١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢، فەرمانداریی شاری مەهاباد لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە، هەواڵی لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی شاری مەهابادی بڵاو کردەوە. باس لەوە دەکرێت کە تەمەنی زۆربەی لەسێدارەدراوەکان لە ١٨ ساڵ کەمتر بووە و قوتابیی دوا ناوەندیی بوون.
"ئێرانوایەر" لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ "جەواد دانشپەژووە"، دوکتۆرای پێداگۆژی و نووسەری کتێبی "کوشتاری بێکۆتایی" کە ئێستا دانیشتووی وڵاتی ئۆتریشە، پەرژاوەتەسەر خوێندنەوەی دووبارەی ئەم ڕووداوە مێژووییە و شێوازی باڵادەست و زاڵی دەرکردنی سزای لە سێدارەدانەکانی پاش شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێران.
***
١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢، فەرمانداریی شاری مەهاباد لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە، هەواڵی لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادیی بڵاو کردەوە. باسی لەوە دەکرێت کە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شارەکەی ڕاشەکاند و خەڵکەکەی کپومت کرد. چونکه تەمەنی زۆربەی لە سێدارەدراوەکان کەمتر بووە لە ١٨ سال و قوتابیی دواناوەندی بوون.
دوکتۆر جەواد دانشپەژووە جگە لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕووداوە، ئاماژەیدایە کەشی شڵەژاوی شاری مەهاباد پاش بڵاوبوونەوەی هەوڵی لەسێدارەدراوەکان و ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامی لەو شارەدا و باسی ئەوەی کرد کە: "دەسبەجێ حکوومەتی نیزامی ڕاگەیەنرا و کەس بۆی نەبوو بە شاردا بێتوبچێ. بنەمای بڕیاری ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامییش پێشگرتن بوو لە هەر جۆرە دژکردەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی لەناکاوی خەڵکەکە لە پێوەندیدا بە لەسێدارەدانی ئەو ٥٩ کەسەوە. بەڵام خەڵکەکە ڕژانە شەقامەکانی شارەوە و بە تووندی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. تەنانەت دەستەیەک لە بنەماڵەی ئەو ٥٩ کەسە دەسبەجێ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ئازیزەکانیان بەرەو ورمێ وەڕێکەوتبوون."
ئەو پێش لە باسکردنی چۆنیەتیی لەسێدارەدانی ٥٩ کەسەکە، لە زمانی کەسێکەوە بەناوی "سەیدئەحمەد"، کە ئەوکات لە زیندانی ورمێدا بەندکرابوو و ڕەنگە تاقە شایەت و کەسێک بێت کە ئاگاداری ئەم بابەتەیە، گوتی: "بەپێی قسەکانی سەیدئەحمەد و ئامار و ناوی ئەو ٥٩ کەسە، ٤٨ کەسیان لە زیندانی ورمێدا بەند کرابوون. بەڵام سەیدئەحمەد ئاگاداری شوێنی ڕاگرتنی ١١ کەسەکەیتر نەبوو و پێدەچێت باقیی بەندکراوەکانیتر لە زیندانی تەورێزدا ڕاگیرابێتن و لە کۆتاییشدا هەر لەوێیش لەسێدارە درابێتن."
ئەو جگە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئاگاداری وردەکاریی یاسایی و دادوەرانەی ٥٩ کەسە مەهابادییەکە نییە، بەڵام ئاماژەی دایە ئەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵیان: "پاکیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا دەسبەسەر کرابوون و تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم، جارێک دادگایی کرابوون بەڵام قەت دادگا سەرەکییەکەیان بەڕێوە نەچوو."
دوکتۆر دانشپەژووە لە درێژەی گێڕانەوەکەی خۆیدا ئاماژەی دایە ناهەماهەنگیی بەرپرسانی زیندانی دەستەی جێبەجێکاری سزاکانی ئەو ٥٩ کەسە و گوتی: "بەڵام ئەو خاڵەی کە دەبێت سەرنجی پێبدرێت، ئەوەیە کە ماوەیەک پاش لەسێدارەدانی ٥٩ لاوەکەی مەهاباد، بڕیاری ئازادکرانی هەندێکیان بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیندرا کە لە ڕاستیدا یان دەرخەری لێکەوەتەی کارەساتباری ناهەماهەنگیی بەرپرسانی زیندان و دەستەی بجێبەجێکاری بڕێارەکە بوو یان لە سێدارەدانی خێرای ئەو ٥٩ کەسەکە دەگەڕایەوە بۆ ڕقاژۆیی و تۆڵەسەندنەوە."
ئەو جگە ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ ٥٩ لاوە مەهابادییەکە، هۆکاریتریش بە کاریگەر دەزانێت لەسەر دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانیان و جیبەجێکردنە خێراکەی و پێیوایە: "بەپێی ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ ئەو بەندکراوانە، پێدەچێت دوو بابەتی دیکەیش کاریگەرییان هەبێت لەسەر پێداگرتن لەسەر لەسێدارەدانی ئەو ٥٩ کەسە؛ یەکێک لەو هۆکارانە، سەرکوت، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک بوو بۆ ئەوەی هاوکاری و نزیکایەتیی خۆیان لەگەڵ حیزبەکانی کوردستاندا بپسێنن. هۆکاری دووهەمی لەسێدارەدانی خێرا و ڕقاژۆیانەی ئەو ٥٩ کەسە دەشێت بگەڕێنینەوە بۆ کوژرانی "موحەمەد برووجێردی، فەرماندەی "قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا" کە بە هۆی مینێکەوە کە لە لایەن حیزبی دیموکرات لە نێوان جادەی مەهاباد نەغەدە، لە نزیک گوندی "کۆسەکەرێزە" چێندرابوو، کە دەکاتە ١٢ ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی ئەو ٥٩ لاوە مەهابادییە."
دوکتۆر دانشپەژووە پێیوایە کە ڕەنگە هەندێک لە بەرپرسانی زیندان و کارگێڕانی جێبەجێکاری سزاکان ناهەماهەنگ بووبێتن بەڵام مەحاڵە بەبێ ڕەزامەندنی و ئاگاداریی هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئەو ٥٩ لاوە مەهابادییە لە سێدارە درابێتن.
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە: "هەرچەندە تاکوو ئێستا بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە سەبارەت بە بەشداریی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو ئێعدامانەدا بەڵام لە سێدارەدانی ٥٩ کەس بەبێ ڕەزامەندی، ئاگاداری و تەنانەت پێشنیاری هەندێک کەسی وەک "محەمەدڕەزا جەلاییپوور، مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا و فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد، "عەلیڕەزا شێخعەتار" پارێزگاری ئەوکاتی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، "محمەدئیبراهیم سەنجەقی" فەرماندەی قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا، "سەیدحسێن مووسەویتەبریزی" دادوەری ئەوکاتی ئێران، "عەلیئەکبەر ناتقنووری" وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی ئێران و "غوڵامڕەزا حەسەنی" پێشنوێژی ئەوکاتی ورمێ، نامومکین و مەحاڵ بوو.
ئەو لە درێژەی باسەکەدا جگە لە ئاماژەدان بە نەریتی ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوەکان بۆ بنەماڵەکانیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گوتی: "٣٨ کەس لەم ٥٩ کەسە قوتابی بوون و هیچیان تا پێش لەسێدارەدانەکەیان بڕوانامەی دیپلۆمیان وەرنەگرتبوو."
لە زۆربەی ئەو باسانەدا کە تاکوو ئێستا سەبارەت بە لە سێدارەدانی دەستەجەمعیی پاش ڕاپەڕینی ئێران هاتوونەتە ئاراوە، پتر باسی لە ئێدامکردنی ٥٩ لاوەکەی مەهاباد کراوە. بەڵام دوکتۆر دانشپەژووە لە زمانی "وریا ماملێ"، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری مەهابادەوە، ئاماژەی دایە لە سێدارەدانی ٣٣ مەهابادیی دیکە کە سێ مانگ دوای ئێدامکردنی ٥٩ لاوەکەی مەهاباد لە تەورێزدا لە سێدارە دراون.
هەڵبەت ئەو ئەم ئێعدامانە بە درێژکراوەی ئێعدامە دەستەجەمعییەکانی دوای دەرکردنی بڕیاری جیهاد بە دژی کوردان لە لایەن "ڕووحوڵا خومەینی"یەوە دەزانێت لەو باوەڕەدایە کە: "قسە تەنیا لەسەر ئێعدامی ٥٩ لاوەکەی مەهاباد نییە بەڵکوو ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوشتاری ڕێکخراو و سیستماتیکی کوردانه بە هەر بیانوویەکەوە، چ دەستە جەمعی بێت، چ بە تاک. هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەو ئێعدامانە دەگەڕێتەوە بۆ چالاکیی سەربازیی حیزبە نەیارە کوردەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا ئەمە، بەراوەژووکردنەوەی پرسی کوردان و نموونەی ڕاستەقینەی هەڵەیەکی گەورەی سیاسییە لە شیکاریی خواستی مێژوویی و خەباتی کورداندا."
ئەو هێرشی هاوبەشی سپا و ئەرتەش و ناردنی هاوکاتی ئایەتوڵا "سادق گیویخەڵخاڵی" وەک حاکمی شەرع بۆ کوردستان پاش فەرمانی جیهاد بە دژی کوردان بە نموونەی ڕاستەقینەی بانگەشەکەی خۆی دەزانێت: "خەڵخاڵی هەرکە دەگاتە شاری پاوە لە ٣٠ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، ٩ کەس دادگایی دەکات و دەسبەجێ لە دەوروبەری بیمارستانی پاوەدا هەر نۆ کەسەکە لە سێدارە دەدات."
بەپێی گێڕانەوەکەی دوکتۆر دانشپەژووە، هەمان ڕۆژ، حەوت کەسیتریش کە خەڵکی پاوە بوون، بە تۆمەتی تووندوتیژی و ئاڵۆزییەکانی پاوە لە کرماشاندا لە سێدارە دران. چواری خەرمانان، ٩ کەسیتر لە مەریوان لە سێدارەدران. پاشنیوەڕۆی خەرمانانی ١٣٥٨، سزای لەسێدارەدانی ١١ کەس لە فروودگای شاری سنە جێبەجێکرا.
شەشی خەرمانانی ١٣٥٨، ٩ کەسیتر لە ئەفسەرانی ئەرتەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی کۆردان و بەبێ دادگاییکردن لە شاری سەقز لە سێدارە دران، هەمان ڕۆژ و لە گەرمەی ئێعدامی ئەرتەشییەکان لە شاری سەقزدا، ١١ کەسیتریش بە بڕیاری حاکمی شەرع لە سێدارە دران.
بە تەعبیرێکی دیکەم لە ٣٠ی گەلاوێژەوە تا شەشی خەرمانان، واتە لە شەش ڕۆژدا، ٥٦ کەس لە شارەکانی پاوە، کرماشان، مەریوان، سنە و سەقز لە لایەن خەڵخاڵییەوە لە کوردستاندا ئێعدام کران کە بەپێی قسەکانی دوکتۆر دانشپەژووە، بەبێ ئامادەکردنی دۆسیەکەیان لە سەرچاوەیەکی دادوەریی بڕواپێکراو و سەلماندنی تاوانەکانیان، بە خێرایی هەر هەموویان لە سێدارە دراون.
ئەو لە درێژەی گێڕانەوە ئامارییەکەی خۆیدا باسی ئەوەی کرد کە: "ئێعدامەکان تا پێش ساڵی ١٣٦٧ هەموو ساڵێک کەم بوونەتەوە؛ بە جۆرێک کە ژمارەکەیان لە ساڵی ١٣٦٣ بۆ ١١٦ کەس، لە ساڵی ١٣٦٤ بۆ ٧٥ کەس، لە ساڵی ١٣٦٥ بۆ ٦٠ کەس و لە ساڵی ١٣٦٦دا بۆ ٢٦ کەس کەم بوونەوە. هەرچەندە کەمبوونەوەی ئێعدامەکان لە خولێکی هەرە کورتدا ڕوویاندا بەڵام پاش ماوەیەکی کورت، دیسانەوە زیادیان کرد بە جۆرێک کە تاکوو ساڵی ١٣٦٧، ژمارەی لە سێدارەدراوەکان گەیشتە دەوری ٢٨٩ کەس."
ئەو لە پاڵ ئاماژەدان بە گشتگیربوونەوەی شەپۆلی ئیعدامەکان لە ساڵی ١٣٦٧ لە هەموو ئێراندا، گوتی: "شەپۆلی ئێعدامەکان لە ساڵانی پاش ١٣٦٧ هەر بەردەوام بوو و تا ساڵی ١٣٧٢ هەموو ساڵێک ژمارەیەک لە نێوان ٤٢ تا ٦١ کەس لە سێدارە دراون. ژمارەی لە سێدارەدراوەکان لە ساڵەکانی ١٣٧٣ دیسانەوە زیادی کرد بە جۆرێک کە لە ساڵی ١٣٧٣دا گەیشتە ٨١ کەس، لە ساڵی ١٣٧٦ بۆ ٣٤ کەس و لە ساڵی ١٣٧٩دا بۆ دو کەس."
دوایین ئاماری دوکتۆر دانشپەژووە بەپێی توێژینەوەکانی خۆی لە تیرۆر و لەسێدارەدانی لانیکەم دوو هەزار و ٥٠٤ کەس لە ساڵی ١٣٥٧ تا ١٣٩٧ بووە. ئەو هەروەها ج ەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ئامارە تەنیا تیرۆرەکان و لەسێدارەدانە سیاسییەکان دەگرێتەوە و پێوەندیی بە تاوانە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە.
بەڕێز دانشپەژووە جگە ئاماژەکردن بە لووتکەی ئێعدامەکان لە کوردستاندا گوتی: "پرۆسەی لەسێدارەدانەکان لە کوردستاندا لە ساڵی ١٣٥٧ تا ساڵی ١٣٧٦ ڕووی لە هەڵشان کردووە؛ بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٥٨ بۆ ١١٥ کەس، لە ساڵی ١٣٥٩ بۆ ١٦٥ کەس، لە ساڵی ١٣٦١ بۆ ٢٨٠ کەس ڕێژەی ئێعدامەکان زیادی کردووە. بەڵام زیاترین ژمارەی لە سێدارەدراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٦٢ کە ٣٦٩ کەس، لەوانە لە سێدارەدانی ٥٩ لاوە مەهابادییەکە لە ورمێ و تەورێز."
ئەو هەروەها باسی ئەوەی کرد کە شەپۆلی ئێعدامەکان پاش دەیەی ٦٠ ڕووی لە داکشان کرد و لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠دا بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمی کرد بەڵام لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠دا دیسانەوە ڕەوتی لە سێدارەدانەکان هەڵکشایەوە: "لە کۆی دو هەزار و ٥٠٤ کەسەکەی کە تیرۆر کراون و لە سێدارەدراون، ٤٠٦ کەسیان لە هیچ ڕێکخراو و حیزبێکدا ئەندام نەبوون، ٣٠٩ کەس ئەندامی "ڕێکخراوی موجاهێدینی خەڵک"، ٨٥٦ کەس ئەندامی "حیزبی دیموکرات"، ٤٣٦ کەس ئەندامی "کۆمەڵە" و ١٥ کەس ئەندامی "پەژاک" بوون."
ئەو لە درێژەی گێڕانەوە ئامارییەکەی خۆی، لە پێوەندیدا به پێکهاتەی جنسیەتی و تەمەنی لە سێدارەدراوەکانەوە گوتی: "کۆی ئەو ژنانەی کە لە ساڵی ١٣٥٧ تا ساڵی ١٣٩٧ لە کوردستاندا لەسێدارە دراون، ١٤٨ کەس بوون و لانیکەم ٦٠ قوتابی و لاوی ژێر ١٨ ساڵیش لە سێدارە دراون."
ناو و ئاماری کۆی ئەوانەی کە لە سێدارە دراون و لەم ڕاپۆرتەدا باسیان لێکراوە، به ناو و مێژوو و شوێنی لە سێدارەدانیانەوە لای "ئێرانوایەر" پارێزراون.
تێبینییەکەت بنووسە