close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

.

۶ پووشپەڕی ۱۳۹۹
شاهد علوی
خوێندنەوەی وتارە لە ۷ خولەکدا
.

کۆرۆنا لە ئێڕان؛ وەزارەتی تەندروستی: تاران سەرچاوەی تەشەنەی کۆرۆنایە لە سەرتاسەری وڵاتدا

٣ و ٤ی گەلاوێژ (٢٤ و ٢٥ی جولای)

 

لەکاتێکدا کە ئامارە ڕەسمییەکان دەیخەنە ڕوو کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٤١٠ هاوڵاتی بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە و ناوی ٢٨٩ کەسی دیکە وەک تووشبوو تۆمارکراوە، "حەسەن ڕووحانی"، ڕایگەیاند کە پێویستە لە هەموو شوێنێک مەراسیمی ماتەمینی موحەرەم بەڕێوەبچێت، لە شارەکان و لە گوندەکان، لە هەموو ئەو پارێزگایانەی لە دۆخی سوور دان و ئەوانەی لە دۆخی سپی دان. جێگری گشتی وەزارەتی تەندروستیش لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد کە ڕێژەی بەکارهێنانی ماسک لە وڵاتدا ٥٥% ە و بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە ئەو ڕێژەیە دەبێت بگاتە ٩٥%، هەروەها جەختی کردەوە کە مەراسیمەکانی موحەرەم بە ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان "دەبێت" بەڕێوەبچێت.

لەکاتێکدا کە سنووردارکردنەکان لە ئێڕان بەردەوامە و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە دەبێت بەڕێوەبردنی هەمو جۆرە مەراسیمێکی پرسە و زەماوەند و گردبوونەوە بوەستێندرێت، حەسەن ڕوحانی بەڕاشکاوی وتی کە مەراسیمەکانی موحرەم دەبێت لە هەموو شار و گوندەکان بە دۆخی سوور و سپییەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و بۆ ئەوە مەبەستەش دەبێت لە ماوەیەکی سنوورداری چوار بۆ پێنج ڕۆژدا بەڕێوەبچێت.

ڕوحانی هەروەها بە ڕەستەیەکی بێ واتا وتی "دوو جەمسەری دژ بە یەکی تەندروستی و مەراسیمی ماتەمین لە ئارا دا نییە" و ئاماژەی بەوە دا کە کەس ناتوانێت زانست و ئاین لە یەک دوور بخاتەوە و ئێمە هەم پابەندین بە زانست و هەم ئەرکە یایینیەکانمان جێبەجێ دەکەین، وەکچۆن پێشتر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی مانگی ڕەمەزان نەبووە هۆی تەشەنەی کۆرۆنا.

"ئیرەج حەریرچی"، جێگری گشتیی وەزارەتی تەندروستی لە چاوپێکەوتنێکتدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی "خەبەر"ی ئێرانی باسی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بۆ ٦٠٠ کەسی کرد لە تاران و وتی تاران بووەتە سەرچاوەی تەشەنەی کۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵاتدا و لە بەردەوامیشدا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئەم پرسە تا چەند گرنگە بۆ وەزارەتی تەندروستی وتی: "بەڵام ئێمە بەدڵنیاییەوە مەراسیمی ماتەمینی مانگی موحەرەم بە پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان بەڕێوەدەبەین".

بەپێی ئەو ئامارە ڕەسمییانەی کە دروستبوونەکەی بەئاشکرا لەژێر پرسیار و گوماندایە، ڕێژەی ٢٥%ی ئەوانەی لە ڕۆژ دا گیانیان لە دەست دەدەن بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنایە.

"ئیرەج حەریرچی" ئەم ئامارەی پشتڕاستکردەوە و تی کە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی ئەو هاوڵاتیانەی لە ڕۆژدا گیانیان لە دەست دەدەن بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنایە و وتیشی ئەم ئامارە زۆر بەرچاوە.

جێگریی گشتیی وەزیری تەندروستی زیادیشی کرد کە بەرهەمهێنانی ناوخۆی ڤاکسینی ئانفولانزا تا پاییزی ئەمساڵ دەگاتە ئەنجام و ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی لەژێر چاودێریی ناوەندە چارسەرییەکان دان دەتوانن ئەو ڤاکسینانە بەکار بهێنن.

حەریرچی هەروەها وتی کە هەڵکشانی تووشبوون و مردن بەهۆی کۆرۆناوە لەبەر بەکارنەهێنانی ماسکە و گریمانە دەکرێت کە لە ئێستادا تەنیا ٥٠%ی خەڵک ماسک بەکاربهێنن، بەڵام ئەو ڕێژەیە دەبێت بگاتە ٩٥% بۆ ئەوەی تەشەنەی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێژەی پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان لە فەرمانگە و ئیدارەکان ٧٠%، لە گۆڕستانەکان ٨٠%، لە خواردنگەکان ٧٧%، دەرمانخانەکان ٢٦% و لە ناوەندە پزشکییەکان نزیکەی ١٠% ە.

لەکاتێکدا کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی پەرلەمان ڕایگەیاند کە دەبێت ڕەشنووسێک ئاراستەی پەرلەمان بکرێت سەبارەت بە تاقیکردنەوە و وەرگیرانی خوێندکارەکان بۆ ماستەر کە بەپێی ئەو خوێندکارەکان لەڕووی پێشێنەی خوێندنیانەوە وەربگیرێن، "مهرداد وەیس کەریمی"، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان بە ئاژانسی هەواڵدەریی ئیسنای وتووە هیچ بڕیارێک سەبارەت بە وەرگیرانی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا لە کۆمیسیۆنی پەروەردەی پەرلەماندا نەدراوە.

هاوکات "عەلی کەریمی"، ئەنجامی چاودێڕی پەرلەمان لە ئەنجومەنی تاقیکردنەوە و وەرگیرانی خوێندکارەکان وتی هەموو جۆرە بڕیارێک بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە دەستی ئەنجومەنی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا دایە و پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکی لەو بوارەدا نییە.

تاران ماوەی دوو هەفتەیە بەبێ ئەوەی ڕابگەیەندرێت لە دۆخی سوور دایە، جێگری چاودێریی بەسەر شوێنە گشتییەکانی پۆلیسی ئاسایش وتی کە هۆڵە جوانکارییەکان، هۆڵی مەراسیمەکان، چاخانەکان، قاوەخانەکان، سینەماکان، ناوەندە کولتوری و هونەرییەکان، ناوەندەکانی تایبەت بە کات ڕابواردن، مەلەوانگەکان و هۆڵەکانی یاریی ئاسن تا کۆتایی هەفتە دادەخرێن.

هاوکات "عەلیڕەزا زاڵی"، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆرۆنا لە تاران لە نامەیەکدا بۆ وەزیری تەندروستی داوای کرد کە ٥٠%ی کارمەندەکانی فەرمانگە و ئیدارەکان لەڕێگەی دوورەوە کار بکەن و بەم شێوەیە هاتووچۆ لە ناو شاردا کەم بکرێتەوە.

لەکاتێکدا کە دۆخی سوور لە تاران بەردەوامە و تا دێت زیاتر قەیراناوی تر دەبێت، "ئەنوشەیروان موحسنی بەندپەی"، پارێزگاری تاران ئاماژەی بە توندترکردنی چاودێری بەسەر یەکە پیشەییەکان دا، بەڵام جەختیشی کردەوە کە لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێت مەراسیمی ماتەمینی موحەرەم بە پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان بەڕێوەبچێت.

لە پارێزگای مازەندەران دا تەشەنەی کۆرۆنا هەر وا ڕووی لە هەڵکشانە و دۆخی سوور بەردەوامە، لە شەو  وڕۆژی ڕابردوودا ٣٦٩ نەخۆشی دیکە کە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لەسەر بووە لە نەخۆشخانەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەو پارێزگایە خراونەتە ژێر چاودێڕییەوە و کۆی خەوێنراوانی کۆرۆنا لە پارێزگاکەدا گەیشتووەتە ١٩٢١ کەس.

لەگەڵ ئەوەشدا گەشت کردن بۆ پارێزگای مازەندەران بەردەوامیی هەیە، جێگریی گشتیی وەزیری تەندرستی داوای لە هاوڵاتیان کرد کە چیدی بۆ پارێزگاکانی مازەندەران و گولستان گەشت نەکەن چونکە ئەگەری تووشبوونیان بە کۆرۆنا زۆر لە سەرەوەیە، هەروەها سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مازەندەران وتی کە تا ئێستا زیاتر لە هەزار پەرستار و کارمەندی ناوەندە چارەسەرییەکانی ئەو پارێزگایە تووشی کۆرۆنا بوون.

 "موحەمەد ڕەزا سایینی"، جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی زەنجان وتی کە زۆربەی شارەکانی ئەو پارێزگایە لە دۆخی سوور دان. بەپێی ئامارەکانی ئەو زانکۆیە لە ئێستادا ٥٢١ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا لە ژێر چاودێڕی پزیشکی دان.

"ڕەشید حەیدەری موقەدەم"، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان، باسی تووشبوونی دوو هەزار و ٨١٧ کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرنا کرد و وتی ٢٣٨ کەسی دیەش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیا لە دەستداوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێنج شاری هەمەدان، تویسرکان، نەهاوەند، کەبودەراهەنگ و مەلایر لە دۆخی سوور دان و گردبوونەوەکان هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە کۆرۆنایە لەو پارێزگایەدا. هاوکات پارێزگاری هەمەدان ڕایگەیاند کە مەراسیمی ماتەمینی موحەرەم بە پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان و بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی قسەکانی جێگریی وەزارەتی تەندروستی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی ٣٠٠% زیادی کردووە. "حەسەن جەعفەری" جێگری سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پارێزگا ڕایگەیاند کە لە شەپۆلی دووەمی تەشەنەکردنی کۆرۆنا دا ژمارەیەک لە پەرستارەکان و کارمەندەکانی ناوەندە چارەسەرییەکان گیانیان لە دەستداوە، ژمارەیەکی دیکەش تووش بوون و ئەوانی دیکە لە دۆخێکی زۆر دژواردا بەردەوامن لە کارەکانیان.

هاوکات "ئەحمەد عەلەمولهودا"، ئیمامی نوێژی هەینیی مەشهەد ڕەخنەی لە سەیاسەتەکانی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا گرت و وتی داخستنی مەزارگەی ئیمامی هەشتەم، وەستاندنی نوێژی هەینی، داخستنی مزگەوتەکان و بازاڕ ڕێگەچارەسەر نییە و وتی ئەم ڕێکارانە لەڕووی بێ تەدبیرییەوەیە.

لەلایەکی دیکەوە، "سەعید کشمیری"، سکرتێری ئەنجومەنی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا وتی کە ڕۆژی هەینی ٣٤ تووشبووی دیکە لە پارێزگاکەدا تۆمارکراون ولە نەخۆشخانەکاندا خراونەتە ژێڕ چاودێریی پزیشکییەوە، بەم شێوەیە ژمارەی کۆی خەوێنراوانی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا گەیشتووەتە ٣١٥ کەس.

"موحەمەد کەریمیان"، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام وتی لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٨٨ کەسی دیکە وەک تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٥٤٦٤ کەس ژمارەی کۆی گیان بەخت کردووانیش ١٦٠ کەسە.

پارێزگای کرمانیش ماوەی هەفتەیەکە پێی ناوەتە دۆخی سوورەوە، "مهدی شەفیعی"، وتەبێژی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەو پارێزگایە وتی ٩٧ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون و هەر لەو ماوەیەدا بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان ١٠ کەسی دیکە گیانیان لە دەست داوە.

"حوسێن فەرشیدی"، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هۆرموزگان ئاماژەی بەوە دا کە هەشت شاری ئەو پارێزگایە لە دۆخی سوور دان و لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٦١ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و کۆی گەیان بەخت کردووان لەو پارێزگایەدا گەیشتە ٤٩٦ کەس. بەگوێرەی قسەکانی دکتۆر فەرشیدی، لە ئێستادا ٤١٨ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریی پزیشکی دان کە ٩٠ لەوان لە بەشە تایبەتەکاندا خەوێنراون و دۆخی تەندروستیی ٣٣ لەوان ناجێگیرە.

پارێزگای مەرکەزی چەند ڕۆژێکە چووەتە دۆخی سوورەوە، "موحەمەد جەمالیان"، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەراک ئاماژەی بەوە دا کە ٢٠٢ کەسی دیکە وەک تووشبووی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا تۆمارکراون و بەم شێوەیە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا گەیشتووەتە ٦٠٣٨ کەس کە ٢٥٥ لەوان گیانیان لە دەست داوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی دوو ڕۆژی ڕابردوویدا ئاماژەی بە تەشەنەی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی کۆهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد و سیستان و بەلوچستان کرد و وتی ڕەوتی تووشبوون لەو پارێزگایانەدا هەر وا بەرەو هەڵکشانە، بۆ نموونە ئەو ڕێژەیە لە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیرئەحمەد دا لە ماوەی دوو مانگدا چوار ئەوەندەی کردووە و لە شاری گەچساران بووە بە ١٠ ئەوەندە. بەگوێرەی قسەکانی سیما سادات لاری لە شارەکانی پارسیان و دوورگەی کیش یش ڕەوتی تووشبوون زۆر نیگەران کەرە.

سادات لاری هەروەها ئاشکرای کرد کە پارێزگاکانی لوڕستان، ئەلبۆرز، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئیلام، خۆراسانی ڕەزەوی، خوزستان، زەنجان، گوڵستان، مازەندەران، کرمان و فارس لە دۆخی سوور دان و پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، بوشێهر، هۆرموزگان، قەزوین، مەرکەزی، خۆراسانی باکور، خۆراسانی باشور، سمنان، ئەردەبیل، سیستان و بەلوچستان، کۆهگیلۆیە و بۆیرئەحمەد و هەمەدان لە دۆخی هۆشداری دان.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە بەپێی ستاندەردەکانی وەزارەتی تەندروستی خۆی و ئەو زانیارییان ەی لەلایەن ناوەند ەپەیوەندیدارەکانەوە بڵاوکراوەتوە، پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی باشور و سیستان و بەلوچستان ومەرکەزی نەک لە دۆخی هۆشداری دا بەڵکو لە دۆخی سووردا و پارێزگاکانی کوردستان، کرماان، قۆم و یەزدیش لە دۆخی هۆشداری دان.

بەگوێڕەی ئامارەکانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو نەیوەڕۆی شەممە ٤ی گەلاوێژ، ٢٣١٦ تووشبووی دیکە وەک تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون کە ١٠٠٤ لەوان لە نەخۆشخانەکاندا خراونەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە و کۆی تووشبووان بەم شێوەیە گەیشتووە ٢٨٨ هەزار و ٨٣٩ کەس. هەر لەو ماوەیەدا ١٩٥ تووشبووی دیکە گیانیان لە دەستداوە و کۆی گیان بەختکردووان لە ئێراندا گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ٤٨٤ کەس.

 

 

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

ڕاپۆرت

.

۶ پووشپەڕی ۱۳۹۹
ایران وایر
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
.