کانونی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ داوادەکات کۆتایی بە سەرکوتی چالاکانی کورد بهێندرێت
"کانونی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی دەربڕیوە سەبارەت دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی چالاکانی کورد.
ئەو کانونە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کەمتەرخەمیی دەزگای دادی ئێرانی لەئاستی مافە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکراوان شەرمەزارکردووە و ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بە چۆنێتیی دەستبەسەربوونی ئەو چالاکانە، نادیاربوونی شوێنی ڕاگیرانیان و بێبەشبوونیان لە دەست گەیشتن بە پارێزەر.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها ئاماژە بە هەوڵی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دۆسیە دروستکردن لەدژی چالاکانی مەدەنی بەتایبەت لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان دراوە.
لەکۆتاییدا کانونی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ داوای ئازادیی هەرچی خێراتری دەستبەسەرکراوانی کردووە.
لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ٧٦ چالاکی کورد لە شارەکانی تاران، کەرەج، کرماشان، سنە، مەریوان، سەقز، بۆکان، مهاباد، پیرانشار و سەردەشت دەستبەسەرکراون. چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان نیگەرانن کە ئەو هاوڵاتیانە لەژێر ئەشکنجەدا ناچاربکرێن بە دانپێدانانی زۆرەملی.
دواجار ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندان "مستەفا ئیلخانیزادە"، نووسەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کولتوریی ئەدەب لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش شەپۆلی ڕەشبگیریی هاوڵاتیانی کوردی بە سەرکوتکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان ناوزەدکردووە و ئاشکرایکردووە کە دەستبەسەرکراوان لە بوارگەلی کولتوری، پاراستنی ژینگە و زانکۆکاندا چالاک بوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێکخستنی هەڵمەتێکی تویتێریی پشتگریی دەستبەسەرکراوانیان کردووە و داوای ئازادیی هەرچی خێراتری ئەو هاوڵاتیانەیان کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە