close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

.

۲۵ خەرمانانی ۱۳۹۹
هاوری یوسفی
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
.

کوژرانی کەژوان ئەڵماسی؛ بنەماڵەکەی ناچارکراون تەرمی ئازیزەکەیان بەشەودا بەخاک بسپێرن

 

هەواڵی کوژرانی "کەژوان ئەلماسی"، هاوڵاتی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی سنە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بووە بە ڕۆژەڤ بۆ ڕاگەیاندنە ئێرانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. هەواڵی جیاواز و تا ڕادایەک دژ بە یەک لەو بارەیەوە بڵاو بووەتەوە. "ئێران وایەر" گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەسێکی نزیک بەو هاوڵاتییە کردووە کە دانیشتووی ناوخۆی ئێرانە و بە هۆکاری ئەمنی نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت.

***

تەرمی کەژوان ئەڵماسی کە دوترێت بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی شاری "شەهریار"ی سەربە تاران کوژراوە، شەوی دووشممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ لەژێر فشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەیەکی نزیک بەو هاوڵاتییە ئاماژە بە فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەخاکسپاردنی شەوانەی تەرمی کەژوان دەکات و دەڵێت: "ئێمە تەرمی ئازیزەکانمان دەمەوئێوارە یان بە شەودا بە خاک ناسپێرین. بەڵام ناچاریان کردین تەرمی کەژوان بە شەودا و لە ژێر فشار و چاودێریی هێزە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هێزی ئەمنی بەخاک بسپێرین. هەروەها ژمارەیەک لە ئاشنا و خزم و کەسەکانیشمان لە بەهەشتی محەمەدی سنە ئامادەبوون و بە بەڕێوەبردنی مەراسیمی دەف ژەندن بەخاکمان سپارد."

کەژوان ئەڵماسی تەمەن ٣١ ساڵ، هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆم و خەڵکی شاری سنە بوو، بەڵام دانیشتووی تاران بوو و لە ڕێستورانتێکدا کاری دەکرد.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەر هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجە سنەییەی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە کەژوان پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەر لە میوانییەکی شەوانەدا دەستبەسەرکراوە بە تەقەی گولـلەی هێزەکانی پۆلیس کوژراوە. 

ئەو سەرچاوەیەی لێدوانی بۆ ئێران وایەر داوە ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە: "کەژوان ئەو شەوە بانگهێشت کرابوو بۆ میوانییەک لە باخێکی دەوروبەری شاری شەهریار و هەر لەوێش دەستبەسەرکرابوو."

لە بەردەوامیدا دەڵێت: "چوار ئەندامی ناوەندێکی ئەمنی بە جلی مەدەنییەوە پاش ئەوەی هەڵیانکوتاوەتە سەر باخەکە و میوانییەکەیان تێکداوە و لە بەشداربووانی میوانییەکەیان داوە، کەژوان و پاسەوانی باخەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە کە هاوڵاتییەکی ئەفغانستانییە. بۆ ئەو کارەش هیچ مۆڵەتێکی یاساییان پێ نەبووە."

بنەماڵەی ئەڵماسی هێشتا وردەکارییەکانی کوژرانی کەژوان نازانن: "زانیارییەکی ئەوتۆ سەبارەت بە پاش دەستبەسەرکردن و چۆنێتیی کوژرانی کەژوان لە بەر دەستدا نییە. چونکە جگە لەو هێزە ئەمنییانە تەنیا شایەتحاڵی ڕووداوەکە هەر ئەو پاسەوانە ئەفغانستانییەیە."

ئەو بنەماڵەیە هێشتا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بەو پاسەوانەش نییە و نەیانتوانیوە چاویان پێی بکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت کە پێدەچێت پاش ئەوەی کەژوان و پاسەوانەکە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەرکراون، لەکاتی لێدان و پەلاماردانیاندا لە پشتەوە تەقەیان لێکرابێت، کەژوان کوژراوە و پاسەوانەکەش برینداربووە: "پاش ئەوەی تەقەیان لە کەژوان کردووە بردووانە بۆ نەخۆشخانەی سەجادی شەهریار، بەڵام بە هۆی خوێنەبربوونی زۆرەوە لە ژووری نەشتەرگەریدا گیانی لە دەست داوە."

بنەماڵەی کەژوان دواتر لە نەخۆشخانەدا تێدەگەن کە چی بەسەر ئازیزەکەیان هاتووە: "بنەماڵەکەی پاش بیستنی ئەو هەواڵە، دەستبەجێ بۆ وەرگرتنی تەرمەکە بەرەو تاران بەڕێکەوتن و چوونە نەخۆشخانە. بەڵام نەخۆشخانە تەرمەکەی تا کاتی کۆتایی پێهاتنی لێکۆڵینەوەکان ڕادەست نەکردوونەتەوە."

لە بەردەوامیدا باس لە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەڵماسی سەبارەت بە هۆکای کوژرانی کەژوان دەکات و دەڵێت: "بنەماڵەی ئەڵماسی سەردانی دادسەرای سەربازیی شەهریاریان کردووە و سکاڵایان تۆمارکردووە لەدژی ئەو کەسانەی کەژوانیان کوشتووە. لەو دادسەرایەشدا بەڵێنییان پێدراوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن و پێیشیان وتراوە کە ئەو کەسەی تەقەی کردووە دەستبەسەرکراوە."

ئەوە لە کاتێکدایە کە "کەمال ئەڵماسی" مامی کەژوان کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانە بە بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەیک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێزە ئەمنییەکان "ئیقبال ئەڵماسی"ی باوکی کەوژانیان دەستبەسەرکردووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە سینارۆ ساخەتەکەی ئیدارەی ئیتلاعات سەبارەت بە کوژرانی کەژوان بۆ ڕاگەیاندنەکان بگێڕێتەوە، ئەگینا تەرمی کەژوانیان نادەنەوە.

کەمال ئەماسی لەو ڤیدیۆیانەدا دەڵێت کە برازاکەی لە گردبوونەوەی پاش کۆچی دوایی "محەمەدڕەزا شەجەریان" لە بەر دەمی "نەخۆشخانەی جەم" بەشداری کردووە، دەستبەسەرکراوە و لە ناو ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکاندا دوو جار تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

هەرچەند ئەو سەرچاوەیە ئەم قسانە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێزە ئەمنییەکان فشاریان خستوونەتە سەر بۆ ئەوەی تەرمی کەژوان بە خێرایی و بەشەودا بەخاک بسپێرن: "هێزە ئەمنییەکان چون پێیان وابوو هەواڵی کوژرانی کەژوان دەنگدانەوەی دەبێت و هەستیاریی خەڵکی سنەی بەدواوە دەبێت، فشاریان خستە سەر بنەماڵەکە بۆ ئەوەی تەرمەکەی بەخێرایی بەخاک بسپێرن. ئێمە ئێوارەی دووشەممە دەگەیشتینە سنە، بۆیە بڕیارمان دابوو کە مەراسیمەکە بەیانیی سێشەممە بەڕێوەببەین. بەڵام هەر گەیشتینە سنە، هێزە ئەمنییەکان پەیوەندییان پێوەکردین و ناچاریان کردین دەستبەجێ تەرمی کەژوان بەخاک بسپێرین."

بەرپرسانی ئەمنی و حکومیی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا کاردانەوەی فەرمییان بەرامبەر بە کوژرانی کەژوان ئەڵماس پیشان نەداوە.

بنەماڵەی ئەڵماسی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٩ پاش ئەوەی کاروبارە ئیدارییەکانی وەرگرتنی تەرمەکە کۆتایی هات، تەرمی کەژوانیان لە پزیشکی دادی کەهریزەک وەرگرتەوە. پزیشکی داد "بەرکەوتنی گولـلە" و "خوێنبەربوونی زۆر"ی وەک هۆکاری مردنی کەژوان ڕاگەیاندووە: "بنەماڵەی کەژوان سەرئەنجام ناچارکران کە تەرمی ئازیزەکەیان بەپەلە و بەشەودا و بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان بەخاک بسپێرن."

 

تێبینییەکەت بنووسە

ڕاپۆرت

.

۲۴ خەرمانانی ۱۳۹۹
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
.