تەنیا ٢٠ ملیۆن لە ٦٠ ملیۆن دەنگدەری لێوەشاو بەشداری هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبن
وتەبێژی لێژنەی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێت، لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار کەس دەتوانن دەنگ بدەن. ئەوە لەکاتێکدایە کە ناوەندی ڕاپرسیی "ئیسپا" پێشبینیی کردووە تەنیا ٣٤%ی دەنگدەرانی لێوەشاو لە ئێستاوە دڵنیان لە دەنگدان.
"ئیسماعیل مووسەوی" ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ لەگەڵ ڕاگەیاندنی ژمارەی ڕێکی دەنگدەرانی لێوەشاو جەختی کردەوە، زیاتر لە ٧٢ هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری ئێران پێشبینی کراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە ئەو ٧٢ هەزار بنکەیە لە دوو جۆری نەگۆڕ و گەڕۆک دەنگی هاوڵاتیان وەردەگرن.
بەگوێرەی دووایین ڕاپۆرتی "ئیسپا"، ناوەندی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران کە سەربە ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا"یە، تەنیا ٣٤%ی هاوڵاتیان لە ئێران لە ئێستاوە دڵنیان لە دەنگدان. هاوکات ٣٢%ی دیکەش وتوویانە بە دڵنیاییەوە دەنگ نادەن.
ئیسپا لە کۆتاییدا مەزندەی کردووە کە ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی لێوەشاو لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا تەنیا ٣٧% بێت.
بەو پێیە ژمارەی کۆی دەندەرانی ١٣یەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس دەکات. ئەو ڕێژە کەمە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ ئێستا یەکەم جارە ڕوودەدات.
چاودێرانی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێران دابەزینی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێک ناڕەزایی گشتی لێکدەدەنەوە.
بەتایبەت لەپاش ڕەتبوونەوەی شیاویی ژمارەیەکی بەرچاوی کاندیدەکان لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، چەندین کەمپێن پێکهاتووە بەمەبەستی هاندانی هاوڵاتیان بۆ دەنگ نەدان.
لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا دایکانی داغداری ئێران وەک پێشەنگی بزوتنەوەی دەنگبێدەنگ دەناسرێن.
دایکانی داغدار پێکهاتووە لەو دایکانەی منداڵەکانیان لە خۆپیشاندانە جیاوازەکانی دژبە کۆماری ئیسلامیدا کوژراون یان بێسەروشوێن بوون، هەرەها ئەو دایکانەی منداڵکانیان بەهۆکاری سیاسی لەسێدارەدراون یان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
ئەوە لەکاتێکدایە کە "عەلی خامەنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەمیشە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی بە سەلمێنەریی ڕەوایەتی حکومەتی ئیسلامی زانیوە و دەنگدانی وەک بەجێهێنانی فەرزە ئاینییەکان پێناسەکردووە.
خولی ١٣یەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان بەڕێوەدەچێت. بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە ڕۆژی ٦ی جۆزەردانەوە دەستیپێکردووە و تا ٢٦ی جۆزەردان ڕێگەپێدراوە.
کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ڕۆژی ١٥ی جۆزەردان لە یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد و وا بڕیارە ئەمڕۆ و ٢٢ی جۆزەردان لە دوو دیبەیتی ڕاستەوخۆی دیکەدا بەشداری بکەن.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە