مایکرۆبایۆلۆجی کردەوە.
***
ناوی "ژینا" بوو. ناوی بەڵگەنامەی لەدایک بوونیان بە "مەهسا" وەرگرتبوو بۆ ئەوەی نەکا بە شێوەی باویی بیست و چەند ساڵی ڕابردوو، لە ئیدارە و ئۆرگانەکان کێشەی بۆ دروست بکات. ئەگەرچی دۆخەکە هەڵگەڕایەوە و ناوە کوردییەکان لە هەموو شوێنکدا باخدار بوو، بەڵام هەم ناوی ژینا و هەم ناوی مەهسایشی بۆ مایەوە. مەهسا وەک مانگ ڕۆشن، و ژینا بە ناوی "ژیان"، گەرم و دڵخۆش. لەوانەیە بەر لە هەمووان، خاتوو "محەمەدی" ئەوەی تێدا بینیبێت. مامۆستای ئەدەبیاتی قوتابخانەی نموونەی "حیجاب"، شوێنێک کە ژینا لەوێدا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. خاتوو "محەمەدی" جاریک بە دایکی ژینای وتبوو: "موژگان، ئاگاداری ئەم منداڵە بە، خاتوونێکی تەواوە." هەروەها ژینا گێرابوویەوە: "خاتوو محەمدی، ڕۆژێکیان کورسیەکەمی بردبووە لای خۆیەوە" هەمان ئەو ڕۆژەی کە لەسەر پۆلەکەی بێتاقەت ببوو.
مامۆستاکانی دەیانوت کچێكی هێمن و ئارامە. دەبێت سەربزێو بێت. بەڵام هەموو شتێکی ژینا بسترابووەوە بە بووکەڵەکانییەوە. "ئەشکان"ی برای، سەربزێو و هار و هاج بوو بەڵام ژینا بە پێچەوانەی ئەو ئارام بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی تەمەنەوە نزیک بوون لە یەک بە دەگمەن شەڕیان دەکرد.
ژینا پێی خۆش بوو ببێتە دوکتور. کاتێک منداڵ بوو جارێک دەستی باوکی گرتبوو و بردبووی بۆ بازاڕ جلی سپی بۆ بکڕیت. بەڵام دەستیان نەکەوتبوو. قوماشێکی سپی کڕی کە دایکی بۆی بدورێت. ستێتۆسکۆپیشی (گوشی موعاینە)ی کڕی، کە پێی دەڵێن "گوشی دوکتور"ی لە ژوورەکەدا بووکەڵەکانی ریز دەکرد، پشکنینی بۆ دەکردن و پاشان دەوا و دەرمانی بۆ دەنوسین. موژگان دەیدا لە دەرگاکە و دەیوت: "ڕێگەم هەیە بێمە ژوورەوە دوکتورە؟ منیش ببمە نەخشی ئێوە دەردت لە گیانم؟"
دایکی، سێ ساڵ لە قوتابخانەی "شەهرەک"، هەروەها کە قوتابخانەی ناوەندی نموونەی "حیجاب"، و لە قوتابخانەی "تاڵەقانی"، ئەندامی "ئەنجومەنی دایک و باوکان و مامۆستایان" بوو. ژینا هەم لە قوتابخانە لە لای هاوپۆلەکانی ئازیز بوو، هەم قوتابی نموونەی مامۆستایان. وانەکانی هەمیشە باش بوو. هێمن و بێ دەنگ بوو. لە کاتی وەرزشدا بە والیباڵ هەموو ئەو بێدەنگی و هێمنیانەی قەرەبوو دەکردەوە. ڕۆژانی کۆتایی حەوتوو لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچووە پارکی کەوسەر و پارکی شار یان بۆ سەیران دەچووە دەرەوەی شار، هەندێک جاریش دەچوونە گوندی "سەید ئاوا" شوێنێک کە با بە قژیدا دەگەڕا و ئەوەی بەردەوام واڵیباڵی لەگەڵ دەکرد خاڵۆ "سەفا"ی بوو. ئەو شوێنەی کە باپێری دەیوت: "ئەم کچەی من بە ژینا بانگ مەکەن، پێی بڵێن شنە."
دڵە بچکۆلەکەی ژینا بە قەد چۆلەکەیەک بوو. بە دەنگی وەڕینی سەگ لە پشت براکەیەوە خۆی دەشاردەوە، بەڵام ئاژەڵەکانی خۆش دەویست. کاتێک کە بچووکتر بوو، سەفا کە تەمەنیان لەگەڵ ژینا نزیک لە یەک بوو، بەردێکی بۆ سەگێک کە بەرەو ئەوان دەهات فڕێ دابوو "ژینا هاواری کردبوو لێ مەدە سەفا! لە خوشکەزاکەم مەدە!" تاکوو ئەم ساڵانەی دواییش کە سەگێکیان دەبینی دەیانوت : " چاو لە خوشکەزاکەی ژینا بکەن." و ئەویش بزەیەک دەکەوتە سەر لێوی. ژینا کاتێک بچووک بوو، بە سەگی دەوت: "خوشکەزا."
ژینا وەرزشوان بوو. جگە لە والیباڵ، حەزی لە مەلەوانی دەکرد، و بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی ئەم ورزشەی هەبوو. پێی خۆش بوو بچێتە کێبڕکی پڕوفشناڵەکان. جارێکیان وتبووی سەرەتا دەڕۆمە زانکۆ. دوو ساڵ لە پشت کونکور مابووەوە. حەسرەتی خۆی بۆ بوون بە پزیشک جێهێشت بۆیە سەرەتا بۆ خوێندنی "مایکرۆبایۆلۆجی" چووە ورمێ. دەیوت: "بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دەبمە پزیشک."
وەکوو هەموو هاوتەمەنەکانی پێی خۆش ببێتە ئەکتەر. هەروەها دڵی بە بێژەرییەوە بوو تا هونەر و جوانییەکەی ببینرێت. لە وانەکانی ئەکتەری و شانۆی ئیرشادی سەقز بەشداری دەکرد، بەڵام دوای ماویەکی کورت هاتە دەرەوە. دواتر بۆ بەشداری کردن لە چەند فیلمدا بۆ تاقیکردنەوەی ئەکتەری چبوو، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشت. لەم بابەتانەدا "کاکە ئەمجەد" و "دادە موژگان" هاودڵ و هاوڕێ بوون و هیچ بەربەستێکیان بۆ دروست ناکرد.
ژینا لە ناو کەرەستەی ماکیاژەکانی هاوتەمەکانی دوو شتی خۆش دەویست، سووراوی سوور بۆ لێوەکانی و هەزاران لاکی ڕەنگی بۆ نینۆکەکانی. نە ئەمجەد و نە موژگان، ڕێگریان لێ نەدەکرد. بنەماڵەیەکی تا ڕادەیەک ئایینی و لە چینی مامناوەند، منداڵەکانیان خۆش دەویست و بە بینینی شادی و پێکەنینی ژینا و ئەشکان، دڵخۆش دەبوون.
چی هەموو ئەمانەی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە؟ ئەم کچە ساکار و پڕ لە ئاواتە کێ وەستانی؟ ئەم ژیانە سادە و بێگەردە، ئەم ئاواتی بە دوکتور بوونە لە کایە کردن لەگەڵ بووکەڵەکان، ئەم "دەردت لە گیانم من دەبمە نەخۆشت" چ کەسێک لە ناوی برد؟ کچێکی مەلەوان و وەرزشوان کە دەیویست ببێتە ئەکتەر، سووراوی سووری هەڵدەبژارد و لە هەڵبژاردنی لاکەکانی دوو دڵ بوو، چ کەسێک لە ژیان بێبەری کرد؟ موژگان جارێکیان وتی: "سوێند بە خودا، بەگیانی ئەو ئەگەر درۆ بکەم، ئەگەر ڕستەکانی دەستکاری بکەم، کچەکەم دەیوت دەمەوێ خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم." ئەم کچە ساکارە خۆشەویستی مامۆستای ئەدەبیات کە دەیویست خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات، چ کەسێ لە ژین بێبەشی کرد؟
ژینا چبووە سەفەر، دەریا و دارستانی بینی. لە تاران لەگەڵ کچە پوورەکانی چوونە بازاڕ. شەوەکەی لەگەڵ منداڵەکان و ئەشکان یاریان کرد و پێکەنین. تا دەمەو بەیان قسەیان کرد. ئەو هێشتا لای ئەشکان و منداڵەکانی دیکە غەریب نەبوو، بەڵام سێبەری ڕەشی غوربەت لە بەردەم مێترۆی "حەقانی" لە نزیک مەیدانی "وەنەک"، شوێنێک کە لەوانەیە گەشتیارەکان لەوێ دابەزن و بچن "پردی تەبێعەت" ببینن و گەنجەکان بۆ لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیان چەند وێنەیەکی جوان بگرن، بە سەر ژینادا کەوت.
"عوسمان ئیسماعیلی" چالاکی کرێکاری، یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ڕۆژی ئەسپەردە کردنی ژینا لە ناو جەماوەری خەڵکدا هاواری دەکرد و دەیوت: "دەیتوانی کچی من یان کچی ئێوە بێت."
کاتێک لە مزگەوت هاتم دەرەوە، حەزم دەکرد وەها دەستێکی بەهێزم بوایەت پردی تەبێعەتم لە نێوان ئەنگوستەکانم ورد و خاش بکردبایە. دواتر بیرم کردەوە ئەگەر بڕیارە ئەم دەستانە ئەوندە بەهێز بن، دەبێت بتوانن شتی تر و هێزەکانی تر و سیستەمە گەورەکانی ورد و خاش بکەن.
ئێستا بیر لە دەستانێکی گەورەتر دەکەمەوە کە لە ڕواڵەتدا بچووکن، بەڵام وەکوو دەستەکانی دایکی "محەمەد حەسەنزادە"، کە قەبرە بەتاڵەکانی پاڵ مەزاری کوڕەکەی پڕ دەکاتەوە و بیر لە دەستە بچووکەکانی ژینا دەکەمەوە کاتێک گوشی دوکتورییەکەی دەنا بە سینگی بووکەڵەکانییەوە و دەنگی دڵیانی دەبیست و لەگەڵ خۆی دەڵێتەوە دڵم پێوەیە خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە